پرسیار : پیاوێک تۆڕە بووە بەخێزانی خۆی گوتووە لەم دەقەیەوە تۆ وەک خوشکمی ، ئایا تەلاقی دەکەوێت ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن گوتنی ئەم وتەیە بۆ نییەت دەگەڕێتەوە :
(١) ئەگەر نییەتی ئەوەی ھەبێت لەسەر خۆی حەڕام بکات ، ئەوە ظهارە ، نابێت لێی نزیک ببێتەوە ھەتا کەفارەت دەدات .
(٢) ئەگەر نییەتی ئەوەی ھەبێت وەک ڕێز و خۆشەویستی ئەمەی گوتووە ، ئەوە بەظهار حساب ناکرێت و ھیچی لەسەر نییە .
ئەوەی دیار بێت قەرینەکە بەڵگەیە مەبەستی حەڕامی کردنی ھەبووە ، چونکە کێشە کەوتۆتە نێوانیان و تۆڕە بووە ، بۆیە بە ظهار حساب دەکرێت و دەبێت کەفارەت بدات .
پرسیار کراوە لە ابن تیمییە سەبارەت بە پیاوێک بە خێزانی گوتووە : تۆ لەسەرم وەک دایکم و خوشکمی ؟
لە وەلام دا دەفەرمووێت : (( ئەگەر مەبەستی ئەوە بێت تۆ لەسەر من وەک دایک و خوشکمی بۆ ڕێز و تەقدیر ، ئەوە ھیچی لەسەر نییە ، ئەگەر مەبەستی ئەوەی ھەبێت بیچوێنێت بە دایک و خوشک لە بابی نیکاح ، ئەمە ظهارە و لەسەری واجب دەبێت خۆی بگرێتەوە و نزیکی نەکەوێت ھەتا کەفارەتی ظهار دەدات . )) مجموع الفتاوی (٣٤/٥) .
ھەروەھا دەفەرمووێت : (( کەفارەتی ظهار : بەندەیەک ڕزگار دەکات ، ئەگەر نەیتوانی دوو مانگ لەسەر یەک بەڕۆژوو دەبێت ، ئەگەر نەیتوانی خواردن دەداتە شەست ھەژار . )) مجموع الفتاوی (٣٤/٧) .
لەسەردەمی نەزانین ظهاریان بە طلاق دادەنا ، زانایان دەلێن ئەگەر کەسێک بلێت مەبەستم لە ظهار طلاق بوو ئەمە لێ وەرناگرێت بە طلاق حساب ناكرێت ، چونکە :
(۱) پێچەوانەی قسەکەیەتی ، ئەوەی پێچەوانەی قسەی روون و ئاشکرا بێت وەرناگیرێت .
(۲) ئەگەر قبول بکەین بەطلاق حساب بکەین ئەوە گەراندمانەوە بۆ سەردەمی جاهلی .
ابن عثیمین رەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر مەبەست بە ظهار طلاق بێت ئایا دەبێتە طلاق ؟
وەلام : ظهار نابێتە طلاق چونکە ئەگەر بە طلاق حساب بکەی لەبەر نیەت ئەوا گەراینەوە بۆ حوکمی سەردەمی جاهلی ، چونکە لەسەردەمی جاهلی ظهاریان به طلاق حساب دەکرد ، ئەمە ناگونجێت نییەتی تێدا راست بکەین لەبەر پێچەوانی حوکمی شەرعی . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج۱۲ لاپەرە ۱٥۷
————————————————————
Www.ferdaws.net