پرسیار : ئایا وتەی صاحبی یان کردەوەی صاحبی حوجەیە وەک فەرموودە ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن وتەی صاحبی دوو بەشە :
بەشی یەکەم : وتەیەک دەکات وەک ڕیوایەت نەک ئیجتھاد و بیروڕا ، لەم حالەتە حوکمی مرفوعی ھەیە ، بەڵام ئەگەر ئیحتمالێکی بەھێز ھەبێت بەڵگە بێت لەسەر ئەوە لە ئیسڕائیلیات وەرگیراوە ، ئەو کات حوکمی مرفوعی نییە .
ابن كثير ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( وتەی صحابی : " من السنة كذا " حوکمی مرفوعی ھەیە لە زۆربەی زانایان ، بەتایبەتی وتەی ابن عباس تەفسیر بێت بۆ قورئان کە ڕاڤەکاری قورئانە . )) " تفسير ابن كثير " ( 1 / 541 ).
محمد الأمين الشنقيطي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر شتێک بێت مەجالی ڕەئی تێدا نەبێت ئەوە حوکمی مرفوعی ھەیە ، ھەروەک دانپێنراوە لە زانستی فەرموودە ، پێش قیاس دەخرێت ، وە دەقی پێ تایبەت دەکرێ ، ئەگەر نەزانرێت صحابی دەستی بە ئیسڕائیلیاتەوە گرتووە . )) مذكرة أصول الفقه " ( ص 256 ) .
محمد الامین الشنقطی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی زانراو بێت ئەوی لە نەوەی ئیسرائیل دەگێڕدرێتەوە ھەواڵ کە بە ئیسرائیلیات بە ناوبانگە سێ حالەتن ، لە یەک حالەت واجبە بەڕاستی دابنێی ئەگەر قورئان و سونەت بەلگە بێت لەسەر ڕاستییەکەی ، وە لە حالەتێکدا واجبە بە درۆی بخەیت ئەگەر قورئان و سونەت بەلگە بێت لەسەر درۆیەکەی ، لە حالەتی سێیەم نابێت بە درۆی بخەیت و وە نابێت بە ڕاستی بخەیت ، ئەگەر لە قورئان و سونەت بەلگە نەھاتبێت بۆ بەڕاست دانانی و بە درۆ خستنی . )) "أضواء البيان " ( 4 / 203 ، 204 ) .
بەشی دووەم : وتەی صحابی دەیکات وەک ئیجتھاد و بیروڕا ، ئەمەش چەند حالەتە :
حالەتی یەکەم : ئەگەر وتەی صحابی پێچەوانەی دەقی شەرعی بێت ، ئەوە دەقی شەرعی پێش دەخرێت و کردەوە بە وتەی صحابی ناکرێت .
حالەتی دووەم : ئەگەر وتەی صحابی پێچەوانەی وتەی تری ھاوەڵان بێت ، ئەوە سەیری دەکەیت کامە وتە نزیکە لە قورئان و سونەت ئەو وتەیە وەردەگریت .
ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر جیاوازی کەوتە نێوان ھاوەڵان ، ئەوە جیاوازییەکە بۆ خوا و پێغەمبەر دەگەڕێنیتەوە ، وتەی ھەندێکیان نابێتە حوجە لەگەڵ مخالەفەی ھەندێکی تر بە یەک دەنگی ھەموو زانایان . )) " مجموع الفتاوى " ( 20 / 14 ) .
حالەتی سێیەم : وتەی صحابی ئەگەر بەناوبانگ بوو و کەس پێچەوانەی نەکرد ، ئەوە حوجەیە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان .
ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە وتەی صحابە ، ئەگەر وتەی بڵابووەوە و کەس ئینکاری لێ نەکرد لە سەردەمی خۆی ، ئەوە حوجەیە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان . )) " مجموع الفتاوى " ( 20 / 14 ) .
محمد الامين الشنقيطي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر وتەی صحابی لە شتێک مەجالی تێدا بێت بۆ بیروڕا ، وە بڵاوببێتەوە لەناو ھاوەڵان ، وە بەدیار نەکەوێت کەس پێچەوانەی کردووە ، ئەوە وەک ئیجماعی سکوتی وایە ، وە حوجەیە لای زۆربەی زانایان . )) " مذكرة أصول الفقه " ( ص 256 ) .
حالەتی چوارەم : وتەی صحابی ئەگەر بەناوبانگ نەبوو ، وە نەزانرا کەس لە ھاوەڵان ئینکاری کردبێت ، ئەوە وەری دەگرن و پشتی پێ دەبەستن لەسەر وتەی زۆربەی زانایان .
ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر ھەندێک ھاوەڵان وتەیان ھەبێت ، وە کەسی تر لە ھاوەڵان پێچەوانەی ئەم وتەیەیان نە گوتووە و وتەکەش بڵاو نەبۆتەوە ، لەم حالەتە جیاوازی ھەیە ، زۆربەی زانایان دەیکەنە بەڵگە ؛ وەک ئەبو حەنیفە و مالک و وتەی بەناوبانگی ئەحمەد و یەکێکە لە وتەکانی شافعی ، ... )) " مجموع الفتاوى " ( 20 / 14 ) .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net