سەردێری پرسیار: ڕاڤەی ئەم فەرموودەیە چییە : عن عمران بن حصين "أن النبي صلي الله عليه وسلم رأى رجلا في يده حلقة من صفر فقال ما هذه؟ قال: من الواهنة. قال: انزعها فإنها لا تزيدك إلا وهنا; فإنك لو مت وهي عليك ما أفلحت أبدا "

بەرواری دانان :2019-02-21 کۆدی پرسیار:1048

پرسیار:

پرسیار : ڕاڤەی ئەم فەرموودەیە چییە : عن عمران بن حصين "أن النبي صلي الله عليه وسلم رأى رجلا في يده حلقة من صفر فقال ما هذه؟ قال: من الواهنة. قال: انزعها فإنها لا تزيدك إلا وهنا; فإنك لو مت وهي عليك ما أفلحت أبدا "

دەقی وەڵام:



وەڵام : عن عمران بن حصين "أن النبي صلي الله عليه وسلم رأى رجلا في يده حلقة من صفر فقال ما هذه؟ قال: من الواهنة. قال: انزعها فإنها لا تزيدك إلا وهنا; فإنك لو مت وهي عليك ما أفلحت أبدا " رواه أحمد بسند لا بأس به".

عیمرانی کوڕی حوصەین خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت : پێغەمبەری خوا پیاوێکی بینی حەلقەیەکی صفری لەدەست دابوو ، فەرمووی : (( ئەوە چییە ؟ ))

پیاوەکە وتی : ئەوە بۆ چارەسەری لاوازی و ئازاری قۆڵە .

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی : (( لایبدە و فڕێ بدە ، چونکە ئەوە جگە لە جۆرەکانی لاوازی ھیچی ترت بۆ زیاد ناکات ، ئەگەر بمریت و ئەوەشت پێوە بێت ھەرگیز دەرباز و سەرفەراز نابیت . ))

ســــــــــــــــوودەکانی ئەم فەرموودەیە :

سوودی یەکەم : دەبێت ئەوەی ئینکاری خراپە دەکات سەرەتا لە حاڵی بپرسێت ، چونکە شت ھەیە دەبینیت خراپەیە لە ڕووەکەش دا کەچی خراپە نییە و کەسەکە مەبەستێکی تری ھەیە .

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( ئەمە بەڵگەیە واجبە ئینکاری خراپە بکەیت ، وە بەڵگەیە مرۆڤ نابێت ئینکاری شتێک بکات ھەتا مەبەستی کەسەکە دەزانێت ئەگەر شتەکە ئەو ئەگەرەی ھەبێت ، ئەگەر مەبەستی خراپەی ھەبێت دەبێت ئینکاری بکرێت . )) إعانة المستفيد

سوودی دووەم : واجبە ئینکاری خراپە بکەیت ، ئەسڵ وایە یەکسەر ئینکاری بکرێت ئیلا ئەگەر سوود لە دواخستنی ھەبێت ئەو کات دوادەخرێت .

سوودی سێیەم : ھۆکار ئەگەر شەرعی نەبێت و بە تەجڕوبە سوودی نەبێت ، ئەوە سوودی بۆ مرۆڤ نییە .

سوودی چوارەم : لەبەرکردنی حەلقە و دەزوو بۆ لادان و ھەڵگرتنی بەلا شیرکە ، چونکە دەفەرمووێت ھەرگیز سەرکەوتن بەدەست ناھێنیت .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بەڵام ئایا ئەمە شیرکی گەورەیە یان بچووکە ؟ پێشتر باسمان کرد بەگوێرەی بیروباوەڕی کەسەکەیە . ) القول المفید .

سوودی پێنجەم : ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە کە ھەموو کردەوەیەک گرینگ کۆتاییەکەیەتی .

سوودی شەشەم : ھەندێک زانا ئەم فەرموودە دەکەنە بەڵگە کە شیرکی بچووک خوای گەورە لێی خۆش نابێت ئیلا لەسەری سزا دەدرێت .

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر بمرێت و تەوبەی نەکردبێت ھەرگیز سەرکەوتن بەدەست ناھێنێت .

ئەمە بەڵگەیە کە شیرک خوای گەورە لێی خۆش نابێت ھەتا ئەگەر شیرکی بچووکیش بێت ، سزا دەدرێت لەسەری بەڵام وەک شیرکی گەورە سزا نادرێت ، لە ئاگر ھەتا ھەتایی نابێت ، بەڵام سزا دەدرێت بەگوێرەی تاوانەکەی .

دانەری کتاب لە مسائلەکان دەڵێت : " بۆ ئەمە پاڵ پشتی لە وتەی صحابە ھەیە : شیرکی بچووک گەورەترە لە تاوانە گەورەکان " ، شیرکی بچووک گەورەترە لە تاوانە گەورەکان ، چونکە تاوان ئەگەر چی گەورەن ئەگەر شیرکی نەبێ خەلەل لە عەقیدە نییە ، بەڵام شیرکی بچووک خەلەل لە عەقیدەیە ، ھەروەھا لێ خۆش بوون بۆی نییە لەسەر وتەی ڕاست ، بەڵام تاوانی گەورە لێ خۆش بوون بۆی ھەیە ، ..... )) إعانة المستفيد

سوودی حەوتەم : ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە کە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت غەیب نازانێت ، چونکە پرسیاری ئەوەی لێ کردووە : ئەمە چییە .

حامد بن محمد دەفەرمووێت : (( ئەمە بەڵگەیە کە کەس غەیب نازانێت ئیلا خوا نەبێت ، پاشان دەڵێت ئەمە بەڵگەیە کە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت حوکم دەرناکات ئیلا دوای زانست و یەقین نەبێت . )) فتح اللە الحمید المجید لاپەڕە ١٩٨ ــ ١٩٩

سوودی ھەشتەم : ھەندێک ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەڵگە کە عوزر بە نەزانین نییە لە بابەتی بیروباوەر ، کەسەکە نەیزانیووە و پێی وترا : " ھەر گیز سەرکەوتن بەدەست ناھێنی . " ، بەڵام وتەی ڕاست عوزر بە نەزانین تفصیلی تێدایە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( عوزری لێ وەرنەگیرا بە نەزانین ئەمە جێگای تێڕوانینە ، چونکە وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت : " ئەگەر بمری ئەمەت بە دەستەوە بێت ھەرگیز سەرکەوتن بەدەست ناھێنی " ئەمەیان ڕوون و ئاشکرا نییە کە بمرێت پێش زانیین ، بەلکو ڕووکەشی فەرموودەکە : " لو مت وھیي عليك ما أفلحت أبدا " ، واتە : دوای ئەوەی زانیت و فەرمانت پێکرا بە لێکردنەوەی ، ئەم بابەتە پێویستی بە تەفصیڵ ھەیە ، دەڵێین : نەزانین دوو جۆرە :

نەزانین ھەیە مرۆڤ عوزری ھەیە ، وە نەزانین ھەیە مرۆڤ عوزری نییە ، ئەگەر لە شوێنێک بێت کەمتەرخەمی بکات لە پرسیار کردن و فێر بوون ، ئەوە عوزری بۆی نییە ، جا چ کوفر بێت یان تاوان ، بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ئەمە بێت ، کەمتەرخەمی نەکردبێت و ھەوڵی داوە ، بەڵام شتەکە بەسەر خەیاڵی دا نەھاتووە کە حەڕامە ، ئەوە عوزری لێ وەردەگیرێت ، ئەگەر موسلمان بێت زیانی بۆی نییە ، ئەگەر کافر بێت ، ئەوا لە دونیا حسابی کافری لەگەڵ دەکرێت و لە قیامەتیش کارەکەی بۆ لای خوای گەورەیە لەسەر وتەی ڕاست ، تاقی دەکرێنەوە ، ئەگەر گوێڕایەلیان کرد دەچنە بەھەشت ، ئەگەر سەرپێچی یان کرد دەچنە ناو ئاگر ، .... )) القول المفید

سوودی نۆیەم : ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە کە گۆڕینی خراپە بە زمان دەبێت ئەگەر کەسەکە گوێڕایەلیت بکات ، پێویست بە گوڕینی خراپە ناکات بە دەست .

صالح ال الشیخ خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( " انزعھا " ئەمە فەرمانە ، بەڵگەیە کە گۆڕینی خراپە بە زمان دەبێت ، ئەگەر فەرمان پێکراو گوێڕایەلی فەرماندەر بێت ، ئەمەیان بەسە و پێویستی بە گۆڕینی خراپە ناکات بە دەست ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت حەقی ویلایەتی ھەیە ، دەکرا بیگۆڕێت بە دەست ، بەڵام حاڵی کەسەکەی زانیووە کە گوێڕایەلی دەکات ، پێی فەرموو : " انزعھا " پێچەوانەی نییە لە نێوان ئەمە و ئەوەی دواتر کە حوزەیفە دەزووی پچڕاندووە لە دەستی کەسێک ، ئەوە بنیات نراوە لەسەر حاڵێکی تر . )) التمھید لاپەڕە ١٠٣

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام