سەردێری پرسیار:حوکمی پاداشت وەرگرتن لەسەر بانگدان ؟

بەرواری دانان :2019-09-22 کۆدی پرسیار:1492

پرسیار:

پرسیار : حوکمی پاداشت وەرگرتن لەسەر بانگدان ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە وەرگرتنی پاداشت لەسەر بانگدان ، سێ وتە ھەیە :

یەکەم : ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نابێت پاداشت وەربگریت لەسەر بانگدان و قامەت کردن ، کە ئەمە حەنەفی و ابن حبیبی مالکی و وتەی بەناوبانگی حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ابن حزمە ، بەڵگە :

(١) عَنْ عُثْمَانَ بنِ أَبِي الْعَاصِ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّهُ قَالَ : يَا رَسُولَ اللَّهِ اجْعَلْنِي إِمَامَ قَوْمِي، فَقَالَ : (( أَنْتَ إِمَامُهُمْ وَاقْتَدِ بِأَضْعَفِهِمْ، وَاتَّخِذْ مُؤَذِّنًا لا يَأْخُذُ عَلَى أَذَانِهِ أَجْرًا )) أَخْرَجَهُ الْخَمْسَةُ وَحَسَّنَهُ التِّرْمِذِيُّ ، وَصَحَّحَهُ الْحَاكِمُ .

واتە : لە عُثْمَانَ بنِ أَبِي الْعَاصِ دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت بە پێغەمبەری گوت : ئەی نێردراوی خوا بمکە بە ئیمامی قەومی خۆم ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی : (( تۆ ئیمامیانی ، ئاگات لە لاوازەکان بێت و مراعاتی لاوازیان بکە " واتە : نوێژ درێژ مەکە و لاوازەکان ماندوو بکەیت " ، وە بانگدەرێک دابنێ پاداشت وەرنەگرێت لەسەر بانگدان )) .

فەرموودەکە ڕوون ئاشکرایە فەرمانی کردووە بانگدەرێک دابنێت پاداشت وەرنەگرێت لەسەر بانگدان .

(٢) بانگدان عیبادەتە ، نابێت پاداشت وەربگیرێت لەسەر عیبادەت .

صنعانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( یەکێک لە سیفەتەکانی بانگدەری فەرمان پێکراو کە دابنرێت ئەوەیە پاداشت وەرنەگرێت لەسەر بانگدان ، بەڵگەیە ھەر کەسێک پاداشت وەربگرێت لەسەر بانگ فەرمان پێنەکراوە بە دانانی . )) سبل السلام (٢٤٦/١) .

دووەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە پاداشت وەربگریت لەسەر بانگدان و قامەت کردن ، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی حەنابلە و وتەی ڕاستی شافعی یە و وتەی بەناوبانگی مالکی یە ، بەڵگە :

(١) بانگدان کردەوەیەکی دیارە ، دروستە ڕزق لەسەری وەربگریت ، ئەگەر دروست بێت ڕزق لەسەری وەربگریت ئەوە دروستە کرێش وەربگریت .

سێیەم : ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە پاداشت وەربگریت لەسەر بانگدان و قامەت کردن کاتی پێویستی ، وەک ئەوەی کەسەکە ھەژار بێت ، ئەگەر دەولەمەند بێت نابێت وەریبگرێت ، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی حەنابلە و وتەی ابن تیمییە یە ، بەڵگە :

(١) ھەژاری پێویست دەکات کەسەکە وەربگرێت ، بۆ ئەوەی یارمەتیدەری ببێت لەسەر عیبادەتی خوا .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەم وتەیە وتەیەکی بەھێزە ، ئەگەر ھەژار ئەمەی کرد بۆ خوا ، پاداشتی وەرگرت بۆ حاجەتی خۆی و بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لەسەر گوێڕایەلی خوا ، خوای گەورە پاداشتی پێی دەدات بەگوێرەی نییەتەکەی ، ئەو کاتە مالی پاک و حەڵاڵی خواردووە و کردەوەی باشیشی کردووە . )) مجموعة الفتاوي ج٢٤ لاپەڕە ٣١٦ .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( کاتێک پرسیار لە ئیمام ئەحمەد کرا ڕەحمەتی خوای لێ بێت سەبارەت بە پیاوێک دەڵێت : نوێژی تەڕاویح بۆ ئێوە ناکەم ھەتا ئەوەندە ئەوەندە پارەم پێ دەدەن ، فەرمووی : " پەنا بەخوا ، کێ ھەیە نوێژ بەدوای ئەمە بکات ؟! " ، چونکە ئەمە ھیچی مەبەستی نەبووە ئیلا دونیا نەبێت .

ئەگەر یەکێک بڵێت : چ دەڵێن بۆ وەقعی ئێستا پێشەوایەکان و بانگدەرەکان پاداشت وەردەگرن ؟

وەڵام : ئەمە پاداشت نییە ، بەڵکو ئەمە ڕزقە لە بیت المال بۆ مەسلەحەتی گشتی ، یەکێک لە مەسلەحەتەکانی گشتی بانگ و قامەتە ، ھەروەک چۆن زانایان پاداشتیان وەرگرتووە لەسەر وانە گوتنەوە نەک لەپێناو پارە ، ئەمە سەرف دەکرێت لە بیت المال بۆ مسەلەحەتی گشتی ، لەبەر ئەوە زانایان دەڵێن : حەڕام نییە ڕزق وەربگریت لە بیت المال ، ....

ئەگەر ئەوەی پاداشت وەردەگرێت وەک جعالە نەک کرێ ، وەک ئەوەی بڵێت : ھەر کەسێک لەم مزەگەوتە بانگ بدات ھەنوو مانگێک ئەوەندە پارەی پێی دەدەم ، بێ ئەوەی مەرج دابنێت جیاوازی ھەیە ، ھەندێک زانا دەڵێن : ھیچی تێدا نییە ، چونکە ئەمە کرێ نییە ، جیاوازی ھەیە لەنێوان جعالە و کرێ ، کرێ عەقدێکە لەنێوان دوولا دەکرێت دەبێت ھەردوولا پابەند بن ، کەسە بەکرێ گیراوەکە دەبێت کردەوە بکات ، وە کەسی تر کە کرێچی گرتووە دەبێت پارەی پێ بدات ، پێچەوانەی جعالە ، ھەندێکی تر بۆ ئەوە چوون نابێت ، چونکە ئەم بانگدەرە ھاتووە لەبەر پاداشت .

ئەگەر شتێک بە مرۆڤ درا لە بیت المال بۆ وانە گوتنەوە ، یان ئیمامەتی ، یان بانگدان ، یان چاودێری مزگەوت کردن ، یان شتی تری وەک ئەمانە ، ئەوە ھیچی تێدا نییە و تاوانبار نابێت ، بەڵکو ئەوەی دروست نەبێت ئەوەیە داوای بکات یان داوای زیادە بکات ، نە بۆ وانە گوتنەوە و نە بۆ ئیمامەتی و نە بۆ شتی تر ، ئەمە لەحەڕامی نزیکە ، چونکە ئەمە داخلی وتەی پێغەمبەر دەبێت درود و سەلامی خوای لێ بێت بە عومەری فەرموو : " ما جاءك من هذا المال وأنت غير مشرف ولا سائل ، فخذه ، وما لا فلا تتبعه نفسك " ، بەھەر حاڵ تۆ داخلی ئەم شتە ببە ، ئەوەی پێت درا وەربگرە ، وە ھیچت لەسەر نییە ، بەڵام داوای زیادبوونی مووچە مەکە ، ...

مسألة : ئایا دروستە موسلمانان کەسێک دیار بکەن بۆ بانگدان و مووچەی بۆ کۆبکەنەوە ؟

وەڵام : بەڵێ ، ھیچی تێدا نییە بەڵام بەمەرجێک مەرج دانەنێت و بڵێت : بانگ نادەم ئیلا بە ئەوەندە و ئەوەندە . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج۲ لاپەڕە ٢١٢-٢١٤ .

سەبارەت بە پاداشت وەرگرتن لە بیت المال دروستە ، چونکە ئەمە داخلی رزق دەبێت ، جیاوازی نێوان رزق و کرێ :

(١) ڕزق داخلی بابی چاکەکردن و لێبوردەیی دەبێت ، کرێ داخلی معاوضة دەبێت .

(٢) بۆ ڕزق مەرج نییە مقدارەکەی دیار کرابێت ، وە کاتەکەشی کەی کۆتایی دێت ، پێچەوانەی کرێ دەبێت ئەمانە دیار کرابن ، وەک زانینی مقدار و کات .

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نەمان زانیووە جیاوازی ھەبێت لەسەر دروستی وەرگرتنی ڕزق لەسەر بانگدان . )) المغني (٧٠/٢) .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروست نییە پاداشت وەربگریت لەسەر بانگدان ، چونکە عیبادەتێکە لە عیبادەتەکان ، عیبادەتەکان نابێت پاداشت لەسەری وەربگریت ، لەبەر وتەی خوای گەورە دەفەرمووێت : " مَنْ كَانَ يُرِيدُ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا وَزِينَتَهَا نُوَفِّ إِلَيْهِمْ أَعْمَالَهُمْ فِيهَا وَهُمْ فِيهَا لا يُبْخَسُونَ * أُولَئِكَ الَّذِينَ لَيْسَ لَهُمْ فِي الْآخِرَةِ إِلَّا النَّارُ وَحَبِطَ مَا صَنَعُوا فِيهَا وَبَاطِلٌ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ " ، چونکە ئەگەر مەبەست لە بانگدانی دونیا بێت ئەوە کردەوەی پووچ دەبێت ، وە بانگی صحیح نییە ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " من عمل عملاً ليس عليه أمرنا فهو رد " ، ئیلا ڕزق نەبێت حەڕام نییە بە بانگدەر بدرێت لە بیت المال ، ئێستا دەزانرێت بە مووچە ، چونکە بیت المال دانراوە بۆ مەسلەحەتی موسلمانان ، بانگدان و قامەت کردن مەسلەحەتی موسلمانانە . )) مجموع فتاوى و رسائل الشيخ محمد صالح العثيمين المجلد الثاني عشر - باب الأذان والإقامة.

پوختەی وەڵامی زانایان :

(١) دروستە ڕزق وەربگریت لە بیت المال لەسەر بانگدان .

(٢) باش نییە پاداشت وەربگریت لەسەر بانگدان ئیلا بۆ کەسێک پێویستی پێی ھەبێت .

——————————————————

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام