سەردێری پرسیار:حوکمی جنێودان بە زانایان؟

بەرواری دانان :2019-11-16 کۆدی پرسیار:1606

پرسیار:

پرسیار: حوکمی جنێودان بە زانایان؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: باس کردنی بانگخواز و زانایان بە خراپە و گاڵتە پێ کردنیان کەمترین شت ئەوەیە بلێین یەکێکە لە تاوانە گەورەکان ، وە حالەت هەیە گالتە پێ کردنیان دەگاتە کوفر پەنا بەخوا.

حالەتی کوفر: هەر کەسێک گالتە بە زانایان بکات و بە خراپی باسیان بکات لەبەر ئەوەی ئیمانی هێناوە و بانگەوازی بۆ حەق و دین دەکات، ئەوە تووشی کوفر بووە، چونکە گاڵتە پێ کردن و بە خراپە باس کردنیان بۆ دین دەگەڕێتەوە، گالتە بە دین دەکات نەک بە خودی کەسەکە، هەروەک چۆن ئەگەر کەسێک ئیماندارێک بکوژێت لەبەر ئەوەی ئیمانی هێناوە بەم کوشتنە تووشی کوفر بووە ، ئایەتی ۹۳ لە سورەت النساء دەفەرمووێت: (و من یقتل مؤمنا متعمدا فجزاؤه جهنم خالدا فیها وغضب الله علیه و لعنه و ٲعد له عذابا عظیما)، واتە: هەر کەسێک بروادارێک بکوژێت بە ئەنقەست پاداشتەکەی دۆزەخە و بە هەتا هەتای تێدا دەمێنێتەوە نەمر دەبێت، واتە: نامرێت لەناو دۆزەح، غەزەب و تۆڕەی خوای لەسەرە و نەفرەتیشی لێکراوە، سزایێکی گەورە و قورسیشی بۆ ئامادە کراوە.

زانایان دەلێن هیچ موسلمانێک بە کوشتن کافر نابێت ئیلا لە دوو حالەت نەبێت ، ئەم ئایەتەیسورەت النساء مەبەسی ئەم دوو حالەتەیە :

حالەتی یەکەم: کەسێک کەسێکی موسلمانی دەکوژی ، کوشتنی بەحەلال دەزانی ئەو کات حەلال کردنی هەر حەڕامێک یان حەڕام کردنی هەر حەلالێک بێ بەلگە یان بێ تٲویل کوفرە.

حالەتی دووەم: کەسێک کەسێک دەکوژی لەبەر ئیمان، چونکە ئیمانی هێناوە.

ئیمام احمد ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: گۆشتی زانایان ژەهراوییە، هەرکەسێک بۆنی بکات نەخۆش دەکەوێت، وە هەر کەسێک بیخوات دەمرێت.

ئەوانەی غەیبەتی زانایان دەکەن و گالتەی پێ دەکەن ترسی ئەوەیان هەیە کۆتاییان باش نەبێت و لەسەر خراپە بمرن ، محمد بن عبداللە الزبیدی یەکێکە لەو کەسە بەناوبانگانەی کە (التنبیە)ی شەرح کردووە لە ۲٤ بەڕگدا ، وە زۆر قوتابیشی هەبوون، جمال المصری دەلێت: لەسەرە مەرگ لەلای بووم نەیدەتوانی وشەی شایەتوومان بهێنێت، ئەوان وایان دەدیت کە هۆکاری نەتوانینی وتنی وشەی شایەتومانی ئەوە بوو کە زۆر زەمی ئیمام نەوەویی دەکرد ڕەحمەتی خوا لە هەردووکیان بێت.

پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (لا تسبوا الدیك فٳنه یوقظ للصلاة) رواە ابو داود.

واتە: جنێو بە کەلەباب مەدەن، چونکە خەلک بەئاگا دێنێت بۆ نوێژی بەیانی.

ئەی چۆن دەبێت جنێو بە زانایان بدەیت کە میراتگری پێغەمبەرانن و بانگەوازی خەلک دەکەن بۆ ڕێگای ڕاست و خەلک بەئاگا دێنن بۆ هەموو نوێژەکان و هەموو دەرگاکانی خێر و چاکە ؟!بەداخەوە ئەوانەی ئەمڕۆ جنێو بە زانای ئەهلی سونە دەدەن و کافری دەکەن، هەر ئەمانەن موسلمانانیش کافر دەکەن و خوێنیان دەڕێژن و دینیان لە پێش چاوی خەلک ڕەش کردووە و ئیشیان بۆتە باس کردنی خەلک، دەلێن گرینگترین شت بیروباوەڕە کەچی لە بیروباوەڕیش شارەزانین ، بیروباوەڕێکی پووچ و دوور لە بەزەیی و دڕندانەیان هەیە پەنا بەخوا.

——————————————

Www.ferdaws.net

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام