پرسیار : دەزگای ناس پشت راستی کردۆتەوە کە بوونەوەرە ئاسمانییەکان بوونیان ھەیە ، وە زانا ڕووسیەکان دەڵێن ئێمە لە ساڵی ٢٠٣١ پەیوەندییان لەگەڵ دەبەستین ، ئایا ھیچ فەرموودە یان ئایەت ئاماژەیان بۆ ئەمە کردووە ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن لە قورئان باسکراوە مخلوقات " واتە : دواب " لە ئاسمانەکان ھەن ، بەڵام شێوە و چۆنییەتی و ژمارەیان باس نەکراوە ، کەس نایزانێت ئیلا خوا گەورە نەبێت .
خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَوَاتِ وَالأَرْضِ وَمَا بَثَّ فِيهِمَا مِنْ دَابَّةٍ وَهُوَ عَلَى جَمْعِهِمْ إِذَا يَشَاءُ قَدِيرٌ )) [ الشوری : ٢٩ ] .
واتە : وە لە بەڵگە نیشانەکانی دەسەڵاتی خوایە ، بەدی ھێنانی ئاسمانەکان و زەویی و ئەو زیندەوەر و جوولەکەرانە تییایاندا بڵاو بوونەتەوە ، ھەر کاتێک بۆ خۆی مەیلی ببێ توانای ھەیە ھەموویان کۆ بکاتەوە بۆ حیساب و لێکۆڵینەوە و پاداشت .
ھەندێک زانا دەڵێن دواب لێرە دروستکراوێکن بێجگە لە فریشتەکان ، چونکە ئایەتی تر ھاتووە جیاوازی خستۆتە نێوان فریشتە و دواب ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَلِلّهِ يَسْجُدُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الأَرْضِ مِن دَآبَّةٍ وَالْمَلآئِكَةُ وَهُمْ لاَ يَسْتَكْبِرُونَ )) [النحل:٤٩] .
ھەندێک زانا دەڵێن ھیچ ڕێگر نییە ئەم ئایەتە ئاماژە بێت بۆ بوونی عالەمێکی تر لە ئاسمان ، بەڵام نابێت بەشێوەیەکی بڕاوە قسەی لەسەر بکەیت ، چونکە ئەگەری مانای تریشی ھەیە .
قرطبی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( " وَمَا بَثَّ فِيهِمَا مِنْ دَابَّةٍ " موجاھید دەڵێت : فریشتە و خەڵک داخلی ئەم ئایەتە دەبن ، .... )) الجامع لأحکام القرآن ج١٨ لاپەڕە ٤٧٧ .
عبداللە بن جبرین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( خوای گەورە دروستکەری ھەموو شتێکە ، ھەر دابەیەک لە ئاسمان و زەوی بێت ئیلا خوای گەورە دروستی کردووە ، ئێمە دەزانین و زاسنتمان ھەیە بەوانەی سەر زەوی ، ئەوانەی سەر وشکانی و ناو دەریان دان بە گەورە و بچووک و بالندەکان داوای ڕزق و ڕۆزی دەکەن ، ھەروەھا دەزانین لە ئاسمان فریشتە ھەن کەس ژمارەیان نازانێت ئیلا خوا نەبێت ، خوای گەورە دەفەرمووێت : " وَمَا يَعْلَمُ جُنُودَ رَبِّكَ إِلاَّ هُوَ " ، ئێمە ئیمانمان ھێناوە بە ھەموو ئەمانە ، بەڵام شێوە و چۆنییەتی دروستکراوەکانی ئاسمان ئێمە نایزانین ، دەکرێ لە ئاسمانەکان دروستکراوی تر ھەبێت خوا زاناتر بە چۆنیەتی و ژمارەیان ، وە ڕزق و ڕۆزیان خوا پێیان دەدات ، ھەروەک چۆن دروستکراوەکانی زەوی کەس ژمارەیان نازانێت ئیلا خوا نەبێت ، وە کەفالەتی رزق و ڕۆزییان دەکات و توانای بەسەر ھەموو شتێک دا ھەیە )) .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net