سەردێری پرسیار:ئایا ڕوخسار ڕەش بوون کاتی مردن نیشانەی خراپی خاتیمەیە ؟

بەرواری دانان :2019-07-02 کۆدی پرسیار:1276

پرسیار:

پرسیار : ئایا ڕوخسار ڕەش بوون کاتی مردن نیشانەی خراپی خاتیمەیە ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن ڕوخسار ڕەش بوون بەھۆی مردن یان دوای مردن نابێتە بەڵگە لەسەر خراپی کەسەکە یان خراپی خاتیمەی کەسەکە ، چونکە زۆر جار ڕەنگ دەگۆڕدرێت بەھۆی ھۆکاری تەندروستی ، وەک : کەم بوونی ئۆکسجین لە خوێن ، یان کۆبوونەوەی خوێن لە یەک شوێن و چەند ھۆکاری تر .

ڕاستە ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ڕوخسار ڕەش بوون نیشانەی شەڕە ، بەڵام ھیچ بەڵگەی شەرعی نەھاتوون ڕەش بوونی ڕوخسار کاتی مردن بە نیشانەی خراپی خاتمە وەسف کردبێت ، ئەگەر موسلمان ئەمە ببینێت لە مردوو نابێت بۆ خەلک باس بکات ، وەک چاودێری کردنی حەقی موسلمان و پاراستنی حورمەتی .

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( جار ھەیە کەسێک دەبینرێت پەنا بەخوا ڕوخساری گۆڕدراوە و تاریکە بەراورد بە کاتی زیندوویەتی ، دروست نییە ئەمە بۆ خەلک باس بکەیت ، بڵێیت : من ڕوخسارێکم بینیووە تاریک بوو ، چونکە ئەگەر ئەمە بلێیت خەلک گومانی خراپی پێ دەبەن . )) الشرح الممتع ج٥ لاپەڕە ٢٩٨ .

بەڵام ئەگەر بەندە لە دونیا خراپ بەناوبانگ بێت و سنورەکانی خوای گەورە ببەزێنێت ، پاشان ڕوخساری ڕەش ببێت کاتی مردن ، یان وشەی شایەتوومان نەھێنێت ، ئەوە لەم حالەتە زۆرینەی جار نیشانەی خراپی خاتیمەیە .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( گومانی تێدا نییە ڕەشی ڕوخسار کاتی مردن نیشانەی خێر نییە بەڵکو نیشانەی شەڕە ، بەڵام مادەم ظاهری موسلمانە و دوعای لێ خۆش بوون و ڕەحمەتی بۆ دەکرێت ، دوعای ڕەحمەت و لێ خۆش بوون بۆی دەکرێت ئومێدی خێر و چاکە ھەیە مادەم لەسەر تەوحید و ئیسلام مرد بێت ، سوپاس بۆ خوا ، ئیماندار ھەیە تاقی دەکرێتەوە بە خراپە و تاوان و لەسەری دەمرێت و تەوبە ناکات ، ئەمە لە مەترسی دایە ، ھەیە دەمرێت لەسەر زینا ، یان لەسەر ئازاردانی دایک و باوک دەمرێت ، یان ھەیە دەمرێت لەسەر خواردنەوەی عەرەق یان ڕیبا ، ھەیە دەمرێت لەسەر زۆر تاوان ، ئەمە لە مەترسی دایە ، بەڵام لەناو ئاگر ھەتا ھەتایی نابێت ئەگەر چووە ناوی ، چونکە موسلمانە و لەسەر تەوحید مردووە ، ئەگەر چووە ناوی ھەتا ھەتایی نابێت ، بەڵکو سزا دەدرێت بەگوێرەی تاوانەکەی ، پاشان دەردەھێنرێت و دەچێتە بەھەشت ، خوای گەورە عەفوی دەکات ، ھەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت : " إِنَّ اللَّهَ لا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاءُ " [النساء:48] . )) نور علی الدرب .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام