پرسیار: حوکمی تێپەڕ بوون بە پێش نوێژدا لە مزگەوتی حەرام؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە تێپەر بوون بە پێش نوێژدا لە مزگەوتی حەڕام، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون تێپەڕبوون بە بەردەم نوێژ خوێندا لە مزگەوتی حەڕام حەڕام نییە، بەڵگە:
(١)پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نوێژی کردووە ئەوانەی تەوافیان دەکرد لەنێوان سوترەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم و قیبلەی بوون و هاتۆ چۆیان دەکرد.
(٢)لەبەر زۆری قەلەبالغی ناتوانی کۆنتڕۆلی بکەیت.
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هیچی تێدا نییە نوێژ بکەیت لە مەککە بێ سوترە، ئەمە نقل کراوە لە ابن الزبیر و عطاء و مجاهد، ئەثرەم دەڵێت: پیاو نوێژ دەکات لە مەککە سوترەی دانەناوە؟ دەفەرمووێت: نقل کراوە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نوێژی کردووە ئەوانەی تەوافیان دەکرد لەنێوان سوترەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم و قیبلەی بوون، ئەحمەد دەفەرمووێت: چونکە مەککە وەک شوێنەکانی تر نییە، مەککە تایبەت کراوە.
ابن أبي عمار دەڵێت: ابن الزبيرم بینی نوێژی دەکرد، خەڵک بە بەردەم نوێژیدا تێپەر دەبوون، چاوەڕێی دەکرد هەتا دەڕۆیشتن، پاشان نێو چاوانی لە شوێنی قاچەکانیان دادەنا، رواە حنبل في کتاب "المناسك".) المغني (٢/٤٠).
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی لە مزگەوتی حەڕام ڕوودەدات چاوپۆشی لێیکراوە لای زانایان، چونکە مزگەوتی حەرام مرۆڤ ناتوانێت خۆی لێ بپارێزێت لە کاتی قەلەباغی بە تایبەتی لە ڕۆژەکانی حەج دا، کەواتە مزگەوتی حەڕام تایبەت کراوە لەم عمومە، کەواتە ئەوەی روودەدات لە مزگەوتی حەڕام ئافرەتان بە بەردەم نوێژی پیاواندا دەڕۆن زیانیان پێ ناگەیەنێت و نوێژیان دروستە، نوێژی واجب و سونەت، ئەمە وتەی پشت پێ بەستراوە لای ئەهلی عیلم) "فتاوى الشيخ باز" (١٧/١٥٢).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تێپەڕبوون بە بەردەم نوێژ خوێندا لە مزگەوتی حەڕامیش حەڕامە، بەڵگە:
(١)فەرموودەکان گشتین، هیچ بەڵگەی صحیح نەهاتوون مەککە یان مزگەوتی حەڕامی تایبەت کردبێت.
(٢)ابن عمر نوێژی کردووە لە مزگەوتی حەڕام، نەی هێشتووە کەس بە بەردەم نوێژیدا تێپەڕ ببێت
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ظاهری فەرموودەکە گشتییە هەتا ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە مزگەوتی حەڕامن، واتە لە مەککە و مەدینەش حەرامە، دروست نییە بە بەردەم نوێژ خوێندا بڕۆیت، ئیمام بخاری ئاماژەی بەمە کردووە ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە کتابی خۆی: "باب السترة بمکة وغیرها".
سەبارەت بەو فەرموودانەی هاتوون پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم نوێژی دەکرد ئەوانەی تەوافیان دەکرد ژن و پیاو بە بەردەمی دەڕۆیشتن، دەڵێین: ئەگەر فەرموودەکە صحیح بێت ئەوە باسی ئەوانەیە کە تەواف دەکەن، چونکە پێویست دەکات بە بەردەمیدا بڕۆن پێچەوانەی کەسانی تر، چونکە شوێنی تەواف کردن ئەوان لەپێشترن لە کەسانی تر.
بابەتەکە جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان، هەیە دەڵێت فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە مزگەوتی حەڕام بە بەردەم نوێژ خوێندا بڕۆیت، وە هەیە دەڵێن: دروستە لە هەموو مەککە بە بەردەم نوێژ خوێندا بڕۆیت، وە هەیە دەڵێت: دروستە لە هەموو حەڕەمی مەککە بە بەردەم نوێژ خوێندا بڕۆیت، بەلام هەموو ئەم وتانە لاوازن، ئەوەی راست بێت ئێمە دەمێنینەوە لەگەڵ عمومەکە هەتا بەڵگەی صحیح دێت تایبەتی دەکات، ئەمە واجبە لەسەر ئێمە لەم بابەتە، ئەگەر عمومێک هات ئێمە لەسەری دەڕۆین هەتا بەڵگەیەک دێت لەسەر تایبەت کردنی و دەری دەهێنێت لەم عمومە.) فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٤٢٥-٤٢٦).
بەڵام ئەگەر کەسێک نوێژ بکات لەسەر ڕێگای خەڵک لە مزگەوتی حەڕام، ئەوە تاوان لەسەر نوێژ خوێنەکەیە، چونکە ئەم ڕێگایە مافی خەڵکە و حەڕام نییە بە بەردەمیدا تێپەر بێت.
زانایان دەقیان هەیە دەڵێن لە کاتی قەلەبالغێکی زۆر لە مزگەوتی حەڕام نابێت پاڵ بەو کەسەوە بنێیت کە دەیەوێت بە پێشدا تێپەڕ ببێت، بەڵکو نەهییەکە باسی ئەو حالەتەیە ئەگەر هیچ ڕێگای تر نەبێت، بەلام دەبێت موسلمان تەقوای خوا بکات بە گوێرەی توانا، وە کەمتەرخەمی نەکات لە بە پێش نوێژ خوێندا ڕۆیشتن.
پوختەی وەڵامی زانایان:
(١)وتەی ڕاست تێپەڕبوون بە بەردەم نوێژ خوێندا لە مزگەوتی حەڕامیش حەڕامە.
(٢)هەر کەسێک نوێژ بکات لەسەر ڕێگای خەڵک لە مزگەوتی حەڕام، ئەوە تاوان لەسەر نوێژ خوێنەکەیە، چونکە ئەم ڕێگایە مافی خەڵکە و حەڕام نییە بە بەردەمیدا تێپەر بێت.
(٣)زانایان دەقیان هەیە دەڵێن لە کاتی قەلەبالغێکی زۆر لە مزگەوتی حەڕام نابێت پاڵ بەو کەسەوە بنێیت کە دەیەوێت بە پێشدا تێپەڕ ببێت، بەڵکو نەهییەکە باسی ئەو حالەتەیە ئەگەر هیچ ڕێگای تر نەبێت، بەلام دەبێت موسلمان تەقوای خوا بکات بە گوێرەی توانا، وە کەمتەرخەمی نەکات لە بە پێش نوێژ خوێندا ڕۆیشتن.