سەردێری پرسیار:حوکمی نوێژ کردن ڕووەو ئاگر یان سۆپە ؟

بەرواری دانان :2018-10-02 کۆدی پرسیار:142

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە نوێژ ڕووەو ئاگر یان سۆپە بکەیت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // نوێژ کردن ڕووەو ئاگر دوو وتە هەیە :

یەکەم // زۆربەی زانایان دەلێن باش نییە نوێژ ڕووەو ئاگر بکەیت ، مالکی و حنابلە دەلێن باش نییە بلێسەی ئاگر و چرا و قەندیل و شەمعە ڕووەو قیبلەت بێت ، بەلام حەنەفی دەلێن باش نییە پەلی ئاگر ڕووەو قیبلەت بێت نەک بلێسە ، بەلگە :

(١) نوێژ کردن ڕووەو ئاگر خۆ چوواندنە بە ئاگر پەرستان ( مەجوس ) .

(٢) قیاس دەکەن لەسەر ڕێگری کردنی سونەت لە کاتی خۆرهەلاتن و خۆرئاوا بوون ، ئەگەر ئەمەیان باش نەبێت ئەی چۆن دەبێت نوێژ ڕووەو ئاگر بکەیت.

دووەم // هەنێک زانا دەلێن دروستە نوێژ ڕووەو ئاگر بکەیت ، کە ئەمە وتەی ظاهریەکانە ، ڕووکەشی وتەی بوخارییە ، بەلگە :

(١) فەرموودەی ئەنەس بوخاری دەلێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( عرضت علی النار وٲنا ٲصلي )) واتە : ئاگر پیشانی من درا من نوێژم دەکرد .لە ناو نوێژ ئاگر پیشانی دراوە ڕووەو قیبلەی ، ئەگەر باش نەبوایا پیشانی نەدەدرا .

ئیمام بوخاری لە کتابەکەی خۆی دا بابێکی داناوە بە ناونیشانی (( باب من صلی وقدامه تنور ٲو نار ، ٲو شئ مما یعبد فٲراد به الله )) واتە : باب هەر کەسێک نوێژ بکات پێشی تەنور بێت یان ئاگر یان شتێک بپەرسترێت ، مەبەست پێی خوا بێت .

ابن ڕەجەب ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەلێت : مەبەستی بوخاری ئەوەیە هەر کەسێک نوێژ بۆ خوا بکات ، شتێکی لە پێش بێت لەو جنسەی کە دەپەرسترێت وەک ئاگر و تەنور و بیجگە لە مانە ، ئەوە نوێژی دروستە ، ڕووکەشی وتەکەی وادیارە دروستە نوێژ ڕووەو ئاگر بکەیت .

(٢) چەند فەرموودەی تری هاوشێوەی فەرموودەی ئەنەس هاتوون دەکەنە بەلگە .

(٣) هیچ جیاوازی نییە لە نێوان کەسێک نوێژ ڕووەو بەرد بکات یان ئاگر ، کە ئیجماع هەیە دروستە نوێژ ڕووەو بەرد بکەیت کەچی پەیکەر پەرست هەبوونە پەیکەریان لە بەرد دروست کردووە و دەیان پەرست ، بۆچی دەلێی نوێژ ڕووەو ئاگر باش نییە بەلام بۆ بەرد دەلێی دروستە .

وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە ، کە باش نییە نوێژ ڕوووەو ئاگر بکەیت ، چونکە :

(۱) ئەو ئاگرەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بینی شتێکی غەیبییە نابێت وەک ئاگری دونیا حساب بکەی .

(۲) دەلێین ئاگر پیشانی دراو بە ویستی خۆی نەبوو ، هەر کەسێک بەویستی خۆی ئاگر لە پێش خۆی دابنێت کاتی نوێژ دەلێین باش نییە .

(۳) دەلێین ئاگری دونیا باش نییە ڕووەو قیبلەت بێت نەک ئاگری قیامەت یان ئاگرێکی غەیبی .

(٤) سەبارەت بە نوێژ کردن ڕووەو بەرد دەلێین لێک جیاوازن ، ئەگەر بەرد شێوەی پەیکەر بوایا ئەو کات دەمان ووت نابێت .وە ئەگەر بلێیت ڕووەو بەرد نابێت زۆر گران دەبێت چونکە خانوو بەردە یان چەندین شوێن بەزۆری بەردی لێیە ئەو کات نوێژ کردن زۆر گران دەبێت .

سەبارەت نوێژ کردن ڕووەو سۆپا ، ابن عثیمین و ابن جبرین ، اللجنە الدائمە ڕەحمەتی خوایان لێ بێت دەلێن : دروستە نوێژ ڕووەو سۆپە بکرێت ، چونکە ئەمەیان وەک ئاگری مەجوس نییە ، هەروەها خەلک پێویستیان پێ هەیە خۆیان پێی گەرم دەکەنەوە .

دەلێین سۆپا جیاوازە لە گەل ئاگری مەجوس ، بەلام باشتر وایە سۆپا لە تەنیشت خۆت دابنێیت یان پشت خۆت دابنێیت کاتی نوێژ ، ئەگەر رووەو سۆپە نوێژ بکات نوێژی دروستە ، واللە ٲعلم .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام