پرسیار : ئایا ئاژەڵی ئاوس دەکرێت بکەیتە قوربانی ؟
وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە ئاژەڵی ئاوس بۆ قوربانی ، دوو وتە ھەیە :
یەکەم : زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دروستە ئاژەڵی ئاوس بکەیتە قوربانی ، بەڵگە :
(١) ئاژەڵی ئاوس ھیچ عەیبێکی نییە و ھیچ دەق نەھاتوون لە سەر ڕێگری کردنی .
دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروست نییە ئاژەڵی ئاوس بکەیتە قوربانی ، کە ئەمە وتەی شافعی یە و چەند زانای ترە ، بەڵگە :
(١) ئاوس بوون ورگی پووچ دەکات و گۆشتەکەی ناخۆش دەکات یان وای لێ دێت وەک شتێکی بە بێز دەبێت .
لە الموسوعة الفقهية الكويتية باس کراوە دەڵێت : (( زۆربەی زانایان ئاوس بوونی ئاژەڵیان باس نەکردووە بە عەیب بۆ قوربانی ، پێچەوانەی شافعی بە ڕوونی دەڵێت بە قوربانی ناچێت ، ورگی پووچ دەکات و گۆشتەکەی ناخۆش دەکات یان وای لێ دێت وەک شتێکی بە بێز دەبێت . )) الموسوعة الفقهية الكويتية (٢٨١/١٦) .
ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( قوربانی بە ئاژەڵی ئاوس دروستە ، ئەگەر بێچووی ناو ورگی بە مردووی دەرچوو ، ئەوە سەربڕینی دایکی سەر بڕینی بێچووەکەشە لای شافعی و ئەحمەد و کەسانی تر . )) مجموع الفتاوى (٣٠٧/٢٦) .
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر بێچووی دەرچوو بە زیندووی ژیانێکی جێگیری ھەبوو ، دەکرێت سەر ببڕیت ، ئەگەر سەر نەبڕی ھەتا دەمرێت ، ئەوە حەڵاڵ نییە و بە سەربڕدراو حساب ناکرێت ، ئیمام ئەحمەد دەڵێت : ئەگەر بە زیندووی دەرچوو دەبێت ئیلا سەر ببڕدرێت ، چونکە نەفسێکی ترە . )) "المغني" (٣٢١/٩) .
عَنْ أَبِي سَعِيدٍ عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : (( ذَكَاةُ الْجَنِينِ ذَكَاةُ أُمِّهِ )) أبو داود (٢٨٢٨) ، والترمذي (١٤٧٦) وصححه, وابن ماجة (٣١٩٩) وأحمد (١٠٩٥٠) ، وصححه الألباني في " صحيح الجامع " (٣٤٣١) .
محمد بن إبراهيم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروستە قوربانی بکەیت بە مەڕ و بزنی ئاوس ، ھەروەک چۆن دروستە قوربانی بکەیت بە ئاژەڵێک ئاوس نەبێت ، ئەگەر سەلامەت بوو لە عەیبەکان . )) "فتاوى ورسائل الشيخ محمد بن إبراهيم" (١٤٦/٦) .
پوختەی وەڵامی زانایان :
(١) دروستە ئاژەڵی ئاوس بکرێتە قوربانی لەسەر وتەی زۆربەی زانایان ، کە ئەمە وتەی ڕاستە .
(٢) بێچووی ئاژەڵی ئاوس ئەگەر بە مردووی دەرچوو ، ئەوە خواردنی حەڵاڵە ، چونكە سەر بڕینی دایکی سەربڕینە بۆ بێچووەکەش .
(٣) بێچووی ئاژەڵی ئاوس ئەگەر بە زیندووی دەرچوو ، ئەو کات دەبێت سەر ببڕدرێت ، ئەگەر بمرێت خواردنی حەڵاڵ نییە .
————————————————————————————————
Www.ferdaws.net