پرسیار: کەسێک دەیەوێت بە پێش نوێژدا تێپەڕ ببێت، ئایا واجبە لەسەر نویژکەر ڕێگری بکات؟
وەڵام: زانایان دەڵێن هەر کەسێک بییەوێت بە پێش نوێژی کەسێکدا بڕوات، رێگەدراوە ڕێگری کەسەکە بکات بۆ ئەوەی بە پێش نوێژیدا تێپەر نەبێت، چونکە تێپەربوون بە پێش نوێژی نوێژکەر تەشویش بۆ نوێژکەر دروست دەکات و ئەو کەسەش تاوانبار دەکات کە بە پێشیدا تێپەڕ دەبێت.
عن أبي سعيدٍ الخُدريِّ رضيَ اللهُ عنه، قال: قال رسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم: (إذا صلَّى أحَدُكم إلى شيءٍ يستُرُه مِن النَّاسِ فأراد أحَدٌ أنْ يجتازَ بين يديه، فليدفَعْه، فإن أبى فليُقاتِلْه، فإنَّما هو شيطانٌ) رواە البخاری (٥٠٩)، ومسلم (٥٠٥).
واتە: لە ئەبو سەعیدی خودری دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی: (کاتێک یەکێک لە ئێوە نوێژی کرد ڕووەو بەر بەستێک بۆ ئەوەی بیپارێزێت لە خەڵک، وە یەکێک ویستی بە بەردەمیدا تێپەڕێ ئەوا با پاڵی پێوە بنێ، ئەگەر ئینکاری کرد ئەوا با بە تووندتر پاڵی پێوە بنێ چونکە ئەوە شەیتانە).
جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە لادانی ئەو کەسەی بە پێش نوێژدا دەروات، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون واجبە ئەو کەسەی دەیەوێت بە پێش نوێژدا بڕوات لابدەی و پاڵی پێوە بنێی، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن مفلح و مەرداوی و ظاهری و شەوکانی یە، بەڵگە:
(١)فەرموودەکە فەرمانی کردووە: (فليدفَعْه)، ئەمە دەلالەت لەسەر واجبی دەکات، پاڵ پشتی بۆ ئەمە: (فإن أبى فليُقاتِلْه).
دووەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون سونەتە ئەو کەسەی دەیەوێت بە پێش نوێژدا بڕوات لابدەی و پاڵی پێوە بنێی، بەڵگە:
(١)ئەم فەرمانە بۆ سونەتە نەک واجب.
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نەم زانیووە هیچ زانایەک واجبی کردبێت) شرح صحیح مسلم (٣/٤٧١).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوا لێ بێت دەفەرمووێت: (واجبە پاڵ بەو کەسە بنێیت کە دەیەوێت بە پێش نوێژدا بروات، لەبەر وتەی: (فليدفَعْه، فإن أبى فليُقاتِلْه)، ئەمە بەڵگەیە دەبێت ئیلا پاڵی پێوە بنێیت، ئەمە لەنوێژی واجبدا دیارە ئەگەر ئەوەی تێپەر دەبێت لەوانە بێت کە نوێژ بەتال دەکاتەوە، بۆ ئەەی نوێژی بەتال نەبێت کە توانای هەیە لایبدات، عیبادەتی واجب دەبێت مرۆڤ تەواوی بکات.
سەبارەت بە نوێژی سونەت ئەگەر ئەو کەسەی تێپەر دەبێت لەوانە بێت کە نوێژ بەتال ناکات، ئەوەی دیار بێت فەرمانەکە بۆ واجبی نییە، بەڵکو بۆ سونەتە، لەوانەیە یەکێک بڵێت: ئەمە لەبابی واجبە نەک لە ڕووی بەتال بوونی نوێژ، بەڵکو لە بابەتی تەمبێ کردنە بۆ ئەوەی تێپەر دەبێت بە ئاگابێت، چونکە هەندێک خەڵک " ئێمە لە حەڕەمی مەککی دەیبینین" دەرۆن چاویان لە ئاسمانە و گوێیان لێ نییە، ئەگەر هەستی بەوە کرد نوێژکەر پاڵی پێوە دەنێت ئەگەر هەر بەردەوام بوو تووندتر پاڵی پێوە دەنێت، ئەو کات بە ئاگادێت، ئەوەی گرینگ بێت واجبە لایبدەیت و پاڵی پێوە بنێی ئەگەر ئەوەی تێپەڕ دەبێت لەوانە بێت کە نوێژ بەتال دەکات، بەڵام ئەوەی تر لەوانەیە بۆ واجبی بێت وە لەوانەشە بۆ سونەت بێت، چونکە نوێژی سونەت مرۆڤ ئەگەر بیبڕێت بە ئەنقەست دروستە، بەڵام دەڵێین: ئێمە ڕووی دەدەینە شتێکی تر ئەویش ئەوەیە تەمبێ کردن و فێرکردن، دەبێت مرۆڤ برای موسلمان ئاگادار بکاتەوە، پاڵ پشتی بۆ ئەمە: (فإن أبى فليُقاتِلْه)، تەمبێ کردن ئەگەر سوودی تێدا بوو واجبە، هەتا بە پێش نویژی کەسانی تریشدا نەروات) فتح ذی الجلال والاکرام (٢/٤٥٠-٤٥١).
پوختەی وەڵامی زانایان:
(١)هەموو زانایان یەک دەنگن باشتر وایە ڕێگری لەو کەسە بکەیت کە دەیەوێت بە پێش نوێژدا بڕوات، بەڵکو جیاوازی لەوەدایە واجبە ڕێگری بکەیت یان نە.
(٢)واجبە لایبدەیت و پاڵی پێوە بنێی ئەگەر ئەوەی تێپەڕ دەبێت لەوانە بێت کە نوێژ بەتال دەکات و نوێژەکەش نوێژی واجب بێت، چونکە ناکرێت نوێژی واجب بەتال بکەی کەچی تۆ توانات هەیە ڕێگری بکەی و پاڵی پێوە بنێیت بۆ ئەوەی نوێژت بەتال نەبێت.
(٣) ئەگەر نوێژەکە سونەت بوو دوو ئیحتیمالی هەیە لەوانەیە واجب بێت و لەونەیە سونەت بێت.
————————————
Www.ferdaws.net