پرسیار : بیزەحەمەت ئەگەر ئافرەت تازە منالی بووبێ ، وە شیریش بدات ئایا چی بکات بۆ رەمەزان ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن ئافرەت ئەگەر مناڵی بوو نابێت بەڕۆژوو بێت ھەتا پاك دەبێتەوە لە خوێنی نیفاس ، ئەگەر پاک بووە توانای ڕۆژوو گرتنی ھەبوو ، وە ڕۆژوو گرتنەکە زیانی بۆ خۆی و مناڵی نەبوو بۆ کەم بوونی شیری ئافرەت ، ئەوە واجبە ئافرەت بەڕۆژوو بێت ، ئەگەر زیان ھەبوو ڕۆژوو دەشکێنێت ھەتا ماوەی شیردانەکە تەواو دەبێت ، بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە ژنی شیردەر و دوو گیان ئەگەر ڕۆژووی بشکێنێت :
یەکەم : هەندێک زانا دەلێن تەنها رۆژوو دەگرێتەوە ، کە ئەمە وتەی عەلی کوڕی ئەبو تالیب ، ابو حنیفە، ابو عبید ، ابو ثور ، ابن عثمین ، ابن باز ە ، بەلگە :
(ٲ) عن انس عن النبی صلی الله الله علیه وسلم قال : (( ان اللە وضع عن المسافر نصف الصلاة ، والصوم وعن الحبلی و المرضع )) رواە النسائی ( ۲۲۷٤) ، صححه الالبانی فی صحیح النسائی .
واته : خوای گەورە نیوەی نوێژی لەسەر گەشتیار هەلگرتووە (نوێژی چوار رەکاعەتی دەکات بە دوو ڕەکاعەت) وە ڕۆژووشی لەسەری هەلگرتووە ، وە هەروەها لەسەر ژنی دوو گیان و شیردەریش .
لێرە دووگیان و شیردەر و گەشتیار پێکەوە باس کراون و وەک یەک حسابیان بۆ دەکرێ ، گەشتیار دەبێت دواتر ڕۆژوو بگرێتەوە وە دوو گیان و شیردەریش بەهەمان شێوە .
(ب) قیاس دەکەن لەسەر نەخۆش ، نەخۆش ئەگەر نەخۆشیەکەی درێژ خایەن نەبێت دەبێت دوای ڕەمەزان ڕۆژوو بگرێتەوە وە دوو گیان و شیردەریش بەهەمان شێوە .
دووەم : هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەگەر ژن ترسی لە خۆی هەبوو زەرەر بە خۆی بگات ڕۆژوو بشکێنێت ڕۆژوو دەگرێتەوە ، بەلام ئەگەر ترسی هەبوو زەرەر بە منالی بگات لەبەر منالی ڕۆژووی شکاند دەبێت ڕۆژوو بگرێتەوەو وە فیدیەش بدات کە بۆ هەر ڕۆژێک دەبێت خواردن بە هەژار بدات ، جصاص دەلێت ئەمە وتەی ابن عمر ، وە وتەی ئیمام شافعی و ئیمام احمدە.
سێیەم : هەندێک زانای تە دەلێن تەنها فیدییەی لەسەرە خواردن دەدات ڕۆژوو گرتنەوەی لەسەر نییە ، کە ئەمە وتەی ابن عباسە ، ابن قدامە لە المغنی ج۳ لاپەڕە ۳۷ دەلێت ئەمە وتەی ابن عمریشە .
جصاص له (احکام القران ) دا دەلێت : (( جیاوازی هەیە لە نێوان هاوەلان سێ وتە هەیە علی دەلێت ڕۆژوو گرتنەوەی لەسەرە ، وە ابن عباس دەلێت تەنها فیدییەی لەسەرە ، وە ابن عمر دەلێت فیدییەی لەسەرە و وە ڕۆژوو گرتنەوەشی لەسەرە )) .
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دووگیان و شیردەر حوکمی نەخۆشی هەیە ، ئەگەر ڕۆژوویان لەسەر گران بوو دەتوانن بشکێنن ، وە دەبێت دواتر ڕۆژوو بگرنەوە کە توانییان ، .... )) مجموعة الفتاوی ج ۱٥ لاپەڕە ۲۲٥ .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دوای ئەوە کە جیاوازی نێوان زانایان باس دەکات دەفەرمووێت : (( وتەی ڕاست ئەوەیە کە تەنها ڕۆژوو دەگرێتەوە .... )) شرح الممتع ج ٦ لاپەڕە ۲۲۰ .
وتەی بەھێز وتەی یەکەمە کە تەنها ڕۆژوو گرتنەوەی لەسەرە ، بەڵام ئەگەر تەنھا فیدیە بدات لەسەر وتەی ھەندێک زانا بەرفراوانی تێدایە ، واللە أعلم .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net