پرسیار : ئاژەڵم کڕیوە بۆ قوربانی بەڵام مرد پێش ڕۆژی جەژن ، ئایا خێری قوربانیم بۆ حساب دەکرێت ، یان دەبێت ئاژەڵێکی تر بکڕمەوە بۆ قوربانی ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن ھەر کەسێک قوربانی دیار بکات یان بکڕێت ، پاشان بمرێت ئەم دوو حالەتەیە :
حالەتی یەکەم : ئاژەڵەکە دەمرێت بێ کەمتەرخەمی کەسەکە ، یان بێ ئەوەی کەسەکە ھۆکاری مردنی بێت ، ئەمەیان ھیچی لەسەر نییە .
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر قوربانی تیاچوو لە دەستی بێ ئەوەی کەمتەرخەم بێت ، یان دزرا ، یان بزر بوو ، ئەوە ھیچی لەسەر نییە ، چونکە ئەمانەتێک بوو لە دەستی ، زەمانەتی ناکات ئەگەر کەمتەرخەم نەبوو وەک وەدیعە . )) المغنی (٣٥٣/٩) .
حالەتی دووەم : ئەگەر خۆی ئاژەڵەکەی تیا برد یان ھۆکار بوو بۆ تیاچوونی ئاژەڵەکە ، لەم حالەتە ئەگەر قوربانییەکەی واجب بوو ، ئەوە واجبە ئاژەڵێکی تری وەک ئەو بکەیتە قوربانی .
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر ئاژەڵی قوربانی واجبی تیابرد ، لەسەریەتی بە نرخی ئەو ئاژەڵە ئاژەڵێکی تر بکڕێتەوە ، ... )) المغنی (٣٥٢/٩) .
ھەر کەسێک پڕ بە دڵ حەز بکات قوربانی بکات و نییەتی ھەبێت ، ئەوە وەک فاعل وایە قوربانی کردبێت ، لەم حالەتە خێری قوربانی بۆی دەنووسرێت .
——————————————————————————
Www.ferdaws.net