سەردێری پرسیار:ئایا نحنحە نوێژ بەتال دەکاتەوە؟

بەرواری دانان :2019-12-08 کۆدی پرسیار:1650

پرسیار:

پرسیار: ئایا نحنحە نوێژ بەتال دەکاتەوە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن نحنحە دروستە لەناو نوێژ بۆ ئاگادار کردنەوە، نوێژ بەتال ناکاتەوە، بەڵگە: (١)وَعَنْ عَلَيٍّ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: كَانَ لِي مِنْ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مَدْخَلانِ، فَكُنْتُ إِذَا أَتَيْتُهُ وَهُوَ يُصَلِّي تَنَحْنَحَ لِي، رَوَاهُ النَّسَائِيُّ وَابْنُ مَاجَهْ.

واتە: لە عەلی دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: لەگەڵ پێغەمبەردا صلی اللە علیە وسلم دوو کاتی تایبەتم هەبوو، کە لەو دوو کاتەدا دەچووم بۆ خزمەتی، جا کە دەچووم داوای مولەتی چوونە ژوورەوەم لێ دەکرد، ئەگەر نوێژی بکردایا بە دەنگی نزیک لە کۆکە وەڵامی دەدامەوە و دەچوومە ژوورەوە). (٢)نحنحە قسەکردن نییە، ئەوەی نەهی لێی کرابێت و نوێژ بەتال بکاتەوە قسەکردنە نەک نحنحە.

نحنحة: واتە: دەنگێکە نزیکە لە کۆکە لە بۆشای دەردەجێت، جار وایە تەنها دەنگە بێ ئەوەی پیت بڵێیت.

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سەبارەت بە نحنحە سێ وتە هەیە:

یەکەم: بە هیچ شیوەیەک نوێژ بەتال ناکاتەوە، کە ئەمە وتەی ئەبو یوسف و وتەیەکە لە وتەکانی مالک و مەزهەبی ظاهری یە.

دووەم: نوێژ بەتال دەکات بەهەر شێوەیەک بێت، کە ئەمە وتەی شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و مالک.

سێیەم: ئەگەر بە عوزر نحنحە بکات نوێژی بەتال نابێت، ئەگەر نا بەتال دەبێت، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و محمدە و زانایانی ترە، دەڵێن: کردەوەکە ئەگەر بۆ خۆش کردنی دەنگ و مەسلەحەتی بێت بەتال نابێت، چونکە پێویستی داوا دەکات، لەوانە کە بەتال دەبێت ئەوەیە دوو پیت دەربچن، لە جنسی زیکر نییە وەک قهقەهە وایە.

وتەی راست وتەی یەکەمە، چونکە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم قسەکردنی حەڕامکردووە لەناو نوێژدا، دەفەرمووێت: "إنە لا یصلح فیها شي من کلام الآدمیین"، نحنحە داخلی وقسەکردن نابێت، بە بکەرەکەی ناڵێن قسەکەر) مجموع الفتاوي (٢٢/٦١٦-٦١٧).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە نحنحە دروستە لەناو نوێژ بۆ ئاگادار کردنەوە، جا چ دوو پیت بەدیار بکەون یان نە، چونکە فەرموودەکە مطلەقە، مقیدی نەکردووە بە پیتێک و دوو پیت، چونکە ئەمە قسە نییە و بە قسە حساب ناکرێت، بەڵکو ئەمە ئیشارەتە، ئەگەر نحنحە بکات بێ ئەوەی پێویست بکات ئەوە مەکروهە، چونکە جوولەی گەروویە، نوێژ پێی بەتال نابێت، چونکە قسە نییە ئیلا ئەگەر ویستی گاڵتەکردنی هەبێت ئەوکات نویژی بەتال دەبێت، نەک لەبەر نحنحە بەڵکو لەبەر گاڵتەکردن) فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٣٩٣).

عبداللە بن عبدالرحمان آل بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (نحنحە لەناو نوێژ نوێژ بەتال ناکاتەوە، ئەگەر چی دوو پیتیش دەربچن چونکە لە جنسی قسەکردن نییە) توضیح الأحکام (٢/٣٦). کەواتە نحنحە سێ حالەتە:

حالەتی یەکەم: نحنحە دەکات بۆ ئەوەی دەنگ ساف ببێت، یان شتێک لە قورگە دایە، یان بۆ ئیشارەت دان بە کەسێک یان مەسلەحەت، ئەمەیان دروستە و نوێژ بەتال نابێت ئەگەر چی دوو پیتیش دەربچن.

حالەتی دووەم: نحنحە دەکات بێ ئەوەی پێویست بکات، ئەمەیان مەکروهە.

حالەتی سێیەم: نحنحە دەکات ویستی گاڵتەکردنی هەیە، لەم حالەتە نوێژی بەتالە لەبەر گاڵتە کردن نەک لەبەر نحنحە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام