پرسیار : چۆن وەڵامی سەلام دەدەیتەوە ئەگەر لەناو نوێژ بیت ؟
وەڵام : زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون بە ئیشارەت وەڵامی سەلام دەدەیتەوە ، بەڵکو ھەندێک ئیجماع نقل دەکەن .
ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( مەزھەبی ئێمە : دروست نییە وەڵامی سەلام بدەیتەوە لەناو نوێژ بە قسە ، وە واجبیش نییە وەڵامی سەلام بدەیتەوە ، بەڵکو سونەتە وەڵامی سەلام بدەیتەوە لەم حالەتە بە ئیشارەت ، ئەگەر نا دوای سەلام بە قسە وەڵامی سەلام دەدەیتەوە ، ئەمە وتەی ابنُ عُمرَ ، و ابنُ عبَّاس ، و مالك ، و أحمد ، وإسحاق ، و جمهور العلماء .)) المجموع ج٤ لاپەڕە ١٠٤ .
ابنُ عبد البر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوە ھەر کەسێک سەلام لێی کرا لەناو نوێژدا ، ئەوە وەڵام ناداتەوە بە زمان ، ھەروەھا ھەموویان یەک دەنگ ھەر کەسێک وەڵام بداتەوە بە ئیشارەت ئەوە وەڵام دانەوەی لەسەر لاچووە و بۆی حساب دەکرێت و ھیچی لەسەر نییە . )) التمھید ج٢١ لاپەڕە ١٠٩ .
زانایان دەڵێن دوو ڕیوایەت ھاتوون بۆ چۆنیەتی وەڵام دانەوەی سەلام بە ئیشارەت :
(١) ڕوایەت ھاتووە بە دەست وەڵامی سەلامی داوەتەوە .
(٢) ڕیوایەتی تر ھاتووە بە پەنجە وەڵامی سەلامی داوەتەوە .
شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( جیاوازی نییە لەنێوان ڕیوایەتەکان ، جارێکیان وەڵامی داوەتەوە بە پەنجە ، وە جارێکی تر وەڵامی داوەتەوە بە دەست ، لەوانەش مەبەست بە دەست پەنجە بێت حمل المطلق علی المقید . )) نیل الأوطار ج٢ لاپەڕە ٣٧٠ .
فەرموودەی ابن مسعود ھاتووە : (( فأومأ برأسە )) ، وفي رواية : (( فقال برأسه : يعني الرد )) أخرجه البيهقي (٢٦٠/٢) من رواية محمد بن الصلت التوزي ، وقد تفرد به ، قاله البيهقي ، وقال الحافظ في " التقريب : ( صدق يهم ) .
بەڵام ئەم فەرموودەیە بۆ جێگیر بوونی جێگای تێڕوانینە ، لەبەر لاوازی فەرموودەکە ، ئەگەر تەنھا بەو دوو شێوەی باسمان کرد وەلامی سەلام بدەیتەوە باشترە ، واللە أعلم .
شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( جمع لەنێوان ڕیوایەتەکان پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت جارێکیان ئەمەی کردووە و جارێکی تر ئەوی تری کردووە ، کەواتە ھەموویان دروستن . )) نیل الأوطار ج٢ لاپەڕە ٣٧١ .
————————————————————————————
Www.ferdaws.net