پرسیار : حوکمی مەسح کردن لەسەر خوفی دڕاو ؟
وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە گۆرییەی دڕاو ، بەھێزترین وتە ئەم دوو وتەیەیە :
یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دروستە مەسح لەسەر خوف بکەیت ئەگەر گۆرییەکە دڕانی کەم بێت ، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و ابن بازە ، بەڵگە :
(١) لەبەر ئەوە بە خوف دەڵێن خوف چونکە ھەموو قاچی داپۆشیوە ، بەڵام ئەگەر کەم بێت چاوپۆشی لێی کراوە .
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دڕاوی کەم چاوپۆشی لێی کراوە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان ، دڕاوی کەم لەڕووی عورفەوە چاوپۆشی کراوە ، چونکە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت :" يَسِّروا ولا تُعسِّروا " ، خوای گەورە دەفەرمووێت : " وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَج " چونکە خەڵک زۆرینەیان خوفیان سەلامەت نییە لە کون و دڕان . )) فتاوی نور علی الدرب ج٥ لاپەڕە ١٥٦ .
دووەم : دروستە مەسح لەسەر خوفی دڕاو بکەیت بە مطلقی ، مادەم گۆریەیەک بێت بتوانی لەسەری بڕۆیت ، ئەمە مەزھەبی ظاهري و وتەی کۆنی شافعی یە ، وە وتەی ابن منذر و ابن تیمییە و محمد الأمین الشنقطی و ابن عثیمینە ، بەڵگە :
(١) شارع فەرمانی بە ئێمە کردووە بۆ مەسح کردن بە مطلقی ، مقیدی نەکردووە بە خوفێک دڕاو نەبێت .
(٢) پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت زانیویەتی خوف و گۆرییە ھەیە دڕاو ھەیە ، ھەیە کون کونە و ھەیە سەلامەتە ، باس نەکردنی بەڵگەیە ھەموویان ڕێگەپێدراون .
(٣) زۆرینەی ھاوەڵان گۆرییە و خوفیان دڕاو بوو ، ئەگەر دروست نەبوایا باسی دەکرد چونکە پەیوەندی بە نوێژەوە ھەیە .
(٤) بە مەرج دانان نابێت خوف دڕاو بێت پێچەوانەی مەبەستی ڕوخسەت دانە بۆ مەسح کردن لەسەر خوف ، چونکە مەسح کردن لەسەر خوف بۆ ئەوەیە ھەتا ئاسان بێت لەسەر ئومەت و نەبێتە بارگرانی .
ابن تيميَّة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروستە مەسح لەسەر خوفی دڕاو بکەیت مادەم ناوی خوفی لەسەر ماوە ، وە بکرێت لەسەری بڕۆیت . )) الفتاوى الكبرى ج٥ لاپەڕە ٣٠٤ .
ابنُ عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە گۆرییەی دڕاو ، وتەی ڕاست دروستە مادەم ناوی خوفی لەسەر ماوە ، کە ئەمە وتەی ابن مُنذِر ، ثوريِّ وإسحاق، ويزيد بن هارون وأبي ثور ، شيخُ الإسلامِ ابن تيميیە ، دەڵێت : مادەم ناوی خوفی لەسەر ماوە ، وە بکرێت لەسەری بڕۆیت .)) مجموع فتاوى ورسائل العثيمين ج١١ لاپەڕە ١٩١ .
محمد الأمین الشِّنقيطي ڕەحمەتی خوای لێ بێت : (( نزیکترین وتە لای من : مەسح کردن لەسەر خوفی دڕاو دروستە ئەگەر دڕانەکەی زۆر زۆر نەبێت ، ھەتا ڕێگر نەبێت بۆ لەسەر ڕۆیشتنی ، لەبەر مطلقی دەقەکان ، لەگەڵ ئەمەش زۆرینەی خوفەکانی مسافرەکان و جەنگاوەرەکان سەلامەت نەبوون لە دڕان ، واللە تعالى أعلَمُ . )) أضواء البيان ج١ لاپەڕە ٣٤١.
وتەی ڕاست وتەی دووەمە .
—————————————————————————————
Www.ferdaws.net