سەردێری پرسیار:ئافرەتێکم خۆش دەوێ بەڵام نەبووە قسمەت ، ئایا دەبێتە خێزانی من لە بەھەشت چونکە زۆرم خۆش دەوێ ؟

بەرواری دانان :2019-01-28 کۆدی پرسیار:1009

پرسیار:

پرسیار : ئافرەتێکم خۆش دەوێ بەڵام نەبووە قسمەت ، ئایا دەبێتە خێزانی من لە بەھەشت چونکە زۆرم خۆش دەوێ ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن خۆشەویستی ئافرەت دەچێتە ناو دڵی مرۆڤ حالەت ھەیە تاوانبار دەبێت و حالەتیش ھەیە ھیچی لەسەر نییە :

(١) ئەگەر خۆشەویستی ئافرەت بچێتە ناو دڵی بێ ئەوەی ھەوڵی دابێت بە ڕێگای حەڕام ، ئەوە ھیچی لەسەر نییە و تاوانبار نابێت .

(٢) ئەگەر خۆشەویستی ئافرەت بچێتە ناو دڵی بە ڕێگای حەڕام ، وەک نەزەر کردن و قسە لەگەڵ کردن و شتی تر ، ئەوە تاوانبار دەبێت و واجبە لەسەری تەوبە بکات .

ئەگەر بۆت گونجا زەواج بکەی ئەوە دوای مەخە و دەست پێش خەری بکە ، ئەگەر نە گونجا پێویست ناکات خۆت پەیوەست بکەیت بە شتێک مەحال بێت ، وە ئەگەر ئافرەت شووی کردبێت بە کەسێکی تر نابێت مرۆڤ پەیوەست بێت بەو ئافرەتە و حەز بکات ببێتە خێزانی لە بەھەشت ، چونکە حەسوودی تێدایە ئەویش ئەوە حەز دەکەی ئەو ژن و پیاو لێک جیا ببنەوە لە دونیا بۆ ئەوەی بۆ تۆ بێت ، حەسوودیش یەکێکە لە تاوانە گەورەکان .

ئەصل وایە ئافرەت لە بەھەشت بۆ ئاخر ھاوسەری دونیاییە ، لەبەر وتەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( أيما امرأة تُوفي عنها زوجها ، فتزوجت بعده ، فهي لآخر أزواجها )) رواه الطبراني وغيره، وصححه الألباني رحمه الله في "صحيح الجامع" (2704) وفي "السلسلة الصحيحة" (1281) .

ئەگەر ئافرەت لە دونیا یەک شووی کردبێت ، دەچێتە بەھەشت لەگەڵی دەبێت .

موسلمان دەبێت تەقوای خوا بکات و حەسوودی بە برای خۆی نەبات ، چاوی لە ناموسی خەلک نەبێت ، ئەمە یەکێکە لە ناشرینترین ڕەوشتەکان کە چاوت لە خێزانی خەلک بێت و دڵت پەیوەست بێت بەو ئافرەتە ، لە بەھەشت خۆشی وایە ھەیە ھیچ چاوێک نەی بینیووە و ھیچ گوێیەک گوێی لێ نەبووە و بەسەر دڵی کەس دا نەھاتووە ، خۆشترین نیعمەت لە بەھەشت بینینی خوای گەورەیە ، داوا کردنی بەھەشت و ڕزگار بوون لە ئاگری دۆزەخ و داواکردن یان پەیوەست بوون بە بینینی خوای گەورە باشترین شتە خۆتی پێوە سەرقال بکەی .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام