پرسیار : حوکمی مردوو شاردنەوە لە ماڵەوە ؟
وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە مردوو شاردنەوە لە ماڵەوە ، دوو وتە ھەیە :
یەکەم : زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دروستە مردوو بنێژیت لە ماڵەوە ، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و حەنابلەیە ، بەڵگە :
(١) پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت لە حوجرەی عائیشە نێژراوە .
دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون باش نییە مردوو بنێژیت لە ماڵەوە ، کە ئەمە وتەی ھەندێک شافعی و حەنابلە و ابن حجرە ، بەڵگە :
(١) عن أبي هريرة رضی اللە عنە قال : قال رسول الله صلی اللە علیە وسلم : (( لا تجعلوا بيوتكم قبوراً ، ولا تجعلوا قبري عيداً ، وصلوا عليّ ، فإن صلاتكم تبلغني حيث كنتم )) رواه أبو داود بإسناد حسن، ورواته ثقات.
واتە : لە ئەبو ھوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێ ڕازی بێت فەرمووی : پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ماڵەكانتان مەکەن بە گۆڕستان ، گۆڕیشم مەکەن بە شوێنی کۆبوونەوە و یادەوەری ، لە ھەر شوێنێک بوون سەلاواتم لەسەر بدەن ، چونکە سەلاواتدانی ئێوە لەسەر من لە ھەر کوێ بن پێم دەگات )) .
(٢) لە سەردەمی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ھەتا ئێستا خەڵک مردوویان لە گۆڕستان شاردۆتەوە .
(٣) شاردنەوە لە ماڵەوە دڵ تەنگی و ناخۆشی دروست دەکات بۆ نەوەکانی .
(٤) شاردنەوە لە ماڵەوە ئەگەری ئیھانەکردن گۆڕی ھەیە ، یان ئەگەری پیس کردن و بەسەر کەوتنی ھەیە .
(٥) ئەگەر لە گۆڕستان بێت خەڵک دوعای ڕەحمەت و لێ خۆش بوونی بۆ دەکەن .
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( شاردنەوە لە گۆڕستانی موسلمانان باشتر و خۆشەویسترە لە مالەوە لای باوکی عبداللە ، واتە لای ئیمام ئەحمەد ، چونکە کەمترین زیانی ھەیە لەسەر زیندووەکان لە میراتگرانی ، وە نزیکترە لە لێک چوون بە نیشتەجێی ئاخیرەت ، وە باشترە بۆ زۆر دوعا کردن لێ خۆش بوون بۆی ، ھەمیشە ھاوەڵان و تابعی یەکان و ئەوانەی دواتر مردوویان لە گۆڕستان شاردۆتەوە .
ئەگەر وترا : پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت لە ماڵی خۆی نێژراوە ، وە گۆڕی دوو ھاوەڵیشی لەگەڵە ؟
دەڵێین : عائیشە دەفەرمووێت : ئەمە کرا بۆ ئەوەی گۆڕی نەکرێتە مزگەوت . رواە البخاری . )) المغنی ج٢ لاپەڕە ١٩٣ .
النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروستە مردوو لە مالەوە و گۆڕستان بنێژیت ، وە گۆڕستان باشترە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان . )) المجموع ج٥ لاپەڕە ٢٤٥ .
پوختەی وەڵامی زانایان :
(١) ھەموو زانایان یەک دەنگن باشتر وایە مردوو لە گۆڕستان بنێژیت .
(٢) شاردنەوەی مردوو لە ماڵەوە باش نییە .
—————————————————————————————
Www.ferdaws.net