پرسیار : من لە مەسح کردن لەسەر گۆریە تێناگەم ، دەکرێ ڕوون کردنەوە بدرێت ؟
وەڵام : نموونە : ئەحمەد دەست نوێژی گرت کاتژمێر ٨ی بەیانی ، وە ھەردوو گۆرییەی لەپێکرد ، کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ دەست نوێژی شکا بە میز کردن ، وە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ دەست نوێژی گرت کاتێک گەیشتە قاچەکان گۆرییەی دانەکەند و مەسحی لەسەر کرد و نوێژی نیوەڕۆی کرد .
ڕوون کردنەوە سەبارەت بەم نموونەیە :
(١) دەبێت ئەوەی مەسح دەکات لەسەر گۆریە یەکەم جار دەست نوێژی گرتبێت ، ئینجا گۆرییەی لەپێ کردبێت ، ھەرکەسێک سەعات ٨ی بەیانی گۆریە لەپێ بکات بێ ئەوەی دەست نوێژ ھەلبگرێت ، ئەوە ناتوانێت سەعات ١٢ی نیوەڕۆ مەسح بکات .
(٢) دەبێت ئەوەی مەسح دەکات لەسەر گۆریە یەکەم جار دەستنوێژی گرتبێت بە ئاو ، جا چ بە ئاو دەست نوێژ دەگرێ یان خۆی دەشوات ، نابێت کاتژمێر ٨ی بەیانی تەیەمووم بکات و گۆریە لەپێ بکات ، پاشان کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ مەسح بکات لەسەر خوف .
(٣) دەبێت ئەوەی گۆریە لەپێ دەکات گۆریەکانی پاک بن ، ئەگەر گۆریەی پیس بێت نابێت مەسحی لەسەر بکات .
(٤) دەبێت شەو و ڕۆژێک مەسح بکات ئەگەر نیشتەجێ بوو ، وە سێ شەو و سێ ڕۆژ مەسح بکات ئەگەر گەشتیار بوو ، کاتی مەسح کردن لە کاتژمێر ١٢ دەست پێ دەکات کاتی مەسح کرد ، ھەتا ڕۆژی دواتر کاتژمێر ١٢ی نیوەڕێ ، بۆ گەشتیاریش سێ ڕۆژ بە ھەمان شێوە .
(٥) دەبێت کاتژمێر یازدە دەست نوێژی شکا بێت بە بێ نوێژی بچووک ، وەک : دەرچوونی ھەوا ، یان میزکردن ، پیسایی کردن ، یان دەرچوونی مەزی ، یان دەرچوونی وەدی ، ھەڵوەشێنەرەوەکانی تری دەست نوێژ ، نابێت تووشی بێ نوێژی گەورە ببێت ، وەک : لەشگرانی ، ئەگەر کاتژمێر ١١ تووشی لەشگرانی بوویت ، ئەوە دەبێت خۆت بشۆیت و گۆرییەکان دابکەنی و قاچەکان بشۆیت .
(٦) نابێت گۆریەکان دابکەنی ، ھەر کەسێک کاتژمێر ١١:٣٠ گۆریەی داکەنێت ، پاشان بییەوێت بۆ نوێژی نیوەڕۆ مەسح بکات ، ئەوە مەسح کردنی دروست نییە ، چونکە کاتژمێر ١١ دەست نوێژی شکاوە ، وە کاتژمێر ١١:٣٠ گۆریەی داناوە ، پاشان دەیەوێت گۆریە لەپێ بکات لەسەر بێ دەست نوێژ .
(٧) ئەگەر کاتی مەسح کردنی لەسەر گۆریە تەواو بوو ، ئەوە دەست نوێژ کەسەکە ناشکێت ھەتا تووشی ھەڵوەشێنەرەکانی دەست نوێژ دەبێت .
(٨) باشتر وایە بەیانی کاتژمێر ٨ کاتێک دەست نوێژ دەگرێت دەست نوێژی تەواو بکات ئینجا گۆریە لەپێ بکات ، نەک کاتژمێر ٨ یەکەم جار قاچی ڕاست بشوات و گۆرییە لەپێ بکات ، پاشان قاچی چەپ بشوات و گۆرییە لەپێ بکات .
(٩) مەسح کردنی گۆریەکان دەتوانی یەکەم جار قاچی ڕاست مەسح بکەیت ، پاشان قاچی چەپ ، وە دەتوانی ھەردوو قاچەکان پێکەوە مەسح بکەیت .
(١٠) سەرەوەی گۆریە مەسح دەکرێت نەک ژێرەوەی گۆرییە .
(١١) یەک جار گۆریەکان مەسح دەکرێن و دەستت بەسەریاندا دەھێنیت ، نەک سێ جار مەسح بکەیت .
(١٢) ئەگەر گۆریەی کون بێت یان دڕاو بێت دەتوانێ مەسحی لەسەر بکات لەسەر وتەی ڕاستی زانایان .
(١٣) نییەت مەرج نییە بۆ مەسح کردن لەسەر گۆریە ، ئەگەر ھەردوو گۆریەی لەپێ کرد لەسەر دەست نوێژ کاتژمێر ٨ بێ ئەوەی نییەتی مەسح کردنی ھەبێت ، بۆی ھەیە مەسح لەسەریان بکات کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net