سەردێری پرسیار: ئایا سەرخۆش نوێژ قەزادەکاتەوە ؟

بەرواری دانان :2019-10-04 کۆدی پرسیار:1514

پرسیار:

پرسیار : ئایا سەرخۆش نوێژ قەزادەکاتەوە ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن ھەر کەسێک سەرخۆش بێت و کاتی نوێژ چووبێت ، واجبە لەسەری نوێژ بکاتەوە ، بەڵگە :

(١) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( لا تَقْرَبُوا الصَّلاةَ وَأَنْتُمْ سُكَارَى حَتَّى تَعْلَمُوا مَا تَقُولُونَ )) [النساء : ٤٣ ] .

خوای گەورە ڕێگەی نەداوە سەرخۆش نوێژ بکات ، ھەتا بزانێت چ دەڵێت ، ئەگەر زانی چی دەڵێت و ئاگای لەخۆ بوو ، دەبێت نوێژ بکات جا ج نوێژی أداء بێت یان قەزا .

(٢) ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر قەزاکردنەوەی نوێژ ئەگەر کەسێک سەرخۆش بێت .

ابن المنذر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەموو زانایان یەک دەنگن سەرخۆش نوێژ قەزادەکاتەوە . )) الإجماع لاپەڕە ٤٢ .

ابن حزم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە سەرخۆش ھەتا کاتی نوێژ بەسەردەچێت ، یان نووستووە ھەتا کاتی دەڕوات ، یان لەبیری دەکات ھەتا کاتی دەڕوات ، لەسەر ئەمانە واجبە نوێژێ بکەن ، ... ھەموو ئەمان ئیجماع لەسەری ھەیە . )) المحلی (٩/٢) .

ابن قُدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە عەرەق ، ھەر کەسێک شتێکی حەڕام بخواتەوە و عەقلی بڕوات لە کاتی نوێژ ، ئەوە کاریگەری لەسەر لاچوونی تەکلیف نییە ، نەمان زانیووە جیاوازی ھەبێت ، لەبەر ئەوەی ئەگەر لەسەر واجب بێت نوێژ قەزابکاتەوە بە نووستن کە مباحە ، بە عەرەق کە حەڕامە لەپێشترە قەزابکاتەوە . )) المغنی (٢٩١/١) .

ابن عُثَيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر بڵێیت : ئەی خوای گەورە نافەرمووێت : " يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَقْرَبُوا الصَّلَاةَ وَأَنْتُمْ سُكَارَى حَتَّى تَعْلَمُوا مَا تَقُولُونَ " [ النساء : ٤٣ ] ، چۆن پابەند دەکەیت بە قەزاکردنەوەی نوێژ کەچی نەھی کراوە لە نزیک بوونەوە ؟

وەڵام : ئەم ئایەتە نەھی نەکردووە لە نزیک بوونەوە لە نوێژ بە مطلقی ، بەڵکو نەھی کردووە لە حالەتی سەرخۆش ھەتا دەزانێت سەرخۆش چی دەڵێت ، ئەگەر زانی چی دەڵێت ، ئەو کات واجبە لەسەری نوێژ بکات ئەگەر کاتی نوێژ مابێت ، یان واجبە قەزا بکاتەوە ئەگەر دوای کات بێت ، لەبەر ئەوە ھەر چوار پێشەوایەکان یەک دەنگن لەسەر ئەوەی ھەر کەسێک عەقلی بڕوات بە عەرەق ، ئەوە نوێژ قەزا دەکاتەوە . )) الشرح الممتع (١٨/٢) .

زانایان دەڵێن ڕاستە سەرخۆش چل ڕۆژ نوێژی قبول نابێت ، بەڵام زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دەبێت نوێژ بکات و پاداشتی بۆی نانووسرێت و پاداشتی نوێژەکە بەرامبەر تاوانەکەیە کە عەرەقی خواردۆتەوە .

—————————————————————

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام