پرسیار : دەوترێ لە ئاینی ئیسلام هاوڕێیەتی کچ و کوڕ جائیز نییە ، کەچی من بینیومە کوڕ هەبووە دینداریش بووە هاوڕێی کچی هەبووە ، بۆ کچیش بە هەمان شێوە بینیومە ، ئایا ئەو کەسانە پەیامەکەیان پێ نەگەیشتووە یان ھیچ شتێک ھەیە لەم بابەتە ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن تێکەڵاوی ژن و پیاو حەڕامە ، چونکە ھۆکاری تووش بوونە بە فیتنە و تاوان ، بەڵگە :
(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وإذا سألتموهن متاعاً فاسألوهن من وراء حجاب ذلكم أطهر لقلوبكم وقلوبهن )) [ الأحزاب : ٥٣ ] .
(٢) عن أبي هريرة قال : قال النبي صلى الله عليه وسلم : (( خَيْرُ صُفُوفِ الرِّجَالِ أَوَّلُهَا وَشَرُّهَا آخِرُهَا وَخَيْرُ صُفُوفِ النِّسَاءِ آخِرُهَا وَشَرُّهَا أَوَّلُهَا )) . رواه مسلم (٦٦٤) .
ئەمە گەورەترین بەڵگەیە بۆ حەڕامی تێکەڵاوی ژن و پیاو ، چونکە پیاو چەند دوورتر بێت لە ڕیزی ئافرەتان باشترە ، وە ئافرەتیش چەند دوورتر بێت لە ڕیزی پیاوان باشترە ، ئەگەر ئەم شوێنە کە مزگەوتە و شوێنی عیبادەتە ئاوا باسکرابێت بۆ دووری لەیەکتر ، ئەوە شوێنی تر لەپێشترە دروست نەبێت .
زانایان دەلێن نابێت قسە لەگەڵ ئافرەتی بێگانە بکەیت ، چونکە سەر دەکێشیت بۆ فیتنە ، دەبێت موسلمان خۆی لێی بپاڕێزێت ئیلا لەم دووحالەتە نەبێت :
حالەتی یەکەم : ئەگەر قسەکردنە سوودی بۆ دین هەبێت دروستە ، وەک پرسیار کردن یان بانگەوازی کردن ئەگەر ترسی ئەوەی نەبێت تووشی فیتنە بێت .
حالەتی دووەم : ئەگەر سوودێکی ڕێگە پێدراوی هەبێت بۆ دونیا .
بەلام زانایان دەلێن لەم دوو حالەتەش :
(۱) دەبێت قسە بکەیت بە پێی پێویست ، نابێت درێژەی پێ بدەیت .
(۲) نابێت ئەو قسانە بکات ئاماژە بۆ خۆشەویستی بکات یان ورژاندنی ئارەزوو .
(۳) دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە گاڵتەکردن و پێکەنین .
(٤) دەبێت دەنگی خۆیان ناسک نەکەن و کار لەیەکتر بکەن بەتایبەتی ئافرەت .
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەسڵ وایە هەر شتێک هۆکار بێت بۆ فیتنە نابێت ، چونکە هەر شتێک سەر بکێشیت بۆ فەساد دەبێت ڕێگری لێ بکرێت ، ......)) مجموعە فتاوی ج۱٥ لاپەڕە ٤۱۹ .
قسەکردنی کوڕ و کچی پابەند بە دین لەگەڵ یەکتری نابێتە بەڵگە کە ھاوڕێیەتی کردنی کچ و کوڕ حەڵاڵە ، وە کەسانی پابەند بە دین لەھەمووان لەپێشترن خۆیان لەم حەڕامە بپارێزن بۆ ئەوەی ببەن پێشەوا بۆ خەڵک نەک ببنە فیتنە بۆ خەڵک .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net