پرسیار : ئایا دروستە ئافرەت بانگ بدات و قامەت بکات ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن بانگ دان و قامەت کردن ئافرەت دوو حالەتە :
حالەتی یەکەم : ئافرەت بانگ دەدات و قامەت دەکات بۆ پیاوان ، ئەمەیان دروست نییە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان .
ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئافرەت بانگ نادات ، ئەگەر ئافرەت بانگ بدات بۆ پیاوان بانگی دروست نییە بۆیان . )) الأم (٨٤/١) .
حالەتی دووەم : ئافرەت بانگ دەدات و قامەت دەکات بۆ خۆی یان بۆ کۆمەڵێک ئافرەت بێ ئەوەی دەنگی بگات بە پیاوی بێگانە ، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان :
یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نابێت ئافرەت بانگ بدات و قامەت بکات ، بانگ و قامەت تایبەتە بە پیاو .
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ڕێگەپێدراو نییە بۆ ئافرەت بانگ بدات و قامەت بکات بۆ نوێژی خۆی ، ئەمەیان کاری پیاوانە ، سەبارەت بە ئافرەتان ڕێگەپێدراو نییە بۆیان بانگ بدەن و قامەت بکەن ، بەڵکو نوێژ دەکەن بێ بانگ و قامەت ، ... )) مجموع فتاوى و رسائل الشيخ عبدالعزيز بن عبدالله بن باز - المجلد العاشر.
دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون بۆ ئافرەتیش سونەتە وەک پیاو بانگ بدات و قامەت بکات ، کە ئەمە وتەی ڕاستە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھیچی تێدا نییە ئافرەت قامەت بکات بۆ نوێژ ئەگەر نوێژ لە ماڵی خۆی بکات ، ئەگەر قامەتیش نەکات ھیچی لەسەر نییە ، چونکە قامەت کردن واجبە لەسەر کۆمەلێک پیاو ، ھەتا ئەگەر پیاویش بە تەنیا بێت نوێژ بکات قامەت کردن لەسەری واجب نییە ، ئەگەر قامەت بکات باشترە ، ئەگەر قامەت نەکات ھیچی لەسەر نییە . )) مجموع فتاوى و رسائل الشيخ محمد صالح العثيمين المجلد الثاني عشر - باب الأذان والإقامة .
———————————————————
Www.ferdaws.net