سەردێری پرسیار: من لە ڕیزی یەکەمی نوێژم ، دەست نوێژم شکا و شەرم دەکەم لە ڕیز دەربچم ، ئایا چی بکەم ؟

بەرواری دانان :2019-10-10 کۆدی پرسیار:1525

پرسیار:

پرسیار : من لە ڕیزی یەکەمی نوێژم ، دەست نوێژم شکا و شەرم دەکەم لە ڕیز دەربچم ، ئایا چی بکەم ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام : زانایان دەڵێن دەست نوێژ مەرجێکە لە مەرجەکانی نوێژ ، ھەر کەسێک لەناو نوێژ دەست نوێژی بشکێت ، واجبە لەسەری واز لەنوێژ بھێنێت و دەست نوێژ بگرێتەوە و نوێژ بکاتەوە ، بەڵگە :

پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لَا يَقْبَلُ اللَّهُ صَلَاةَ أَحَدِكُمْ إِذَا أَحْدَثَ حَتَّى يَتَوَضَّأَ )) رواه البخاري (6440) ومسلم (330) .

زانایان دەڵێن ھەر کەسێک لەناو نوێژ دەست نوێژی بشکێت ئەم دوو حالەتەیە :

حالەتی یەکەم : کەسێک دەستی بە نوێژ کرد ، لە سەرەتایی نوێژ یان ناوەڕاستی نوێژ دەست نوێژی شکا ، لەم حالەتە دەبێ واز لە نوێژ بھێنێت و دەست نوێژ بگرێتەوە و نوێژ بکاتەوە لەگەڵ ئیمام .

نابێت شەرم بکات چونکە ئەم شتانە بەسەر ھەموو کەسێکدا دێت ، وە جاری وا ھەیە کەسەکە لەبیری کردووە دەست نوێژ بگرێت ، لەناو نوێژ بیری دەکەوێتەوە کە دەست نوێژی نەگرتووە ، ئەگەر شەرم بکات بڵێت خەڵک وا گومان دەبات ئەم کەسە ھەوای لێ دەرچووە لەبەر ئەوە وازی لە نوێژ ھێناوە ، لەم حالەتە با دەستی لەسەر لووتی دابنێت بۆ ئەوەی خەڵک وا تێبگات خوێن لە لووتی دەردەچێت .

ئەگەر یەکێک بڵێت : ئەگەر دەست لەسەر لووت دابنێت خراپترە ، چونکە خەڵک وا تێدەگات ئەمە تووشی ھەوا بەربوون بووە و ھەست بە بۆن دەکات بۆیە دەستی لەسەر لووتی داناوە ، لەم حالەتە دەڵێین : زۆرینەی خەڵک وا تێدەگات ئەوەی تووشی ھەوا بەربوون دەبێت خۆی کەشف ناکات و خۆی دەشارێتەوە ، کەواتە دوورە ئەم گومانە ببردرێت ، بەڵکو زۆرینەی خەڵک گومانیان بۆ ئەوە دەچێت تووش خوێن بەربوونی لووت بووە .

حالەتی دووەم : کەسێک دەستی بە نوێژ کرد ، لەکۆتایی نوێژ دەست نوێژی شکا ، لەم حالەتە ئەگەر بزانێت ناگات بە نوێژ لەگەڵ ئیمام یان دەبێتە بارگرانی لەبەر تێپەڕ بوون بە نێو ڕیزەکانی نوێژ ، دەتوانێ چاوەڕێ بکات ھەتا ئیمام سەلام دەداتەوە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( واجبە واز لەنوێژ بھێنیت ئەگەر مرۆڤ تووشی بێ نوێژێ بوو ، نابێت بەردەوام بێت لەسەری ، لەبەر وتەی : " فلینصرف " .

ئەگەر یەکێک بڵێت : ئەگەر دەست نوێژ شکا لەناو نوێژ و من لە ڕیزی یەکەم بووم ، ئایا دروستە بمێنمەوە و شوێن ئیمام بکەوم بێ نییەت ؟

وەڵام : دەڵێین : نەخێر ، بەڵکو واز لەنوێژ دێنیت ھەتا دەست نوێژ دەگریت و دەگەیت بە نوێژ ئەوەی ماوە .

ئەگەر یەکێک بڵێت : شەرم دەکەم واز لەنوێژ بھێنم من لەناو ڕیزم و خەڵک سەیرم دەکات ؟

ئێمە دەڵێین :

یەکەم : شەرم نییە لەسەر ئەم شتانە ، چونکە ئەم شتانە بەسەر ھەموو کەسێکدا دێت .

دووەم : ئەگەر لەمە ترسایی دەستت لەسەر لووتت دابنێ ، ئەمە فێلێکی ڕێگەپێدراوە ، ھەتا ئەگەر خەڵکیش بت بینێ دەڵێن : ئەم پیاوە خوێنی لە لووتی بەربووە ، وە خوێن لە لووت ھاتن بەسەر ھەموو کەسێکدا دێت و شەرمی تێدا نییە ، ئەوەی گرینگ بێت بەردەوام نەبێت لە نوێژ کرد . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج۲ لاپەڕە ٢٥٩-٢٦٠ .

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( ڕێگەپێدراوە بۆ ئەو کەسەی دەست نوێژی دەشکێت لەناو نوێژ واز لە نوێژ بھێنێت ، ھەروەک پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " فلا ينصرف حتى يسمع صوتًا أو يجد ريحًا " ، رواه البخاري في صحيحه ( 1/43 ) ] ؛، بەڵگەیە ھەر کەسێک دڵنیا بێت دەست نوێژی شکاوە ، ئەوە واز لەنوێژ دەھێنێت و نابێت بمێنێت لەناو نوێژ .

ئەگەر واز لەنوێژ نەھێنێت لەبەر تەسکی یان زۆری ڕیزەکان ، ئەوە نابێت بەردەوام بێت لەنوێژ ، ئەگەر بۆی کرا واز لەنوێژ بھێنێت و بڕوات ، ئەوە دەبێت وازی لێ بھێنێت و بڕوات ، ئەمەیان بەڵگەی لەسەر ھاتووە ، ئەگەر نەیتوانی بڕوات ، ئەوە دادەنیشێت ھەتا ئەو کاتەی دەرفەت بۆی ڕێک دەکەوێ بۆ دەرچوون . )) "المنتقى من فتاوى الفوزان" .

———————————————————

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام