سەردێری پرسیار:بۆچی ئەصل وایە گۆشتی ئاژەڵ حەڕامە ، ئەی ئەصڵ وا نییە ھەموو ئاژەڵێک حەڵاڵە ئیلا بەڵگە ھاتبێت لەسەر حەڕامی ؟

بەرواری دانان :2019-09-07 کۆدی پرسیار:1459

پرسیار:

پرسیار : بۆچی ئەصل وایە گۆشتی ئاژەڵ حەڕامە ، ئەی ئەصڵ وا نییە ھەموو ئاژەڵێک حەڵاڵە ئیلا بەڵگە ھاتبێت لەسەر حەڕامی ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن ئەصل لە ئاژەڵی سەربڕدراو یان گۆشت حەڕامی یە ، حەڵاڵ نییە ئاژەڵی سەربڕدراو بخۆیی ئیلا ئەگەر بزانیت بە شێوەیەکی شەرعی سەربڕدراوە .

ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( قاعیدەیەکی گرینگ ھەیە ئەویش ئەوەیە ئەگەر گومان دروست بوو لە سەربڕینی ئاژەڵی ڕێگەپێدراو ، ئەوە حەڵاڵ نییە ، چونکە ئەصڵ وایە حەڕامە ، ئەمەیان جیاوازی نییە لەنێوان زانایان . )) شرح صحیح مسلم (١١٦/١٣) .

محمد بن صالح العثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەصڵ لە ئاژەڵی سەربڕدراو حەڕامی یە ھەتا دەزانیت چۆن سەربڕدراوە ، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی حەڵاڵی سەربڕینە بە شێوەی شەرعی . )) فتاوى الصيد لاپەڕە ٢٦—٢٧ إعداد : عبدالله الطيار.

دەبێت ئەوە بزانرێت کە زانایان دەڵێن ئەصڵ لە گۆشت و ئاژەڵ دوو شتی لێک جیاوازن ، ئەصڵ لە گۆشت دا حەڕامە نەک ئەصل لە ئاژەڵ دا بۆ حەڕامی بێت ، ئەصڵ وایە ئاژەڵ حەڵاڵە ، وە ئەصڵ وایە گۆشت حەڕامە ھەتا ئێمە دەزانین یان گومانمان بەزۆری بۆ ئەوە دەچێت مباحە .

واتە : ئەگەر ئێمە بەگومان بووین لەم ئاژەڵە حەڵاڵە یان حەڕامە ؟ ئەوە حەڵاڵە و سەری دەبڕین و دەیخۆین ، ئەگەر بەگومان بووین لەم گۆشتە ئایا سەربڕدراوە یان مردار بووە ؟ ئەصڵ وایە حەڕامە ، ھەتا بەزۆری گومانت بۆ ئەوە دەچێت حەڵاڵە .

ڕاستە ھەندێک زانا لە کتابەکانیان دا دەڵێن : ئەصڵ لە ئاژەڵ دا بۆ حەڕامی یە ، بەڵام مەبەستیان ئاژەڵی سەربڕدراوە نەک ئاژەڵی زیندوو بێت .

خطابي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئاژەڵ ئەصل وایە حەڕامن ھەتا دڵنیا دەبیت لە سەربڕین ، حەڵاڵ نابێت بە گومان . )) معالم السنن (٢٨٢/٤) .

وشاطبي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئاژەڵەکان ئەصڵ وایە ڕێگری کراوە لە خواردنی ھەتا سەردەبڕدرێت بە شێوەیەکی شەرعی ، ... )) الموافقات (٤٠١/١) .

———————————————————

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام