پرسیار : حوکمی ئەو کەسە چییە ئێستا بانگەشەی ئەوە دەکات دەڵێت : من ئیمام مەھدی کۆتایی زەمانم ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن ئیمام مەھدی کەسێکە لە ئومەتی محمد لە کۆتایی زەمان دێت ، وە چەند سیفەتی ھەیە کە فەرموودەی ڕاست لەسەری ھاتوون :
(١) مناڵی فاطیمەی كچی پێغەمبەرە درود و سەلامی خوای لێ بێت ، لە نەوەی حەسەنی کوڕی عەلی یە خوا لێی ڕازی بێت ، ناوی محمدی کوڕی عبداللە یە .
(٢) زەوی پڕ دەکات لە دادپەروەری .
(٣) حەوت ساڵ دەمێنێتەوە یان ھەشت ساڵ ، خێر و بەرەکەت زۆر دەبێت لەسەردەمی .
(٤) لەکۆتایی زەمان دەردەچێت لەگەڵ دابەزینی عیسا درود و سەلامی خوای لێ بێت .
(٥) خوای گەورە ئیسلام و موسلمانان پێی سەردەخات ، وە عیزەت و سەربەرزی لەسەر زەوی بۆ ئیسلام دەبێت .
(٦) لە بیت الحرام دەمێنێتەوە .
(٧) خۆی بانگەشەی ئەوە ناکات بڵێت من مەھدی کۆتایی زەمانم ، بەڵکو خەلک بەیعەتی پێ دەدەن .
(٨) عیسا درود و سەلامی خوای لێ بێت نوێژی بەدوای دەکات .
ھەر کەسێک ئێستا بانگەشەی ئەوە بکات من مەھدی کۆتایی زەمانم ئەوە درۆ دەکات و لە درۆزنەکانە ، ھەروەک چۆن چەندین درۆزنی تر پێش ئێستا ئەم بانگەشەیەیان کردووە ، بەڵام لەگەڵ ئەمەش ناتوانین بڵێین تووشی کوفری گەورە بووە تەنھا بە بانگەشەی ئەوە کردن کە من محمد مھدیم ، موسلمان دەبێت پەلە نەکات و ژیرانە بیر بکاتەوە و بە قسەی خەلک ھەلنەخەلەتێت ، دەبێت پرسیار لە ئەھلی علم بکات و گوێڕایەلی زانایان بکات .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net