پرسیار : حوکمی دار چاندن لە گۆڕستان ؟
وەڵام : زانایان دەڵێن دار چاندن لە گۆڕستان دروست نییە ، بەڵگە :
(١) پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ئەمەی نەکردووە و وە ھاوەڵانیش ئەمەیان نەکردووە .
(٢) گۆڕستان جێگای ڕازاندنەوە و خۆشی نییە ، بەڵکو جێگای ئەوەیە بیر لە ئاخیرەت بکەیتەوە و نابێت وەک مالی دونیا بێت .
(٣) خۆ چوواندنە بە ئەھلی کتاب کە گۆرستانەکانی خۆیان کردۆتە باخچە .
کەس ھەیە دار دەچێنێت ھەتا سێبەر دروست بێت و سوود بەخەڵک بگەیەنێت ، دەڵێین : ئەگەر خێر بوایا و شتێکی باش بوایا پێشینەکان دەیانکرد ،
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروست نییە دار لەسەر گۆڕ بچێنرێت ، وە نابێت کشتوکاڵ بچێنیت یان گەنم یان شتی تر ، چونکە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ئەمەی نەکردووە لە ناو گۆڕستان ، وە خەلیفەکان ئەمەیان نەکردووە خوا لێیان ڕازی بێت .
سەبارەت بە کردەوەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت لەگەڵ خاوەنی دوو گۆڕ ، خوای گەورە ئاگاداری کردەوە کە کە سزا دەدرێن ، دانانی دار لەسەر گۆڕ تایبەت بوو بە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت و ئەو دوو گۆڕە ، چونکە پێغەمبەر ئەمەی دووبارە نەکردەوە لەگەڵ گۆڕی تر ، ... )) مجموع فتاوى الشيخ ابن باز (٤٠٧/٥) .
محمد بن إبراهيم آل الشيخ ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دار چاندن لە گۆڕستان دروست نییە ، خۆ چواندن بە گاورەکانی تێدایە ، ئەوانەی گۆڕستانیان وەک باخچەیە ، دەبێت لابدرێت ، ... )) فتاوی ابراھیم ال الشیخ .
سەبارەت بە فەرموودەی ابن عباس أن النبي صلى الله عليه وسلم أنه مر بقبرين فقال : " إِنَّهُمَا لَيُعَذَّبَانِ وَمَا يُعَذَّبَانِ مِنْ كَبِيرٍ ثُمَّ قَالَ : بَلَى أَمَّا أَحَدُهُمَا فَكَانَ يَسْعَى بِالنَّمِيمَةِ وَأَمَّا أَحَدُهُمَا فَكَانَ لا يَسْتَتِرُ مِنْ بَوْلِهِ قَالَ : ثُمَّ أَخَذَ عُودًا رَطْبًا فَكَسَرَهُ بِاثْنَتَيْنِ ثُمَّ غَرَزَ كُلَّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا عَلَى قَبْرٍ ثُمَّ قَالَ : لَعَلَّهُ يُخَفَّفُ عَنْهُمَا مَا لَمْ يَيْبَسَا " رواه البخاري (١٣٧٨) ومسلم (٢٩٢) .
ئەمە بەڵگەیە سزا دار سوک دەکات ، بۆچی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ئەم دوو دارەی لەسەر گۆڕ دانا ھەتا سزایان لەسەر سوک بکات ، مناسەبەی چییە ؟
(١) ھەندێک دەڵێن چونکە ئەم دوو دارە تەسبیحات دەکەن ھەتا وشک نەبوونەتەوە ، تەسبیح سزا لەسەر مردوو سوک دەکات ، کەواتە ئەگەر وابێت لەسەر ئەمە دروستە مرۆڤ تەسبیحات بکات لەلای گۆڕ بۆ ئەوەی سزا سوک بێت .
(٢) ھەندێک زانای تر دەڵێن : ئەم عیلەتە لاوازە بڵێی تەسبیحات دەکات ھەتا وشک نەبۆتەوە ، چونکە دار چ تەڕ بێت یان وشک تەسبیحاتی خوای گەورە دەکات ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( تسبح له السموات السبع والأرض ومن فيهن وإن من شيء إلا يسبح بحمده ولكن لا تفقهون تسبيحهم )) [ الإسراء : ٤٤ ] .
عیلەت : پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ئومێدی ئەوەی ھەبوو خوای گەورە سزای لەسەریان سوک بکات ھەتا ئەو دارانە تەڕن ، واتە ماوەکە درێژ نەبوو وەک ئاگادار کردنەوە لە کردەوەی ئەم دوو کەسانە ، چونکە کردەوەیان لە تاوانە گەورەکانە ، ھەروەک ڕیوایەت ھاتووە دەفەرمووێت : (( بلى إنه كبير )) .
ئەمە نزیکترە لە ڕاستی بۆ مانای فەرموودەکە ، شەفاعەتی کردووە بۆیان بۆ ماوەیەکی کاتی وەک خۆپاراست لەم کردەوەیە نەک لەبەر بەخیلی پێغەمبەر بێت درود و سەلامی خوای لێ بێی کە بە بەردەوامی بۆی نەکرد ، وە نابێت وەسفی بکەیت بە بەخیل .
ھەندێک زانا ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەڵگە سونەتە دارێکی تەڕ یان دارێک یان شتی تری وەک ئەمانە لەسەر گۆڕ دابنرێت بۆ ئەوەی سزا لەسەری سووک بێت ، بەڵام ئەم تێگەیشتنە دوورە و دروست نییە ، چونکە :
(١) ئێمە نازانین و بۆمان بەدیار نەکەوتووە ئەم پیاوە سزا دەدرێت یان نە ، پێچەوانەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت خوای گەورە ئاگاداری کردەوە بە وەحی کە خاوەنی ئەم دوو گۆڕە سزا دەدرێن .
(٢) ئەگەر ئێمە ئەم کردەوەیە بکەین ئەوە گومانی خراپمان بە مردوو بردووە ، چونکە ئێمە گومانی خراپی پێ دەبەین بەوەی سزا دەدرێت لەوانەیە لەخۆشی دا بێت ، لەوانەیە ئەم مردووە لەوانە بێت خوای گەورە لێی خۆش بوو بێت پێش مردن .
(٣) ئەم تێگەیشتنە پێچەوانەی تێگەیشتن و کردەوەی پێشینەکانە ، ئەوان ئەمەیان نەکردووە .
(٤) خوای گەورە دەرگایەکی بۆ ئێمە کردۆتەوە باشترە لەمە ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دوای ناشتنی مردوو بەرامبەر گۆڕ وەستا و گوتی : (( استغفروا لأخيكم واسألوا له التثبيت فإنه الآن يسأل )) .
———————————————————
Www.ferdaws.net