پرسیار : حوکمی زەکات دان بۆ دانەوەی قەرزی مردوو ؟
وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە دانەوەی قەرزی مردوو لە زەکات ، دوو وتە ھەیە :
یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دروستە قەرزی مردوو بدەیتەوە لە زەکات ، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و وتەی ابن تیمییە ، ابن بازە ، بەڵگە :
(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ )) (التوبة:60)
واتە : زەکات ھەر بۆ ھەژار و بێ نەوایان و کرێکارانی کۆکەرەوەی زەکات و بەوانەی ئومێد ھەیە لە ئاییندەدا دڵیان بە ئیسلامەوە ھۆگربێ ، وە بۆ ئازادکردنی بەندە و ئەسیرەکان وە بۆ قەرزارەکان و ئەوانەی لە پێناو خوای گەورە دەجەنگن و وە بۆ ڕێبوارەکان ، ئەمە شتێکە خوای گەورە دیاری کردووەو بڕیاری لەسەر داوە و خوا زانایە و کار بەجێ و لە کارزانە .
ئەم ئایەتە قەرزاری مردوو و زیندوو دەگرێتەوە .
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەبارەت بەو قەرزەی لەسەر مردووە دروستە قەرزی بدەیتەوە لە پارەی زەکات لەسەر وتەیەک لە وتەکانی زانایان ، کە ئەمە یەکێکە لە دوو وتەکانی ئەحمەد ، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت : " والغارمین " [ التوبە : ٦٠ ] ، نەیفەرموو : وللغارمین ، قەرزار مەرج نییە خۆی وەری بگرێت و ببێتە مولکی .
لەسەر ئەمە دروستە قەرزی قەرزاری مردوو بدەیتەوە ، وە میراتگرەکانی یان کەسانی تر وەربگرن و قەرزی بدەنەوە ، بەڵام خاوەنی قەرز نابێت زەکاتی خۆی بداتە مردووێک قەرزاری ئەوە بۆ ئەوەی قەرزی خۆی وەربگرێتەوە . )) مجموعە الفتاوی ج٢٥ لاپەڕە ٨٠ .
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەبارەت بەم بابەتە جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان ، وتەی ڕاست ھیچی تێدا نییە قەرزی مردوو بدەیتەوە لە زەکات ، چونکە لە قەرزارەکانە ، قەرزارەکان صنفێکن لەو صنفانەی زەکاتیان پێ دەشێت بە دەقی ئایەت : " إنما الصدقات للفقراء ... " [ التوبة : ٦٠ ] ، ئەگەر زەکات سەرف کرا بۆ دانەوەی قەرزی مردوو ھیچی تێدا نییە إن شاء الله لەسەر وتەی ڕاستی زانایان . )) نور علی الدرب .
دووەم : زۆرەی زانایان بۆ ئەوە چوون نابێت قەرزی مردوو بدەیتەوە لە زەکات ، بەڵگە :
(١) نقل نەکراوە لە سەردەمی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت قەرزی مردوویان دابێتەوە لە زەکات ، زەکات دان بە قەرزار باسی قەرزاری زیندووە .
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئیمام ئەحمەد دەڵێت مردوو کفن ناکرێت بە پارەی زەکات ، وە قەرزی نادرێتەوە بە پارەی زەکات ، دروست نییە قەرزی مردوو بدەیتەوە لە زەکات ، چونکە قەرزار مردووەکەیە ناکرێت ماڵ بدەیتە مردوو ، بەڵکو ماڵت داوە بە خاوەنی قەرز ، کەواتە زەکاتت داوە بە خاوەنی قەرز نەک زەکاتت دابێتە قەرزار . )) المغنی ج١ لاپەڕە ٢٨١ .
ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واتەی ڕاست و بەناوبانگ ئەوەیە نابێت قەرزی مردوو بدەیتەوە لە بەشی قەرزارەکان . )) "روضة الطالبين" (2/320)
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نابێت قەرزی مردوو بدەیتەوە لە زەکات لەبەر سێ شت :
یەکەم : ئەوەی دیار بێت دانەوەی قەرزی قەرزاری مردوو زەلیلی قەرزی لەسەر لادەچێت .
دووەم : پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت قەرزی مردووی نەداوەتەوە لە زەکات ، مردوویان دەھێنایە لای و قەرزی لەسەر بووە ، پرسیاری لێ دەکرد ئای ھیچی بەجێ ھێشتووە بۆ قەرز دانەوە ؟ ئەگەر ھیچی بەجێ نەھێشتبا نوێژی لەسەر نەدەکرد ، ئەگەر بییان گوتبا : مالی بەجێ ھێشتووە ، نوێژی لەسەر دەکرد ، کاتێک زۆر شوێنیان فتح کرد و ماڵ و سامان زۆر بوو ، قەرزی مردووی دەدایەوە لەو سەروەت و سامانەت بە فتح کردنی شوێنەکان بەدەست ھاتووە ، ئەگەر قەرز دانەوەی مردوو لە زەکات دروست بوایا پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ئەمەی دەکرد .
سێیەم : ئەگەر ئەم دەرگایە بکەیتەوە ، دەرگای دانەوەی قەرزی زۆر لە زیندووەکان دادەخرێت ، چونکە عادەت وایە خەڵک عاطفەی بۆ مردوو زۆرترە لە زیندوو ، وە زیندووەکان حەقترن یان لەپێشترن لە مردووەکان . )) الشرح الممتع ج٦ لاپەڕە ٢٣٦ .
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە ، واللە أعلم .
پوختەی وەڵامی زانایان :
(١) نابێت خاوەنی قەرز زەکاتی خۆی بەبەر قەرزی مردووێک بخات ، یان زەکاتی خۆی بداتە مردووێک و تەسلیمی نزیکەکانی مردووە بکات بۆ ئەوەی قەرزی بدەنەوە .
(٢) مردوو ئەگەر قەرزار بێت و ماڵی بەجێ ھێشتبێت ، ئەوە دانەوەی قەرزی پێش میرات دەخرێت .
(٣) دەتوانی زەکات بدەیت بۆ دانەوەی قەرزی مردوو لەسەر وتەی ڕاستی زانایان .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net