سەردێری پرسیار:حوکمی دەست لە زەکەر دان بۆ دەست نوێژ شکان ؟

بەرواری دانان :2018-10-01 کۆدی پرسیار:123

پرسیار:

پرسیار // ئایا واجبە دەست نوێژ هەلبگریت ئەگەر دەست لە زەکەر بدەیت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن دوو فەرموودە هاتوون سەبارەت بەم بابەتە کە ئەمانەن :

(١) عن طلق قال : قدمنا علی نبي الله صلی الله علیه وسلم ، فجاء رجل كٲنه بدوي ، فقال : یا نبي الله ما تری في مس الرجل ذكره بعدما توضٲ ، فقال : (( هل هو مضعة منه ٲو بضعة منه )) رواە ابو داود (۱٨۲) .

واتە : لە طلق دەگێڕنەوە دەفەرمووێت : ئێمە هاتین بۆ لای پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ، پیاوێک هات هەروەک ئەوە وابوو کە خەلکی ئەو شارە نەبێت خەلکی گوند بوو وتی : ئەی پێغەمبەری خوا چی دەلێی بۆ پیاوێک دەستی لە زەکەری داوە دوای دەست نوێژ هەلگرتن ، وتی : (( ئایا ئەو ( واتە زەکەرەکەی ) پارچه گۆشتێک نییە لەو کەسە یان بەشێک نییە لەو کەسە ))

روایەت هاتووە دەلێت : (( نەخێر دەست نوێژ لەسەری واجب نییە ، چونکە زەکەر بەشێکە لە تۆ ))

(٢) عن بسرة بنت صفوان ٲن رسول الله صلی الله علیه وسلم قال : (( من مس ذكره فلیتوضٲ )) رواە ابو داود (۱٨۱) ، والترمذی (٨۳) ، وابن ماجە (٤۷۹) .

واتە : هەر کەسێک دەست لە زەکەری بدات با دەست نوێژ هەلبگرێت .

هەندێک زانا دەلێن فەرموودەی طلق لاوازه فەرموودەی بسرة ڕاستە ، وە هەندێک زانای تر دەلێن فەرموودەی طلق ڕاستترە لە هی بسرة ، وه هەندێک زانا تر دەلێن فەرموودەی طلق منسوخه بە فەرموودەی بسرة ، بەلام وتەیان لاوازە لە دوو ڕووەوە :

(۱) یەکێک لە بنچینە گرینگەکان ئەوەیە کە نابێت نسخ هەلبژێری هەتا جمع هەیە ئیلا بەلگەی ڕوون و ئاشکرا هاتبێت ، چونکە نسخ پووچ کردنی یەکێکیانە بەلام جمع کار کردنە بە هەردووکیان .

(۲) زانایانی مێژوو نازانن کامە ڕاوی پێش ئەوی تر موسلمان بووە هەتا بڕیار لەسەر نسخ بدەن .

وتەی زانایان سەبارەت بە دەست نوێژ هەلگرتن بۆ دەست لە زەکەر دان :

یەکەم // هەندێک زانا دەلێن واجبە دەست نوێژ هەلبگریت بەهەر شێوەیەک دەستی لێ بدەیت ، کە ئەمە وتەی شافعی ، احمد ، وتەیەکە لە وتەکانی مالک ، بەلگە :

(۱) فەرموودەی بسرە ڕاستترە لە فەرموودەی طلق ، هەروەها فەرموودەی بسرة شەواهدی هەیە کە بە چەند ڕێگای تر هاتووە .

دووەم // دەست نوێژ هەلناگریت کە ئەمە وتەی ابو حنیفەیە ، بەلگە :

(۱) فەرموودەی طلق ڕاستە و هی بسرة لاوازه .

سێیەم // هەندێک زانا دەلێن ئەگەر بە ڕووتی دەست لە زەکەر بدەیت دەست نوێژ دەشکێ واجبە هەلیبگریت بەلام ئەگەر لەسەر جلەوە بێت ناشکێت ، بەلگە :

(۱) فەرموودەی ابو هریرة دەلێت ئەگەر دەست لێدان بەڕووتی بێت ، بەلام لەسەنەد لاوازە ، هەروەها ڕوایەت هاتووە فەرموودەی طلق باسی ناو نوێژ دەکات بەلگەیە لەناو نوێژ لەسەر جلەوە دەست لە زەکەری دەدات.

چوارەم // هەندێک زانا دەلێن ئەگەر بە شەهوەت دەست لێ بدەیت واجبە دەست نوێژ بگریتەوە بەلام ئەگەر بێ شەهوەت بوو واجب نییە ، کە ئەمە وتەی ابن عثیمینه ، بەلگە :

(۱) فەرموودەی بسرة مەبەست پێی واجبە دەست نوێژ بگریت ئەگەر بە شەهوەت بوو ، بەلام فەرموودەی طلق مەبەست پێی ئەگەر بێ شەهوەت بوو .

پێنجەم // هەندێک زانا دەلێن ئەگەر ناو لەپی دەست بەر زەکەر بکەوێت واجبە دەست نوێژ هەلبگرێت بەلام ئەگەر سەرەوەی دەست بەری بکەوێت واجب نییە ، بەلگە :

(۱) فەرموودەی بسرة باسی ناو لەپی دەستە بەلام هی طلق باسی ناو لە پی دەستە .

شەشەم // هەندێک زانا دەلێن ئەگەر بە ئەنقەست دەست لە زەکەر بدات واجبە دەست نوێژ هەلبگرێتەوە بەلام ئەگەر بی ئەنقەست بێت واجب نییە ، بەلگە :

(۱) فەرموودەی بسرة باسی ئەنقەستە بەلام هی طلق باسی بێ ئەنقەستە .

حەوتەم // هەندێک زانا دەلێن دەست نوێژ هەلگرتن بۆ دەست لە زەکەر دان سونەتە نەک واجب ، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی مالک ، وتەی ابن تیمییە ، ابن المنذرە ، بەلگە :

(۱) فەرمودەی بسرة فەرمانی کردووە بە دەست نوێژ هەلگرتن بەلام هی طلق ڕێگەی داوە کە دەست نوێژ هەلنەگریت ئەمە بەلگەیە کە فەرمان کردن بۆ دەست نوێژ هەلگرتن واجب نییە بەلکو سونەتە .

وتەی ڕاست وتەی حەوتەمە کە سونەتە دەست نوێژ هەلبگریت نەک واجبە ، جا چ بە شەهوەت بێت یان بێ شەوەت یان بەڕووتی بێت یان لەسەر جلەوە بێت .

زانایان دەلێن دەست لە پشتەوە دان هەمان حوکمی پێشەوەی هەیە ، چونکە روایەت هاتووە بەفەرمووێت : (( من مس فرجە فلیتوضٲ )) اخرجە احمد ، لەم فەرموودەیە وشەی فرج بەکارهێناوە ، فرج واتە انفراج بۆشای هەبێت کەواتە پشتەوەش دەگرێتەوە .

دەست لێدان لەو دوو هێلکەی لەگەل زەکەر دان دەست نوێژ ناشکێنێت .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەلێت دەست نوێژ بۆ زەکەر واجبە ئەگەر بەشەهوەت بێت بەلام بۆ دوو هێلکەی لەگەل زەکەر دەفەرمووێت : (( ئایا بە دەست لێدان لە دوو هێلکەی زەکەر دەست نوێژ دەشکێت ؟

وەلام / نەخێر ، هەتا ئەگەر بە شەهوەتیش بێت دەست نوێژ ناشکێت . )) شرح بلوغ المرام ج۱ لاپەڕە ٤٤۱

ھەروەھا دەست لە فەرج دان جا چ ژن بێت یان پیاو یان هی خۆت بێت یان خێزان یان مناڵ دەست نوێژ هەلگرتنەوە واجب نییە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام