گەورەترین گومڕایی بوون ئەو کەسەیە کـــە بـــەدونــیــــــــا گومرا دەبێــــت

بەرواری دانان :2018-10-18 ژمارەی بابەت :9

                               گەورەترین گومڕایی بوون ئەو کەسەیە کـــە بـــەدونــیــــــــا گومرا دەبێــــت


ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( گەورەترین گومرایی ئەو جۆرەیە کە مرۆڤ سەرگەردانی دونیا وخۆشیەکانی بێت و قیامەتی بیر بەرێتەوە ، تەنانەت هەندێک لە گومرایان دەڵێن : دونیا وەک پارەیەکی نەقد وایە ، بەلام قیامەت وەک قەرز وایە .


یاخود هەندێکی تر دەڵێن : دونیا پارەیەکی لەدەستە ، قیامەت پارەیەکی دوورە دەستە .


یاخود دەلێن : خۆشیەکانی دونیا لەبەر چاوە ، بەڵام خۆشیەکانی قیامەت گوماناوی و خەیاڵە.


ئەمانە لە ترسناکترین جۆرەکانی لە خشتە بردنی شەیتانە بۆ نێچیرەکانی ، بگرە ئاژەل و گیانلەبەرەکان گەلێک لەم پێڕە هۆشیارترن ، چونکە ئاژەڵ و گیانلەبەرەکان کاتێک هەستیان بە مەترسی کرد بە زۆریش لێیان بدەیت بەرەو رووی نارۆن ، بەڵام ئەمانە ڕووبەڕووی  هەلدێر و تیاچوون هەنگاو دەنێن بەشێوەیەکی مڵ هوڕانە.


وە ئەوانە کە زانیارییان هەیە و ئاگادارن بەڕاستی خودا و پێغەمبەرەکانی و مڵ هوڕانە بە دونیا سەرگەردان بونە ، لە رۆژی قیامەت دا شەرمەزارترین پێڕن کە ئەم هەموو ڕاستی یەیان زانیوە و کاریان بۆ نەکردووە .


وەلام دانەوەی ئەم گومانانە :


ئەو ووتەیەی کە دەلێت : ( پارەیەکی بەدەست نەک پارەیەکی دوورە دەست ) .


وەلامەکەی : ئەگەر بڕ و بەها و نرخ و سەنگی پارەی دوورە دەستەکە و پارەی دەستەکە هاوسەنگ بوون و وەک یەک بوون ، ئەوا بێگومان پارەی بە دەستەکە "دونیاکە" باشترە و چاکترە ، بەڵام ئەگەر پارەی دوورە دەستە نرخ و بەها و سەنگی زۆرتر و باشتر بوو ئەوساتە بێگومان پارەی دوورە دەستەکە باشترە ، جا دونیا لە چاو قیامەت دا چ نرخ و بەهایەکی هەیە ؟ 


وە ژیانی دونیا بەهەموو خوشی یەکانی یەوە وەک هەناسەیەکی قیامەت وایە ، هەروەکو لە مسندی امام احمد دا هاتوە لە فەرموودەی"المستورد بن شداد" کە پێغەمبەر [صل الله علیه وسلَّم] دەفەرمویت : (( ماالدنیا فی الٲخرة ٳلا كما یدخل ٲحدكم اصبعه فی الیم،فلینظر بم یرجع ؟ )) واتە: نمونەی کەم بایەخی و بچوکی دونیا لە چاو قیامەت دا وەک نمونەی کەسێکە کە پەنجەی دەستی بکاتە ناو ئاوێکەوە پاشان دەری بهێنیت ، ئایا چەندی پێ یە لەو ئاوە و چی هێناوە لەگەل خۆیدا ؟


جا بەقوربان کردنی پارەی دوورە دەستە باشەکە بۆ پارەکەم بەدەستە کە چ گەوجی و نەفامی یەکە ، بە واتایەکی تر لەدەست دانی قیامەتێکی هەتا هەتایی و پر لە خۆشی و بەختەوەری و هەمیشەیی بۆ تەمەنێکی کەم و پڕ لە ناسۆر و دەردەسەری خۆشیەکی کاتی ....... کامیان جێگەی هەلسەنگاندنی ژیرو عەقلە؟!


بەلام ووتەکەی تر کە پوختەکەی دەلێت : (( شتێکی دڵنیایی ، بەشتێکی گوماناوی ناگورمەوە )).


واتە دونیا دڵنیایی یە وقیامەت و خۆشیەکانی جێگای گومانە...


ئەوە پێی دەوترێت : تۆ لەم دوو حاڵەتە بە دوور نیت ، یان گومانت لە بەڵێن و پەیمانەکانی خودای گەورە و پێغەمبەرەکانی هەیە سەبارەت بەقیامەت ، یاخود دڵنیایی یەکی تەواوت پێی هەیە ، بە چ ژیری و هۆشیاری یەکەوە دەست بەرداری قیامەتێک و خۆشیەکی نەبڕاوە دەبیت بۆ چەند ڕۆژیکی کورت و کاڵی دونیا؟!


وە ئەگەر گومان و دوو دڵیت هەیە ئەوا دەست بە جێ بکەوەرە پیا چوونەوە و وردبوونەوەو لێکدانەوەی ئایەتەکانی خوای گەورە کە باس لە بوون تاکێتی و هێز و توانا دەکات ، تابە تەواوی ڕاستی و دڵنیایت بۆ دروست بێتەوە.


جا لە ژیر و هزری هیچ کەسێک جێگەی نابێتەوە وەبڵێت خوایەکی بەتوانا و بڵند و بەدەسەڵات دانا و زانا و بیسەر و بینەر....دەست بەرداری ئەم هەموو ژیان و دونیایە  دەبێت ، لێ پرسینەوەو پاداشت و سزا ئەنجام نەدات. ئەم حالەتە مەحاڵە بۆ پادشایەکی ئادەمیزادی بۆ ولاتەکەی ، جا چۆن شیاوی گەورەیی خودای مەزنە و بە دانایە ، جا ئەگەر مروڤ بە وردی لە دروست بوونی خۆی وورد بێتەوە کە لە دلۆپێک ئاوەوە بۆ ئەم ڕێک و پێکی یەی کە ئێستا هەیەتی ، کێ ئەم هەموو گرنگی یە و چاودێری یەی کردووە ، قۆناغ بە قۆناغ گەشەی پێ کردووە  تا بووەتە ئەم مرۆڤە ، جا چۆن خودا  دروست کراوێکی وا مەزنی خۆی پشت گوێ دەخات و ماف و سنوور و ئەرکی بۆ دیاری ناکات ؟ جا ئەگەر بە چاوی تێ ڕامانەوە تەماشای چوار دەوری خۆمان بکەین لەوانەی کە دەیان بینین و لەوانەی کە نایانبینین هەر هەموو ئەمانە بەلگەی تاک و تەنیایی و ڕاستی خودا ناسەڵمێنن کە "قورئان" ووتەی خودایە ؟! کە خوای گەورە بۆ ئەم حالەتە دەفەرمووێت : (( فلا ٲقسم بما تبصرون٭وما لا تبصرون٭ٳنه لقول رسول كریم.....الحاقة:۳٨-٤٠ )) 


واتە : سوێند بێت ئەوەی کە دەیبینن و وە ئەوەی کە نابینن ئەمە ووتەی خوای گەورەیە.


هەروەها بەلگەی زۆرمان هێنایەوە لەسەر ئەم بابەتە ، تەنانەت خودای گەورە دەرمووێت : (( وفی ٲنفسكم ٲفلا تبصرون...الذاریات۲۱)) 


واتە : بەلگەکانمان لە دەروونی خۆتانیشدا هەیە ، ئایا نابینی بەتەنها مرۆڤ  بەلگەی لەسەر تاکی و دانایی خوای گەورەیە.


گومرابوونی مرۆڤەکان بۆ دوو هۆکار دەگەرێتەوە کە ئەویش هۆکاری بەڕاست زانین و دڵنیا بوونە بە بوون ، یاخود درۆ کردن و گومان بردنە . )) الداء والدواء 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ