پرسیار : دوای لەخەو ھەستان تەڕاتیم بینیووە ، نازانم مەنی یە یان مەزی یە ، ئایا خۆشۆردن واجبە لەسەرم ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن ھەر کەسێک لەخەو ھەڵبستێت ئەم سێ حالەتانەن :
یەکەم : دڵنیایە ئەو تەڕاتی یە مەنی یە ، لەم حالەتە واجبە لەسەری خۆی بشوات بە یەک دەنگی ھەموو زانایان .
دووەم : دڵنیایە ئەو تەڕاتی یە مەزی یە ، لەم حالەتە خۆشۆردن لەسەری نییە ، بەڵکو ئەو شوێنە دەشوات کە تەڕاتی بەری کەوتووە و دەست نوێژ دەگرێت .
سێیەم : بەگومان لەم تەڕاتی یە نازانێت مەنی یە یان مەزی یە ، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان .
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( پابەندی دەکەین بە حوکمی مەنی و مەزی ، خۆی دەشوات بۆ ئەوە لەشگرانی لەسەری لابچێت ، لەبەر ئەوە ئەگەری ئەوەی ھەیە مەنی بێت ، وە جل و بەرگی خۆی پاک دەکاتەوە لەبەر ئەوە ئەگەری ئەوەی ھەیە مەزی بێت ، ... )) المجموع .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە خۆشۆردن واجب نابێت بە گومان ، وەردەگیرێت لە وتەی : " إذا رأت الماء " ، نەی فەرموو : إذا ظنت الماء ، يأن إذا غلب على ظنها ، بەڵکو فەرمووی : " إذا رأت الماء " .
ئەگەر نووستوو لەخەو ھەستا تەڕاتی بینی ، نازانێت ئەمە عەرەقە ، یان میزە ، یان مەزی یە ، یان شلەمەنی ترە ، ئەوە خۆشۆردن لەسەری واجب نییە ، بەڵام ئایا واجبە لەسەری ئەو شوێنە بشوات کە تووشی بووە ؟
دەڵێین : بەڵێ ، دەشوات وەک احتیاط ، بەڵام خۆشۆردن واجب نییە لەسەری ، ھیچ جیاوازی نییە لەنێوان ئەوەی پێش نووستن بە شەھوەت نووستووە یان بێ شەھوەت ، مادەم بەگومانە ئەصل وایە بەری یە ، ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی باسمان کرد . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١ لاپەڕە ٥٧٠ .
عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی ھەست دەکات بە تەڕاتی دوای لەخەو ھەستان لە جل و بەرگ یان لاشە ، جا کوڕ بێت یان کچ ئەم سێ حالەتانەن :
یەکەم : دڵنیایە مەنی یە ، ئەوە خۆی دەشوات ئەگەر چی جووت بوونیشی بە بیری نەکەوێتەوە .
دووەم : دڵنیایە مەزی یە ، ئەوە مەزی پیسە و واجبە لەسەری شوێنەکە بیشوات ، خۆشۆردنی لەسەر نییە ، بەڵکو زەکەر و ھەردوو گون دەشوات .
سێیەم : نازانێت مەنی یە یان مەزی یە ، لەم حالەتە :
ئەگەر پێش نووستن یاری کردبێت لەگەڵ خێزانی خۆی ، یان بیری لەم بابەتە کردبێتەوە ، یان شتی تری وەک ئەمانە ، ئەوە بە زۆری مەزی یە ، واجبە لەسەری ئەو شوێنە بشوات کە مەزی بەری کەوتووە لە لاشە و جل و بەرگ ، خۆشۆردن لەسەری واجب نییە .
ئەگەر پێش نووستن ئەم شتانە نەبوون کەمەزی دەربچێت ، لێرە خۆشۆردن لەسەری واجبە ، وە دەبێت ئەو شوێنەش بشوات کە بەری کەوتووە لە لاشە و جل و بەرگ وەک احتیاط . )) توضیح الأحکام ج١ لاپەڕە ٢٩٥ .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
Www.ferdaws.net