پرسیار : حوکمی عەقیقە کردن پێش ڕۆژی حەوتەم یان پاش ڕۆژی حەوتەم ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن دروستە عەقیقە پێش ڕۆژی حەوتەم و دوای ڕۆژی حەوتەم بکرێت ، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلە و ابن قیم و ابن عثیمینە ، بەڵگە :
(١) کردنی عەقیقە دوای سەبەب دروستە ، وەک پێش خستنی کەفارەت پێش ئەوەی سوێند بشکێنیت .
(٢) لەدایک بوون کاتی عەقیقەیە ، ھەر کاتێک بکەیت دوای لە دایک بوون دروستە .
ابنُ القيِّمِ ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی دیار بێت تقیید کردن بە ڕۆژی حەوتەم سونەتە ، ئەگەر ئاژەڵ سەرببڕێت لە ڕۆژی چوارەم یان ھەشتەم یان دەیەم یان دواتر دروستە و بۆی بە عەقیقە حساب دەکرێت . )) تحفة المودود بأحكام المولود لاپەڕە ٦٣ .
ابنُ حَزْمٍ ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نقل کراوە لە ابن سیرین ھیچ تێدا نییە ئاژەل سەرببڕیت بۆ عەقیقە پێش ڕۆژی حەوتەم یان دوای ڕۆژی حەوتەم . )) المحلی (٢٣٩/٦) .
ابنُ عبدِ البَر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لەیث دەفەرمووێت : عەقیقە بۆ مناڵ دەکرێت لە ڕۆژی حەوتەم ، ئەگەر عەقیقە ئامادە نەبێت بۆ ڕۆژی حەوتەم ، ئەوە ھیچی تێدا نییە عەقیقە بۆی بکرێت دوای ڕۆژی حەوتەم . )) الاستذكار (٣١٧/٥) .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( باشتر وایە لە ڕۆژی حەوتەم عەقیقە بکرێت ، زانایان دەڵێن : ئەگەر ڕۆژی حەوتەم بڕوات ئەوە ڕۆژی چواردە با عەقیقە بکات ، ئەگەر ڕۆژی چواردەش بڕوات ئەوە ڕۆژی بیست و یەک ، ئەگەر ڕۆژی بیست و یەکیش بڕوات ئەوە ھەر کاتێک دەکەیت دروستە ، ھیچی تێدا نییە ئاژەڵ سەرببڕیت لە ڕۆژی شەشەم یان پێنجەم یان دەیەم یان دوازدەم ، بەڵام کاتە باشەکان ئەمانە : حەوتەم و چواردەم و بیست و یەک . )) مجموع فتاوى ورسائل ابن عثيمين (٢١٥/٢٥) .
ھەروەھا دەفەرمووێت : (( چونکە عەقیقە لە ڕۆژی حەوتەم سونەتە ، ئەگەر سەرببڕیت لە بێجگە لە ڕۆژی حەوتەم دروستە و بۆی بە عەقیقە حساب دەکرێت . )) مجموع فتاوى ورسائل ابن عثيمين (٢٢٩/٢٥) .
—————————————————————————————————
Www.ferdaws.net