سەردێری پرسیار: وتەی ابن تیمییە چییە سەبارەت بە زەکاتی سەرفترە دان بە پارە ؟

بەرواری دانان :2019-05-26 کۆدی پرسیار:1205

پرسیار:

پرسیار : وتەی ابن تیمییە چییە سەبارەت بە زەکاتی سەرفترە دان بە پارە ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە دانی پارە جیاوازی ھەیە ، ئایا بە مطلقی دروستە ، یان بە مطلقی دروست نییە ؟ یان لە ھەندێک حالەت دروستە کاتی پێویستی یان ئەگەر سوودی ھەبوو ؟ لەسەر سێ وتە - لە مەزھەبی ئیمام ئەحمەد و کەسانی تر ، ئەم وتەیە " واتە وتەی سێیەم " دادپەروەرترین وتەیە . )) مجموعة الفتاوي ج٢٥ لاپەڕە ٧٩ .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دانی پارە بۆ زەکات و کەفارەت و شتی تری وەک ئەمانە ، ئەوەی زانراو بێت لە مەزھەبی مالک و شافعی دروست نییە ، وە لە لای ئەبو حەنیفە دروستە ، وە ئیمام ئەحمەد لە ھەندێک شوێن مەنعی کردووە و لە ھەندێک شوێنی تر ڕێگەی داوە ، ھەندێک ھاوەڵانی دانیان بە دەقێک ناوە ، وە ھەیانە لەسەر دوو ڕیوایەتن .

ئەوەی دیار و ڕاست بێت پارە دان ئەگەر پێویست نەکات و مصلەحەتی تێدا نەبێت ، ڕێگری کراوە ، ...

ئەگەر زەکات دان بە پارە پێویست بکات و سوودی ھەبێت ، ئەوە ھیچی تێدا نییە ، ... )) مجموعة الفتاوي ج٢٥ لاپەڕە ٨٢-٨٣ .

زانایان دەلێن ئەسل وایە زەکاتی سەرفترە خواردن دەدرێت ، چونکە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت خواردنی داوە و وە ھاوەڵانیش ، وە جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان سەبارە بە پارە دان بۆ زەکاتی سەرفترە سێ وتە ھەیە :

یەکەم : زۆربەی زانایان دەلێن پارە دان بۆ زەکاتی سەرفترە بە زەکات ناچێت دەبێت ئیلا خواردن بێت ، کە ئەمە وتەی مالک ، و شافعی ، و احمد ، ابن عثيمين ، ...... ھتد ، بەلگە :

(١) پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت خواردنی داوە و فەرمانی بە ھاوەلان کردووە ، ئەگەر پارە دان دروست بوایا پارەی دەدا .

دووەم : ھەندێک زانای تر دەلێن دروستە پارە بدرێت ، کە ئەمە وتەی ابو حنیفە ، و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و احمد ، بەلگە :

(١) مەبەست لە زەکاتی سەرفترە دان ئەوەیە کە ھەژار بێ نیاز بێت و پێویستییەکانی بێتە دی ، ئەگەر پارەش بدرێت ھەر بۆ پێویستی ھەژارە ، وە ھەندێک جار زیاتر لە خواردن پێویستیەکانی ھەژار دابین دەکات .

سێیەم :ھەندێک زانای تر دەلێن ئەگەر پێویست بکات یان سوودی ھەبێت دروستە پارە بدرێت ، کە ئەمە وتەی ئیمام احمد ، ابن تیمییە ، بەلگە :

(١) ئەسل وایە زەکاتی سەرفترە خواردن دەدرێت ، بەلام ئەگەر سوودی ھەبوو یان پێویست بکات دروستە پارە بدرێت .

وتەی ڕاست وتەی سێیەمە .

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی بزانێت کە دەبێت ئیلا خواردن بدرێت بەلام پارەی بەخشی چونکە بۆی ئاسانترە ئەوە بە زەکاتی سەرفترە ناچێت ، بەلام ئەو حالەتەی پرسیارکەر باسی کردووە ئەگەر کەسی دەست نەکەوت خواردن وەربگرێت ، واتە کەسی دەست نەکەوت برنج وەربگرێت یان خورما یان گەنم ، ئەوان ھیچ وەرناگرن ئیلا پارە نەبێت ، ئەو کات پارە دەدرێت بە ئەندازەی نرخی مەنێک خواردن . )) "فتاوى نور على الدرب"

پوختەی وەلامی زانایان :

(١) ئەسل وایە زەکاتی سەرفترە خواردن دەدرێت ئیلا ئەگەر پێویست بکات یان سوودی ھەبێت ئەو کات دروستە پارە بدرێت .

(٢) ئەگەر کەس نەبێت زەکاتی سەرفترەت لێ وەربگرێت بە خواردن ئیلا پارە نەبێت ، ئەو کات دروستە پارە بدەیت .

(٣) وتەی ڕاست ئەگەر پێویست بکات یان سوودی ھەبێت دروستە پارە بدرێت .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام