پرسیار : حوکمی ئەو کەسەی دەڵێت نوێژ واجب نییە ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن ئینکاری کردنی نوێژ دوو حالەتە :
حالەتی یەکەم : ئەگەر ئینکاری واجبی نوێژ بکات ئەوە سەیری دەکەین ئەگەر نەزان بێت ، لەو کەسانە بێت عوزری نەزانینی لێ وەربگیرێت ، وەک ئەوەی تازە موسلمان بووە ، یان خەڵکی گوند بووە ، لەم حالەتە حوکمی کوفری بەسەر نادەین ، چونکە عوزری ھەیە بە نەزانین ، وە دەبێت فێر بکرێت و بۆی ڕوون بکرێتەوە .
حالەتی دووەم : ئەگەر لەو کەسانە نەبێت عوزری بە نەزانین لێی وەربگیرێت ، وەک ئەوەی لەناو موسلمانان دەژیت لە شار ، ئەمەیان عوزری لێ وەرناگیرێت ، بانگەشەی نەزانینی لێ وەرناگیرێت ، حوکم دەدرێت بە کافر بوونی .
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەو کەسەی نوێژی تەرک کردووە ئەم دوو حالەتەیە :
یان ئینکاری واجبی نوێژ دەکات ، یان ئینکاری ناکات ، ئەگەر ئینکاری واجبی نوێژ بکات ئەوە سەیری دەکەین ، ئەگەر نەزان بێت ، لەو کەسانە بێت عوزری نەزانینی لێ وەربگیرێت ، وەک ئەوە تازە موسلمان بووە ، یان خەڵکی گوند بووە ، ئەوە فێڕی نوێژو واجبی نوێژ دەکرێت ، حوکم نادرێت بە کافر بوونی چونکە عوزری ھەیە .
ئەگەر لەو کەسانە نەبێت عوزری بە نەزانین لێی وەربگیرێت ، وەک ئەوە لەناو موسلمانان دەژیت لە شاڕ ، ئەمەیان عوزری لێ وەرناگیرێت ، بانگەشەی نەزانینی لێ وەرناگیرێت ، حوکم دەدرێت بە کافر بوونی ، چونکە بەڵگەکان لە قورئان و سونەت دیارن ، موسلمانان ئەمیان کردووە بە بەردەوامی ، واجبی نوێژ لەم حالەتە شاراوە نییە ، ئینکاری ناکات ئیلا بە درۆخستنەوەی خوا و پێغەمبەر و ئیجماعی ئومەت نەبێت ، ئەمەیان دەبێتە ھەڵگەڕاوە لە ئیسلام ، حوکمەکەی وەک ھەڵگەڕاوەکانی ترە بۆ داوای تەوبە لێکردن و کوشتنی، نەم زانیووە لەمە جیاوازی ھەبێت . )) المغنی ج٢ لاپەڕە ٣٢٩ .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەر کەسێک ئینکاری واجبی نوێژ بکات کافرە ئەگەر نوێژیش بکات ، ئەگەر پیاوێک بڵێت : ئەم پێنج نوێژە سونەتن ، ئەوە کافرە ، چونکە ئینکاری واجبێک لە واجبەکانی ئیسلامی کردووە ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەری ، ... )) فتح ذي الجلال والإكرام ج۲ لاپەڕە ٨ .
———————————————————————————————————————
Www.ferdaws.net