سەردێری پرسیار: حوکمی خەتمی قورئان بەکوردی ؟

بەرواری دانان: 2019-05-23 کۆدی پرسیار: 1199

پرسیار:

پرسیار : ئایا خەتمی قورئان بە کوردی دەکرێ ، چونکە من لە عەرەبی باش تێناگەم و کاتێک سورەتێک بە کوردی دەخوێنمەوە زۆر پێم خۆشترە ، چونکە لێی تێدەگەم ، بەڕای من زۆر خێری زیاترە لەوەی قورئان بە عربی بخوێنم کە هیچی لێ تێناگەم ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن خوێندنەوە قورئان بە زمانی بێجگە لە عەرەبی دوو حالەتە :

حالەتی یەکەم : تەرجەمەی قورئان دەخوێنێتەوە و عەرەبی ناخوێنێتەوە ، ئەم تەرجەمەیە بە قورئان حساب ناکرێت ، پاداشتی خوێندنەوەی قورئانی نییە بە عەرەبی ، زۆربەی زانایان دەڵێن دروست نییە قورئان بخوێنیتەوە بە زمانی بێجگە لە عەرەبی ، جا چ لەناو نوێژ بێت یان دەرەوەی نوێژ .

حالەتی دووەم : تەرجەمەی قورئان دەخوێنێتەوە بۆ تێگەیشتن ، وە پشتی لە خوێندنەوەی قورئانی نەکردووە بە عەرەبی ، جا چ لەناو نوێژ بێت یان دەرەوەی نوێژ ، لەم حالەتە دروستە و پاداشت بۆی ھەیە بەگوێرەی نییەتی .

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( مەزھەبی ئێمە ئەوەیە دروست نییە قورئان بخوێنیتەوە بە زمانی بێجگە لە عەرەبی ، جا چ بتوانێ بە عەرەبی بخوێنێتەوە یان نەتوانێ ، وە چ لەناو نوێژ بێت یان دەرەوەی نوێژ بێت ، ئەگەر تەرجەمەی قورئان بخوێنێتەوە لە شوێنی خوێندنەوەی قورئان ، ئەوە نوێژی دروست نییە جا چ بزانێت قورئان بخوێنێتەوە یان نە ، ئەمە مەزھەبی ئێمەیە و وتەی زۆربەی زانایانە ، لەوانە مالک و ئەحمەد و داود . )) المجموع .

ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروست نییە خوێندنەوەی قورئان بەزمانی بێجگە لە عەرەبی ، وە دروست نییە وشەی بگۆڕی بە وشەی تر ، جا چ بزانێت قورئان بخوێنێتەوە بە عەرەبی یان نە ، ئەمە وتەی شافعی و ئەبو یوسف و محمدە . )) المغنی .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەم تەرجەمەیە " واتە : تەرجەمەی قورئان " دروستە بۆ تێگەیاندنی بەرامبەر بێ ئەوەی جیاوازی ھەبێت لەنێوان زانایان ، سەبارەت بە خوێندنەوەی تەرجەمە بۆ خۆی ، ئەمەیان دروست نییە لای زۆربەی زانایان نە لە ناو نوێژ و نە لە دەرەوەی نوێژ . )) مجموعە الفتاوی .

ئەوەی دراوەتەوە پاڵ ئەبو حەنیفە کە دەڵێت : دروستە قورئان بخوێنیتەوە بە زمانی فارسی بۆ کەسێک نەتوانێت بەعەرەبی بخوێنێتەوە ، دەڵێن ئەبو حەنیفە پەشیمان بۆتەوە لەم فەتوایە .

زانایان دەڵێن ڕاستە فێر بوونی تەفسیر و تێگەیشتنی قورئان پاداشتێکی زۆری ھەیە و چێژی خۆی ھەیە ، بەڵام وەک خوێندنەوەی عەرەبی حساب ناکرێت بۆ ھەر پیتێک ١٠ چاکە بنووسرێت ، وە زمانی عەرەبی زمانێکی دەولەمەندە تەرجمە شوێنی ناگرێتەوە ، وە نابێت موسلمان بیرو ڕای خۆی پێش وتەی زانایان بخات .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws. net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام