پرسیار : ڕاڤەی ئەم فەرموودەیە چییە : عن ابن عباس رضي الله عنهما : (( أن رسول الله صلى الله عليه وسلم لما بعث معاذاً إلى اليمن قال: إنك تأتي قوماً من أهل الكتاب ، ..... )) ؟
وەڵام : عن ابن عباس رضي الله عنهما : (( أن رسول الله صلى الله عليه وسلم لما بعث معاذاً إلى اليمن قال: إنك تأتي قوماً من أهل الكتاب، فليكن أول ما تدعوهم إليه شهادة أن لا إله إلا الله -وفي رواية : إلى أن يوحدوا الله- فإن هم أطاعوك لذلك فأعلمهم أن الله افترض عليهم خمس صلوات في كل يوم وليلة، فإن هم أطاعوك لذلك فأعلمهم أن الله افترض عليهم صدقة تؤخذ من أغنيائهم فترد على فقرائهم، فإن هم أطاعوك لذلك فإياك وكرائم أموالهم واتق دعوة المظلوم فإنه ليس بينها وبين الله حجاب ))
واتە : ابن عباس خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : کاتێک پێغەمبەر خوا موعازی نارد بۆ یەمەن لە ساڵی دەی کۆچی پێی فەرموو : (( تۆ دەڕۆیت بۆ لای قەومێک کە خاوەنی کتابن " واتە خاوەنی تەوڕات و ئینجیلن " یەکەم شت کە بانگیان دەکەیت بۆی با شاھیدی لا إلە إلا اللە بێت ، لە ڕوایەتی تر دا دەفەرمووێت " بانگیان بکە بۆ ئەوەی تەنھا خوا بپەرستن " جا ئەگەر لەوەدا گوێڕایەلیانی کردی ، ئەوا پێیان ڕابگەیەنە کە خوا پێنج نوێژی لەسەریان فەرز کردووە لە شەو ڕۆژێکدا ، جا ئەگەر لەوەشدا گوێڕایەلیان کردیت ، ئەوا پێیان ڕابگەینە کە خوا زەکاتی فەرز کردووە لەسەریان ، لە دەولەمەندەکان وەردەگریت و دەدرێتەوە بە ھەژارەکان .
ئەگەر لەمەشدا گوێڕایەلیان کردیت ، ئەوا خۆت بپارێزە لە سەروەت و سامانە فرە جوانەکان ، وە خۆشت بپارێزە لە دوعای ستەم لێکراو ، چونکە لە نێوان دوعای ستەم لێکراو و خوا ھیچ ڕێگرێک نییە .
" بعث معاذا " واتە موعازی نارد ، ئەمەیان سالی دەی ھیجری بوو مانگی ربیع الأول ، پێش مردنی پێغەمبەر سالێک ، موعاز نێردرا بۆ یەمەن وەک بانگخواز و مامۆستا و حاکم ، بۆ ئەوەی بانگیان بکای بۆ لای خوا و فێریان بکات و حوکم لە نێوانیان دا بکات .
" إلی الیمن " پێی دەلێن یەمەن چونکە دەکەوێتە لای ڕاستی کەعبە .
" صدقة " واتە : زەکات ، نەک مەبەست پێی خێری سونەت بێت ، چونکە دەفەرمووێت : " افترض " واتە واجب کراوە لەسەرتان .
" تؤخذ " بە شێوەی مبنی للمجھول باس کراوە ، ئەوەی وەردەگرێت یان ئیمامە یان جێگرەکەیەتی یان ئەوەی نێردراوە بۆ زەکات .
ڕیوایەت ھاتووە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( اتَّقُوا دَعْوَةَ الْمَظْلُومِ وَإِنْ كَانَ كَافِرًا فَإِنَّهُ لَيْسَ دُونَهَا حِجَابٌ )) أخرجە احمد (١٢١٤٠) ، و حسنە الالبانی ، واتە : خۆتان لە دوعای زولم لێکراو بپارێزن ئەگەر کافریش بێت .
ســــــــوودەکانی ئـــەم فەرموودەیە :
سوودی یەکەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە بۆ ناردنی بانگخواز بۆ ولاتانی تر بۆ بانگەوازی کردن ، کە ئەمە سونەتی پێغەمبەر بووە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بەلگەیە بۆ ناردنی بانگخواز بۆ بانگەوازی کردن بۆ لای خوا ، لەبەر : " بعث معاذا الى اليمن " ئایا ناردنی بانگخواز واجبە ؟
وەلام / بەلێ ، بەلام فرض الکفائی یە ، چونکە لەسەر موسلمان واجبە ئیسلام بگەیەنن ، بەمە ھەستان لە بابەتی فرض الکفایەیە ، واجبە لەسەر کار بەدەستەکان بانگخواز بنێرن بۆ ولاتان بۆ بلاو کردنەوەی ئیسلام . )) فتح ذى الجلال والإكرام ج٦ لاپەڕە ٢١
سوودی دووەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە دەبێت بانگخواز شارەزا بێت بە حالی ئەو کەسەی لە بانگەوازی لەگەڵ دەکات ، بۆ ئەوەی خۆی ئامادە بکات و وەلامی شوبھەکانی بداتەوە ، ھەر بۆیە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بە موعازی فەرموو تۆ دەڕۆیت بۆ لای قەومێک ئەھلی کتاب ، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆ دەچیتە لای خەلکانێک شارەزان و خۆتی بۆ ئامادە بکە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( " من " بە مانای بیان دێت ، مەبەست بە کتاب تەوڕات و ئینجیلە ، کەواتە مەبەست بە ئەھلی کتاب گاور و جوولەکەیە ، ئەوان زۆرینەی خەلکی یەمەن بوون ئەو کات ، وەلەو لە یەمەن موشریکیشی لێ بوون ، بەلام زۆرینەیان گاور و جوولەکە بوون ، لەبەر ئەوە ئعتیمادی خستۆتە سەر زۆرینە ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت پێی فەرموو لەبەر دوو شت :
(١) شارەزا بێت بە حالی ئەو کەسەی بانگەوازی لەگەڵ دەکات .
(٢) خۆی بۆیان ئامادە بکات ، چونکە ئەوان ئەھلی کتابن و زانستیان لە لایە . )) القول المفید .
سوودی سێیەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە بۆ سووری پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت لەسەر بلاو کردنەوەی ئیسلام ، لەبەر ئەوەی بانگخوازی ناردووە بۆ ولاتانی تر .
سوودی چوارەم : ئەم فەرموودە بەلگەیە کە یەکێک لە مەرجەکانی موسلمان بوون وتنی وشەی شایەتوومان ھێنانە بە زمان .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەر کەسێک بە دڵ ئیسلامی لای ڕاست بێت ، وە بەزمان نەلێت : أشھد أن لا إلە إلا اللە ، ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : ئەو کەسە موسلمان نییە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان ھەتا بە زمان دەلێت ، چونکە وشەی شایەتوومان ھێنان بەلگەیە لەسەر خەبەر ، وە خەبەریش دەربڕین بەزمان لەخۆی دەگرێتەوە ، دەبێت ئیلا بە دەربڕین بوترێت ، تەنھا نییەت نابێت ، سوودی نییە لە لای خوای گەورە ھەتا دەردەبڕێت ، وە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بە مامی خۆی ئەبو تالیبی وت : " قل " واتە : بلێ بە زمان ، نەی فەرموو : شایەتی بدە بە دڵ بۆ لا إلە إلا اللە . )) القول المفید .
زانایان سەبارەت بە پێناسەی ئیمان دەلێن :
الٳیمان : اعتقاد بالقلب ، وقول باللسان ، وعمل بالجوارح ، یزید بالطاعة ، وینقص بالمعصیة .
ئیمان : واتە باوەڕهێنانە بە دڵ ، وە گوتنی وشەی شایەتوومانە بە زمان ، وە کردنی کردەوەیە بە ئەندامەکانی لاشە ، وە ئیمان زیاد دەبێت بە کردەوەی باش و کەمیش دەبێت بە تاوان کردن .
هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەم پێناسەیە ، وە کردەوەی ئەندامەکانی لاشەش " عمل الجوارح " مەرجی دروستی ئیمانە نەک مەرجی تەواوی ئیمانە .
خەلک لە ئیمان هێنان و ئیمان نەهێنان ئەم پێنج حالەتانەن :
حالەتی یەکەم : هەر کەسێک ئەم دینەی لای ڕاست بێت و بە دڵ باوەڕی بە پێغەمبەر هەبێت ، وە توانای وتنی وشەی شایەتوومانی هەبێت ، بەلام شایەتوومان نالێت ئەمە نەبۆتە ئیماندار ئەگەر کردەوەش بکات " واتە : بەدل باوەری هەبووە و وە کردەوەشی کردووە بە لاشە بەلام بە زمان شایەتوومانی نەهێناوە " .
حالەتی دووەم : هەر کەسێک ئەم دینەی لای ڕاست نەبێت بەدڵ باوەڕی بە پێغەمبەر نەبوو ، بەلام وشەی شایەتوومانی هێناو وە کردەوەشی کرد ، ئەمەیان ئیماندار نییە دووڕووە " واتە : بە دڵ باوەری نەبووە بەلام شایەتوومانی هێناوە و کردەوەشی کردووە " .
حالەتی سێیەم : هەر کەسێک ئەم دینەی لای ڕاست نەبێت بەدڵ باوەڕی پێی نییە ، وشەی شایەتوومانیش ناهێنێت ، وە کردەوەش ناکات ئەمە ئیماندار نییە (واتە بە دڵ باوەڕی نەبووە و وە شایەتوومانیشی نەهێناوە و کردەوەشی نەکردووە ).
حالەتی چوارەم : هەر کە سێک ئەم دینەی لای ڕاست بێت بە دڵ وە باوەڕی بە پێغەمبەر هەیە و شایەتوومان دەهێنێت وە کردەوەش دەکات ، ئەمەیان ئیماندارە " واتە : بە دڵ باوەڕی هەبووە و بە زمانیش شایەتوومانی گوتووە و وە کردەوەشی کردووە . " .
حالەتی پێنجەم : هەر کەسێک ئەم دینەی لای ڕاست بێت بە دڵ باوەڕی بە پێغەمبەر هەبێت ، وە بە زمان شایەتوومان بهێنێت ، بەلام هیچ کردەوەی نەکردووە ، مەبەستمان لە کردەوە ئەوەیە هیچ لە چوار ڕوکنەکانی ئیسلامی نەکردووە ، ئەمەیان موسلمان نییە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان ، کەواتە خەلک لە کردەوەی لاشە و کردەوەی دیار ئەم چوار حالەتانەن :
(١) کەسێک هەر چوار ڕوکنی ئیسلام تەرک دەکات دوای شایەتوومان ھێنان ، ئەمەیان ئیجماع هەیە کە موسلمان نییە ، ئەگەر ڕاست گۆ بوایا ئیمانەکەی پاڵی پێوە دەنا یەکێک لە چوار ڕوکنەکان بکات .
(٢) کەسێک تەنها نوێژ دەکات ، ئەمە موسلمانە ، چونکە هەر چوار ڕوکنی ئیسلامی پێکەوە تەرک نەکردووە.
(٣) کەسێک تەنها ڕۆژوو دەگرێت و زەکات دەدات ، دەلێین لە بابەتی ئیمان ڕزگار بووە چونکە هەر چوار ڕوکنی تەرک نەکردووە ، بەلام جیاوازی هەیە ئەگەر یەکێک نوێژ بەتەواوی تەرک بکات موسلمانە یان نە .
(٤) کەسێک هەر چوار ڕوکنی ئیسلام دەکات ، ئەمەیان گومانی تێدا نییە کە ئیماندارە .
سوودی پێنجەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە دوعای کافر قبوول دەبێت ، چونکە دەفەرمووێت : " خۆت لە دوعای زولم لێکراو بپارێزە ئەگەر چی کافریش بێت . "
زانایان دەلێن دوعا دوو جۆرمان هەیە :
جۆری یەکەم / دعاء العبادة : وەک نوێژ یان ڕۆژوو یان مال بەخشین یان هەر کردەوەیەکی تر ، ئەمەیان قبول نابێت .
جۆری دووەم / دعاء المسٲلة : دوعا کردن لەخوا بۆ دونیا یان قیامەت ، بۆ قیامەت چوونە بەهەشت قبول نابێت ، بەلام بۆ دونیا دوو وتە هەیە :
یەکەم // زۆربەی زانایان دەلێن دوعای کافر قبول دەبێت بەلام بۆ دونیا نەک بۆ قیامەت ، واتە دوعای چوونە بەهەشت و ڕزگار بوون لە سزا قبول نابێت، بەلگە :
(ٲ) خوای گەورە دوعای شەیتانی قبول کردووە : (( قال رب فٲنظرنی الی یوم یبعثون )) واتە : خوایە بمهێلەوە هەتا ڕۆژی دوای ڕۆژی زیندوو بوونەوە .
کەواتە ئەگەر دوعای شەیتان قبول بێت کە ئیمامی کافرەکان ، کافر لەپێشترن دوعایان قبول بێت .
(ب) چەند ئایەت هاتوون لە قورئان موشریکەکان لە ناو دەریا دوعایان تەنها لەخوا دەکرد کاتێک ڕزگار دەکران لەو نەخۆشییانە ، دوعایان قبول دەبوو پاشان دەگەڕانەوە بۆ سەر شیرک .
(ج) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( ٲمن یجیب المضطر ٳذا دعاه.....)) [ النمل : ٦٢ ] ، واتە: کێیە وەلامی دوعای لێ قەوماو ئەو کەسانە دەداتەوە کە تووشی ناخۆشی بوون.
(د) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( اتَّقُوا دَعْوَةَ الْمَظْلُومِ وَإِنْ كَانَ كَافِرًا فَإِنَّهُ لَيْسَ دُونَهَا حِجَابٌ )) أخرجە احمد (١٢١٤٠) ، و حسنە الالبانی ، واتە : خۆتان لە دوعای زولم لێکراو بپارێزن ئەگەر کافریش بێت
ئەمە بەلگەیە و ڕوون و ئاشکرایە کە کافر دوعا قبول دەبێت .
دووەم // هەندێک زانا دەلێن دوعای کافر بە هیچ شێوەیەک قبول نابێت ، کە ئەمە وتەی ابن عاشورە ، .... ھتد ، بەلگە :
(ٲ) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وما دعاء الکافرین ٳلا فی ضلال )) [ الرعد : ١٤ ] .
واتە: دوعای کافر هیچ نییە ئیلا گومڕای نەبێت و لەناو گومڕایدان ، دوعای قبول نابێت، دەلێین بەلام لێرە مەبەست پێی دوعای عیبادەتە.
(ب) دوعای موسلمان قبول نابێت ئەگەر حەرامی خواردبێت ، ئەی چۆن هی کافر قبول دەبێت کە کوفری کردووە و وە حەڕامیشی خواردووە .
وە دەلێن دوعای شەیتان قبول نەبووە بەلکو خوای گەورە قەدەری نووسیبوو کە شەیتان هەر دەمێنێتەوە ، جا دوعای بکردبا یان نەکردبا هەر دەماوە تا ڕۆژی دوای ، وە بۆ کافریش هەمان شێوە دەلێن فەرموودەی باسی خۆپاراستن دەکات لە دوعای زولم لێکراو ((ولو کان کافرا)) ئەم فەرموودەیە لاوازە .
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە کافر دوعای قبول دەبێت .
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروستکراوەکان ھەموو داوا لە خوا دەکەن ئیماندار و کافر ، خوای گەورە وەلامی دوعای کافر دەداتەوە وە کافر داوای رزق و ڕۆزی لە خوا دەکات خوای گەورە پێی دەدات ، ........ )) "مجموع الفتاوى" (1/206) .
ھەروەھا دەفەرمووێت : (( وەلام دانەوەی دوعای دوعاکاران گشتییە خوای گەورە وەلامی دوعای لێ قەوماو دەداتەوە وە زولم لێکراو ئەگەر کافریش بێت . )) "مجموع الفتاوى" (1/223) .
ئەوەی گرینگ بێت ئەوەیە کە دوعای هەرکەسێک لە دونیا یەکسەر قبول بێت نیشانەی ئەوە نییە کە ئەو کەسە باشە و ڕێگای ڕاستە، بەلکو دەبێت تەماشای بیرو باوەرو کردەوەی بکەی ، کە چەند موسلمان گومرا بوونە لەبەر قبول بوونی دوعا دەلێت ئەوە نەبوو دوعای قبول بوو ؟!
ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( هەرکەسێک دوعای قبول بێت نیشانەی ئەوە نییە خوای گەورە لێی ڕازییە وخۆشی دەوێت ، چونکە خوای گەورە دوعای مرۆڤی باش و خراپ و موسلمان و کافر قبول دەکات . )) "إغاثة اللهفان" (1/13)
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەر کەسێک خوای گەورە رزقی پێی دا و بە خۆشی ژیاندی یان سەری خست بە دوعا قبول بوون یان بێ دوعا سەری خست مانای وا نییە کە خوای گەورە خۆشی دەوێت و پشگیری دەکات ، بەلکو خوای گەورە ڕزق و ڕۆزی دەدات بە ئیماندار و کافر و باش و خراپ ، دوعایان قبوول دەکات و ئەوەیان پێ دەدات کە داوای دەکەن بۆ دونیا ، بەلام لە ئاخیرەت ھیچ پاداشت بۆیان نییە . )) "اقتضاء الصراط المستقيم" ص89
لەوانەیە یەکێک بلێت بۆچی خوای گەورە دوعای کافر قبول دەکات کە تووشی شیرک بووە وە حەڕامیش دەخوات ، بەلام هی موسلمان قبول ناکات چونکە تەنها حەرامی خواردووە ؟
وەلام / زانایان دەلێین خوای گەورە دۆستی ئیماندارانە و ئیمانداری خۆشی دەوێت ، بۆیە نایەوێت موسلمان حەڕام بخوات دوعای قبول ناکات هەتا بگەڕێتەوە ، بەلام کافر بە پێچەوانەوە دوعای قبول دەکات کەچی کوفری کردووە و حەڕامیش دەخوات بۆئەوەی زیاتر ڕایبکێشیت هەستی پێی نەکات و سزای تووندتر بێت .
زانایان دەلێن قبول نەبوونی دوعا یەکسەر مەرج نییە دوعاکە قبول نەبوو بێت ، چونکە دوعای موسلمان یان یەکسەر قبول دەبێت یان بەبەر بەلایەک دەکەوێت واتە بەلای پێ لادەچێت بەسەبەب دوعا یان بۆ قیامەت سوودی لێ دەبینێت .
پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : ( مَا مِنْ مُسْلِمٍ يَدْعُو بِدَعْوَةٍ لَيْسَ فِيهَا إِثْمٌ وَلَا قَطِيعَةُ رَحِمٍ إِلَّا أَعْطَاهُ اللَّهُ بِهَا إِحْدَى ثَلَاثٍ : إِمَّا أَنْ تُعَجَّلَ لَهُ دَعْوَتُهُ ، وَإِمَّا أَنْ يَدَّخِرَهَا لَهُ فِي الْآخِرَةِ ، وَإِمَّا أَنْ يَصْرِفَ عَنْهُ مِنْ السُّوءِ مِثْلَهَا ) أخرجه أحمد (10749) وصححه الألباني في " مشكاة المصابيح " (2199) .
سوودی شەشەم : زۆربەی زانایان ئەم فەرموودەیە دەکەن بەلگە کە تەنھا ئەم پێنج نوێژە واجبن ، واتە ویتر و نوێژی جەژن و تحیە المسجد و نوێژی خۆر گیران و مانگ گیران ھەموویان سونەتن .
سوودی حەوتەم // ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە زەکات لەسەر ھەژار واجب نییە ، بەلکو لەسەر دەولەمەند واجبە .
سوودی ھەشتەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە دروستە تەنھا زەکات بدەیت بە ھەژار ، مەرج نییە ئیلا بدەیت بەو ھەشت کەسانەی خوای گەورە لە قورئان باسی کردووە .
خوای گەورە دەفەرمووێت : (( إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ )) (التوبة:60)
واتە : زەکات ھەر بۆ ھەژار و بێ نەوایان و کرێکارانی کۆکەرەوەی زەکات و بەوانەی ئومێد ھەیە لە ئاییندەدا دڵیان بە ئیسلامەوە ھۆگربێ ، وە بۆ ئازادکردنی بەندە و ئەسیرەکان وە بۆ قەرزارەکان و ئەوانەی لە پێناو خوای گەورە دەجەنگن و وە بۆ ڕێبوارەکان ، ئەمە شتێکە خوای گەورە دیاری کردووەو بڕیاری لەسەر داوە و خوا زانایە و کار بەجێ و لە کارزانە .
صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( ئەمە بەلگەیە زەکات بۆ دەولەمەند حەلا نییە ، وە دروستە زەکات تەنھا بدەیت بە یەکێک لەو ھەشت کەسانەی خوای گەورە باسی کردووە ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی بدە ھەژارەکان کە مسکینش داخل دەبێت . )) إعانة المستفيد .
سوودی ھەشتەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە حەڕامە زەکات بدەیت بە دەولەمەند ، بەلام خێری سونەت دروستە بدەیت بە دەولەمەند بە یەک دەنگی ھەموو زانایان .
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : ((خێری سونەت بۆ دەولەمەند حەلالە بێ ئەوەی جیاوازی ھەبێت لەنێوان زانایان ، دروستە خێریان پێ بکەیت و پاداشت لەسەری وەردەگری ، بەلام بدەیت بە کەسێکی پێویست باشترە ، ..... )) "المجموع" (6/236).
ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەموو ئەوانەی حەڕامە زەکاتیان پێ بدەیت لە دەولەمەند و نزیکەکان و کافر و بێجگە لە ئەمانە ، دروستە خێری سونەت پێیان بدەیت .)) "المغني" (2/276).
سوودی نۆیەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە زەکات دەدەیت بە موسلمانەکان و نابێت بدەیت بە کافر ئیلا ئەگەر لەو کەسانە بێت ئومێدی موسلمان بوونی ھەبێت و بۆ ئیسلام ڕابکێشی ، چونکە :
پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( تؤخذ من أغنيائهم فترد على فقرائهم )) واتە : لە دەولەمەندەکان وەردەگریت و دەدرێتەوە بە ھەژارەکان .
مەبەست پێی دەولەمەندی موسلمانە و ھەژاری موسلمانە .
صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( خێری واجب لە زەکات و بێجگە لە زەکات وەک کەفارەت و نەزر و زەکاتی سەرفترە نادرێت بە کافر ئیلا لەوانە بێت ئومێدی موسلمان بوونی ھەبێت و دڵی ڕابکێشی بۆ ئیسلام ، بەلام خێری سونەت دروستە بدەیت بە کافر ئەگەر سوودی ھەبێت وەک نزیکی خۆت یان شتی تر ، لەبەر وتەی پێغەمبەر بۆ ئەسمای کچی ئەبوبکر : (( صلي أمك )) دایکی کفر بوو .
بەلام خێری واجب نابێت بدرێت بە کافر ئیلا لەوانە بێت دڵی بۆ ئیسلام ڕابکێشی و ئومێدی موسلمان بوونی لێ چاوەڕێ دەکرێ ، لەبەر وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " تؤخذ من أغنيائهم فترد على فقرائهم " واتە ھەژاری موسلمانەکان . )) "المنتقى من فتاوى الفوزان" (2/333) .
سوودی دەیەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە یەکێک لە مەرجەکانی واجب بوونی زەکات موسلمان بوونە .
ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : ((زەکات بۆ واجب بوونی مەرجی ھەیە ، گرینگترینیان :
(١) ئیسلام : زەکات لە کافر وەرناگیرێت ، کەچی مخاطبە و لەسەریشی سزا دەدرێت .
(٢) مولکی بێت و بگاتە حەدی نصاب ، واتە بگاتە حەدی زەکات دان .
(٣) سالێکی بەسەردا تێپەڕ بووبێت ، بەلام ئەوەی لە زەوی دەردێت یان بەرھەم دێت لە کاتی بەدەست ھێنانی زەکاتی دەدرێت . )) توضیح الأحکام ج٣ لاپەڕە ٢١٠
سوودی یازدەھەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە واجبە زەکات بدەیت لە ماڵی یەتیم .
جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە زەکات دان لە ماڵی یەتیم و مناڵ و شێت ، دوو وتە ھەیە :
یەکەم // زۆربەی زانایان دەلێن زەکات دان واجبە لە مالی یەتیم و مناڵ و شێت ، کە ئەمە وتەی مالک و شافعی و ئەحمەدە ، بەلگە :
(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا )) .
(٢) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( أَعْلِمْهُمْ أَنَّ اللَّهَ افْتَرَضَ عَلَيْهِمْ صَدَقَةً فِي أَمْوَالِهِمْ ، تُؤْخَذُ مِنْ أَغْنِيَائِهِمْ وَتُرَدُّ عَلَى فُقَرَائِهِمْ ) رواه البخاري (1395) .
(٣) عَنْ عَمْرِو بْنِ شُعَيْبٍ عَنْ أَبِيهِ عَنْ جَدِّهِ أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خَطَبَ النَّاسَ فَقَالَ : ( أَلا مَنْ وَلِيَ يَتِيمًا لَهُ مَالٌ فَلْيَتَّجِرْ فِيهِ وَلا يَتْرُكْهُ حَتَّى تَأْكُلَهُ الصَّدَقَةُ )) رواه الترمذي (641) ، وهو حديث ضعيف ، ضعفه النووي في المجموع (5/301) والألباني في ضعيف الترمذي . وقد ثبت ذلك من قول عمر رضي الله عنه ، رواه عنه البيهقي (4/178) وقال : إسناده صحيح . وأقره النووي على تصحيحه كما في "المجموع" .
(٤) چەند ھاوەلان دەلێن واجبە ، کە ئەمە وتەی عومەر و عەلی و ابن عمر و عائیشە و جابرە ، نەزانراوە کەس پێچەوانەی ئەمانەیان کردبێت ، وەک یەک دەنگی ھاوەلان وایە .
دووەم // ئەبو حەنیفە بۆ ئەوە چووە کە زەکات لە مالی منال و یەتیم و شێت واجب نییە ، ئیلا زراعەت و بەرووبووم نەبێت واجبە زەکاتی بدەیت ، چونکە ئەمە لە مالی دیارە ، بەلگە :
(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا )) . مناڵ ھیچ تاوانی نییە ھەتا ببێتە پاککەرەوە بۆی .
(٢) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( قەلەم لەسەر سێ کەس نییە ، مناڵ ھەتا باڵغ دەبێت ، وە نووستوو ھەتا بە ئاگا دێت ، وە شێت ھەتا چاک دەبێتەوە . )) رواە أبوداود (٤٤٠٢) .
مناڵ تەکلیفی لەسەر نییە چۆن دەلێت زەکات لەسەری واجبە .
(٣) ئیسلام چاودێری مالی لاوازەکانی کردووە ، وە ھەولی ئەوەی داوە بمێنێتەوە و دەستی لێ نەدرێت ئیلا بە باشترین شێوە .
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە واجبە زەکات لە مالی مناڵ و شێیت و یەتیم بدرێت ، چونکە :
(١) بەلگەکان ڕوون و ئاشکران لە قورئان و سونەت و وتەی ھاوەلان .
(٢) پاککەرەوە تایبەت نییە بە تاوان ، بەلکو گشتی یە باسی تەربییەت دانی ڕەوشتی و تەزکییەی نەفسیش دەگرێتەوە .
(٣) قەلەم لەسەر مناڵ و شێت نییە ، واتە تاوان لەسەری نییە و شت لەسەری واجب نییە ، بەلام زەکات لە مالی منال واجبە نەک لەسەر خودی منالەکە .
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زەکات لای ئێمە واجبە لە مالی مناڵ و شێت بێ جیاوازی ، ..... )) المجموع (5/302) .
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واجبە زەکات بدرێت لە مالی یەتیم لە پارە و ئەو شتانەی بۆ بازرگانی دەخرێنە ڕوو ، ھەروەھا لە ئاژەڵ و بەربووم و دانەوێلە ، لەسەر وەلی یەتیمە زەکات بدات لە کاتی خۆی ، .... )) فتاوى ابن باز (14/240) .
سوودی دوانزدەھەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە دروستە زەکات نقل بکەیتە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر .
ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە نقل کردنی زەکات لە شارێک بۆ شارێکی تر .
شافعی و حنابلە بۆ ئەوە چوون کە نابێت نقل بکرێت بۆ دووری ئەو شوێنە کە نوێژی تێدا کورت دەکرێت لەلای ئەوان بە تەقدیری ٤٨ میلە .
بەلگەیان فەرموودەی معازی کاتێک ڕەوانەی یەمەن کرا : (( أَعْلِمْهُمْ أَنَّ اللَّهَ افْتَرَضَ عَلَيْهِمْ صَدَقَةً فِي أَمْوَالِهِمْ ، تُؤْخَذُ مِنْ أَغْنِيَائِهِمْ وَتُرَدُّ عَلَى فُقَرَائِهِمْ )) ھەژارەکان لێرە مەبەست پێی ھەژارەکانی ئەو شارەیە کە مالی تێدایە و دەولەمەندی تێدایە .
مالکی بۆ ئەوە چوون کە نابێت بۆ ماوەی کورت کردن زیاتر ، ئیلا بۆ کەسێک پێویستی پێی ھەبێت لە شارێک مالی لێ نەبێت .
ھەر سێ مەزھەبەکان یەک دەنگن لەسەر ئەوەی کە ماوەی دوری کەمتر لە ماوەی کورت کردن دروستە زەکات بۆ ئەو شوێنانە نقل بکەیت ، چونکە ئەو شوێنانەی بەم شێوە نزیکن کەمتر لە ماوەی نوێژ کورت کردن وەک ئامادەبوو حساب بۆی دەکەیت .
حەنەفی بۆ ئەوە چوون کە باش نییە نقل بکەیت ، ئەگەر نقل کردن سوودی نەبێت وەک نزیکەکان .
ئەمە وتەی ابن تیمییە کە دروستە نقل بکەیت ئەگەر سوودی ھەبێت .
بەلگەی ئەوانەی دەلێن دروستە نقل بکەیت دەلێن فەرموودەی موعاز تایبەت نییە بە ھەژارەکانی ئەو شارە ، بەلکو عامە ھەموو ھەژارەکانی موسلمانان دەگرێتەوە .
بەلگەی دووەم : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت چەند کەسی ناردووە بۆ کۆکردنەوەی زەکات ، زەکاتیان دەھێنا لە شوێنی دوور بۆ مەدینە ، وە زەکاتیان دابەش دەکرد بەسەر ھەژارەکان .
ھەتا زۆربەی زانایان کە دەلێن دروست نییە نقل بکەیت دەلێن : ئەگەر نقل کرا زەکاتی دروست و بە زەکات چووە و واجبی جێ بەجێ کردووە . )) توضیح الأحکام ج٣ لاپەڕە ٢٢٩ ــ ٢٣٠
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دیار کردنی ماوەی دووری نوێژ کورت کردن کە نابێت زەکاتی بۆ ئەو شوێنە نقل بکەیت ھیچ بەلگەی شەرعی لەسەری نەھاتوون . )) الإختیارات لاپەڕە ٩٩
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بەلێ دروستە زەکات نقل بکەیت لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر ، بەلام باشتر وایە بەسەر ھەژارەکانی ئەو شارە دابەش بکەیت ئیلا ئەگەر نقل کردنەکەی سوودی تێدا بێت ، نموونە : نزیکەکانی لە شارێکی ترن وە زەکاتیشیان پێ دەشێت ، دەتەوێ نقل بکەیت ، یان شارێکی تر زیاتر پێویستیان پێیەتی لە شارەکەی خۆیان نقل دەکات ، چونکە خەلکی شارێکی تر پێویست ترن ، ئەگەر نا باشتر وایە بەسەر ھەژارەکانی شاری خۆی دابەش بکات ، لەگەڵ ئەمەش ئەگەر نقل بکات بۆ شوێنێکی تر بێ مصلەحەت و بگات بە خاوەنی ئەوە زەکاتی داوە و لەسەری لاچووە ، چونکە خوای گەورە واجبی کردووە بۆ خاوەنی زەکات ببەیت " واتە بۆ ئەو کەسە کە زەکاتی پێ دەشێت " مەرجی دانەناوە ئیلا بۆ ئەو شارەت مالی تێدایە . )) مجموع فتاوى و رسائل الشيخ محمد صالح العثيمين المجلد الثامن عشر - باب إخراج الزكاة.
سوودی سێزدەھەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە کە دەبێت لە بانگەوازی کردن بە تەرتیب دەست پێ بکەیت ، لە گرینگترین شت دەست پێ بکەیت و پاشان بچیت بۆ شتی تر .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر یەکێک بلێت بۆچی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت باسی ڕۆژوو و حەجی نەکردووە ، کەچی ھەردووکیان ئەو کات واجب بوون ، ڕۆژوو واجب بوو لە ساڵی دووەم و حەج واجب کراوە لە ساڵی نۆ ، وە موعاز نێردراوە لە ساڵی دە ؟
وەلام : دەلێین بابەتی بانگەوازی کردن بانگ دەکرێن بۆ شتی گرینگ گرینگ ، موعاز نێردرا بۆ یەمەن مانگی ڕەبیع الأول بوو ، بۆ ڕۆژوو پێنج مانگ مابوون ، ئەگەر ئیمان لە دڵیان جێگیر بوو ئەوە ئەو کات فەرمانیان پێ دەکرێت بۆ ڕۆژوو ، واتە ئەو کات پێویستی نەدەکرد بانگیان بکەیت بۆ ڕۆژوو لەو کاتە ، ھەروەھا بۆ حەجیش ھەمان شت دەلێین ، چونکە بۆ حەج ھەشت مانگ ماوە ، حیکمەت لە باس نەکردنی ھەردووکیان کاتەکە ئەو کاتە نەبوو و پێویستی نەدەکرد .
ئەگەر بوترێ : وەلام بۆ ئێمە واجبی زەکات بۆچی باس کراوە کەچی ھێشتا کات ماوە ؟
وەلام : زەکات واجب دەبێت کاتی موسلمان بوون ، لە ڕۆژی موسلمان بوون ھەتا سالێکی تر زەکات دەدات ئەگەر ماڵی ھەبێت .
بۆ ئەوەی بزانن زەکات لە ماڵیان واجب دەبێت ، تەواو بوونی ساڵ و سوڕانەی ساڵ مەرجە بۆ واجب زەکات دان ، بەلام زەکات واجب دەبێت لەو ڕۆژەی نیساب تەواو دەبێت ، وە لەو ڕۆژەی موسلمان دەبێت ئەگەر کافر بێت . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج٦ لاپەڕە ٢٣
سوودی چواردەھەم : ئەم فەرموودەیە بەلگەیە هەر کەسێک قەرزار بێت و مالی هەبێت و مالەکەی گەیشتبێتە حەدی نیساب و سالێکی بەسەردا تێپەڕ ببێت زەکاتی مالی خۆی دەدات ئەگەر قەرزاریش بێت ، کە ئەمە وتەی ڕاستی زانایانە ، بەلگە :
(۱) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلاتَكَ سَكَنٌ لَّهُمْ واللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ )) التوبة/103 ، واتە : زەکات لە مالەکەیان وەربگرە ........
ئەمە بەلگەیە کە زەکات واجبە لە مال ، نەک وەک قەرز واجب بێت لەسەر زیمەی قەرزار .
(۲) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( أعلمهم أن الله افترض عليهم صدقة في أموالهم )) واتە : پێیان بلێ و فێریان بکە کە خوای گەورە زەکاتی واجب کردووە لە مالەکەیان .
ئەمە بەلگەیە کە زەکات واجبە لە مال نەک وەک قەرز واجب بێت لەسەر زیمەی قەرزار .
(۳) بەلگەکان گشتین و وە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت کرێکاری کۆکردنەوەی زەکاتی ناردووە ، نقل نەکراوە بە کرێکارەکانی ووت بێت سەیری بکەن ئایا قەرزارن یان نە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واجبە زەکات بدەیت لەو مالەی کە لە دەستت دایە ئەگەر قەرزاریش بیت ، لەبەر ئەوەی بەلگانەی هاتوون باسی واجبی زەکات دەکەن گشتین و هیچی جیا نەکردۆتەوە ، نەی وتووە بێجگە لەو کەسەی قەرزی لەسەرە ، ئەگەر بەلگەکان گشتی بن واجبە وەری بگری .
پاشان زەکات واجبە لە مال ، لەبەر وتەی خوای گەورە کە دەفەرمووێت : (( ( خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلاتَكَ سَكَنٌ لَّهُمْ واللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ )) التوبة/103 ، وە وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرموودەی ابن عباس کاتێک معاذ ی دەنێرێت بۆ یەمەن دەفەرمووێت : (( أعلمهم أن الله افترض عليهم صدقة في أموالهم )) ، خوا و پێغەمبەر ڕوونیان کردەوە کە زەکات واجبە لە مال نەک زیمەی مرۆڤ دایە ، وە قەرز لە زیمەی مرۆڤ دایە ، ڕووەکان لێک جیاوازن ، واجبە زەکات بدەیت لەو مالەی لە دەستت دایە ، وە قەرزیش واجبە لە زیمەی تۆ ، ......
ئەگەر قەرز کاتی دانەوەی ئێستا بێت و داوا بکرێت و ویستی بداتەوە ، ئەو کاتە دەلێین قەرز بدەوە و پاشان ئەوەی دەمێنێتەوە ئەگەر گەیشتبێتە حەدی نیساب زەکای لێ بدە .
لە عوسمان نقل کراوە لە مانگی ڕەمەزان دەیووت : (( هذا شهر زكاتكم فمن كان عليه دين فليقضه )) واتە : ئەمە مانگی زەکاتی ئێوەیە ، هەر کەسێک قەرزی لەسەرە با قەرزی بداتەوە .
ئەمە بەلگەیە قەرز ئەگەر دانەوە ئێستا بێت ، وە خاوەنەکەی بیەوێت بداتەوە ئەوا بە پێش زەکات دەخرێت ، بەلام قەرز ئەگەر بۆ ئێستا نەبێت هیچ ڕێگری نییە بۆ واجبی زەکات دان بێ گومان . )) مجموعة فتاوی ابن عثیمین ج۱٨ لاپەڕە ۳٨ ــ ۳۹
زانایان اللجنة الدائمة دەلێن : (( وتەی ڕاست ئەوەیە قەرز نابێتە ڕێگر بۆ زەکات دان ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت کرێکاری کۆکردنەوەی زەکاتی ناردووە ، نقل نەکراوە بە کرێکارەکانی ووت بێت سەیری بکەن ئایا قەرزارن یان نە . )) فتاوی اللجنة الدائمة ج ۹ لاپەڕە ۱٨۹
کەواتە زانایان دەلێن :
(۱) هەر کەسێک قەرزار بێت و مالی هەبێت واجبە زەکات بدات ئەگەر مالەکەی گەیشتبێتە حەدی نیساب و سالێکی بەسەردا تێپەڕ بووبێت .
(۲) زەکات دان واجبە لە مال نەک وەک قەرز واجب بێت لەسەر زیمەی قەرزار .
(۳) هەر کەسێک قەرزار بێت بەلام ئێستا کاتی قەرزی بێت ، وە مالی هەبێت زەکاتی لێ بکەوێت لەم حالەتە قەرز دەداتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەگەر بگاتە حەدی نیساب زەکات دەدات ئەگەر نا زەکات نادات .
(٤) هەر کەسێک قەرزار بێت بەلام ئێستا کاتی قەرزی نەبێت ، وە مالی هەبێت زەکاتی لێ بکەوێت لەم حالەتە هیچ ڕێگری نییە بۆ واجبی زەکات دان و دەبێت زەکاتی مالی خۆی بدات .
سوودی پازدەھەم : نابێت باشترین ماڵ لە خاوەنی زەکات وەربگریت ئیلا ئەگەر خۆی بییەوێت باشترین ماڵ بە زەکات ببەخشێت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net