سەردێری پرسیار:کەسێک دوای سەلام دانەوەی یەکەم دەست نوێژی شکا ، ئایا نوێژی دروستە ؟

بەرواری دانان :2019-03-20 کۆدی پرسیار:1088

پرسیار:

پرسیار : کەسێک دوای سەلام دانەوەی یەکەم دەست نوێژی شکا ، ئایا نوێژی دروستە ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە سەلام دانەوەی دووەمی نوێژ ، دوو وتە ھەیە :

یەکەم : زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون سەلام دانەوەی دووەم سونەتە ، ھەر کەسێک یەک سەلام بداتەوە نوێژی دروستە .

دووەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون سەلام دانەوەی دووەم واجبە ، کە ئەمە وتەی حنابلەیە .

لە الموسوعة الفقهية باس کراوە دەڵێت : (( سەلام دانەوەی یەکەم بۆ دەرچوون لە حالەتی دانیشتن واجبە لەلای مالکی و شافعی و حنابلە ، حنابلە سەلامی دووەمیشیان زیاد کردووە کە واجبە ئیلا بۆ نوێژی جەنازە و سونەت نەبێت ، چونکە بەشی کۆتایی لە دانیشتنەکەیە واجبە سەلام بدەیتەوە . )) "الموسوعة الفقهية" (11/314) .

ھەندێک زانا ئیجماع نقل دەکەن کە سەلام دانەوەی دووەم سونەتە .

قرطبي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( جیاوازی نییە لەنێوان زانایان کە دەڵێن سەلام ھەیە واجبە و ھەیە سونەتە ، سەلامی دووەم واجب نییە ، ئیلا ئەوە نەبێت لە حەسەن بن حی نقل کراوە دەڵێت ھەردوو سەلام واجبن ، ئەبو جعفر دەڵێت : ھیچ وتەی زانایان نەبینیووە بۆ ئەوە چوو بن کە سەلامی دووەم واجب بێت بێجگە لە حەسەن بن حی نەبێت . )) "تفسير القرطبي" (1/ 362) .

ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەموو زانایان یەک دەنگن واجب نییە ئیلا یەک سەلام نەبێت ، ئەگەر یەک سەلام بداتەوە سونەتە بۆی سەلام بداتەوە بەرەو ڕووی ، ئەگەر دوو سەلام بداتەوە سەلامی یەکەم بۆ لای ڕاست ، وە سەلامی دووەم بۆ لای چەپ ، ئاوڕ دەداتەوە بۆ ھەموو سەلامێک ھەتا ڕوومەتی تەنیشت خۆی دەبینێت ، ئەمە ڕاستە . )) شرح صحیح مسلم ج٥ لاپەڕە ٨٣ .

ابن رجب ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوانەی دەڵێن دوو سەلام زۆربەیان بۆ ئەوە چوون ئەگەر یەک سەلام بداتەوە نوێژی دروستە ، ابن منذر ئیجماع نقل دەکات لە ئەھلی علم . )) "فتح الباري" لابن رجب (5 /213) .

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر یەک سەلام بدەیتەوە ئایا دروستە یان نە ؟

وەلام : ئەمەشیان جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان ، ھەندێکیان دەڵێن : دروستە ، وە ھەندێکی تر دەڵێن دروست نییە ، وە ھەندێکی تر دەڵێن : دروستە بۆ نوێژی سونەت بێجگە لە نوێژی واجب .

ئەمە سێ وتە بوون ، بۆ دڵنیایی باشتر وایە دوو سەلام بدەیتەوە ، چونکە ئەگەر دوو سەلام بدەیتەوە کەس لە زانایان نەیان گوتووە نوێژی بەتالە ، ئەگەر یەک سەلام بدەیتەوە ھەندێک زانا دەڵێن نوێژی بەتالە ، .... )) السرح الممتع ج٣ لاپەڕە ٢١١-٢١٢ .

ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەلام دانەوە ڕوکنێکە لە ڕوکنەکانی نوێژ ، نوێژ دروست نییە ئیلا سەلام بدەیتەوە ھیچ شتێک جێگای ناگرێتەوە ، کەمترین شت ئەوەیە بڵێی : السلام علیکم ، ئەگەر پیتێک لە پیتەکان نەڵێت ئەوە سەلامی دروست نییە . )) المجموع ج٣ لاپەڕە ٤٧٥ .

پوختەی وەڵامی زانایان :

(١) زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون کە سەلام دانەوەی یەکەمی نوێژ ڕوکنە ، ھەر کەسێک سەلام نەڵێت یان دەست نوێژی بشکێت پێش سەلام دانەوەی یەکەم ، ئەوە نوێژی بەتالە .

(٢) زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون سەلام دانەوەی دووەم سونەتە ، ھەر کەسێک سەلامی دووەم نەڵێت یان دەست نوێژ بشکێت پێش سەلام دانەوەی دووەم ، ئەوە نوێژی دروستە .

(٣) باشتر وایە موسلمان ھەردوو سەلام بداتەوە ، چونکە پاداشتی زیاترە و گومان لە دروستی نوێژەکەیدا نییە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام