پرسیار // ئایا ئیمام ئەگەر دوو ڕەکاعەت تەڕاویح بکات پاشان هەستێت بۆ ڕەکاعەتی سێیەم پاشان بە بیری بێتەوە ڕەکاعەتی چوارەمیش بکات نوێژی دروستە ؟
وەلام // زانایان دەلێن هەر کەسێک هەستێتەوە بۆ ڕەکاعەتی سێیەمی نوێژی بەیانی ئەم سێ حالەتەیە :
حالەتی یەکەم / لەناو نوێژ بە بیری هاتەوە واجبە دابنیشتێت کاتێک بە بیری هاتەوە ، ئەگەر بەبیری بێتەوە دانەنیشێت و ڕەکاعەتی سێیەم تەواو بکات نوێژی بە تالە .
حالەتی دووەم / ئەگەر دوای تەواو کردنی تەحیاتی ڕەکاعەتی سێیەم بەبیری هاتەوە ئەو کات سەلامی دەداتەوە و دوای سەلام دوو سوجدەی سەهو دەبات پاشان سەلام دەداتەوە .
حالەتی سێیەم / ئەگەر لە دوای تەواو کردنی نوێژ بە بیری هاتەوە ، ئەو کات دوو سوجدەی سەهو دەبات .
وە بۆ نوێژی سەفەریش ئەگەر یەکێک هەستێت بۆ ڕەکاعەتی سێیەم دوو وتە هەیە :
یەکەم / هەندێک زانا دەلێن نوێژ کورت کردن لەسەفەر واجب نییە ، نوێژکەر بەئارەزووی خۆیەتی کورتی دەکات یان تەواوی دەکات ، ئەگەر سەهوی کرد هەستا بۆ ڕەکاتی سێیەم دەتوانێت تەواو و نوێژی بەتال نییە ، وە دەتوانێت کورتیش بکات و بگەڕێتەوە بۆ ڕەکاعەتی دووەم نوێژی دروستە.
دووەم / هەندێک زانا دەلێن نوێژی کورت کردن لەسەفەر واجبە ، ئەگەر سەهو ڕوویدا هەستا بۆ ڕەکاعەتی سێیەم واجبە بگەڕێتەوە .
وتەی ڕاست دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ڕەکاعەتی دووەم نابێت تەواوی بکات ، چونکە چوویتە ناو نوێژ و دەستی بە نوێژ کردووە نییەتی کورت کردنی نوێژی هەبووە .
ئەگەر هەستا بۆ ڕەکاعەتی سێیەم و چوارەمی تەراویح زانایان دەلێن دەبێت ئەوانەی لە دوای نوێژ دەکەن ئاگاداری بکەنەوە ، وە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ڕەکاعەتی دووەم ، تەحیات دەخوێنێت ئەگەر نەی خوێندبێت سەلاواتیش دەخوێنێت پاشان دوای سەلام دانەوە دوو سوجدەی سەهو دەبات .
بەلام ئەگەر تەحیاتی خوێندبێت پێش ئەوەی هەستێت بۆ ڕەکاعەتی سێیەم پاشان گەڕاوە ئەو کات تەنها سەلاوات دەخوێنێت پاشان دوو سوجدە دەبات دوای سەلام دانەوە .
بەلام ئەگەر ئیمام هەر بەردەوام بوو لەسەر نوێژ تەواو کردن بۆ چوار ڕەکاعەت دوای ئاگادار کردنەوە ، زانایان دەلێن نوێژی بەتالە و هەر کەسێک شوێنی بکەوێت نوێژی ئەویش بەتالە ، بەلگە :
ابن عمر دەفەرووێت : پیاوێک پرسیاری کرد ئایا شەو نوێژ چۆن دەکرێت ؟ پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( شەو نوێژ دوو ڕەکاعەت دوو ڕەکاعەتە ، ئەگەر یەکێک لە ئێوە ترسا بەرەبەیان بەسەری دا بێت با یەک ڕەکاعەت بکات . )) رواە البخاری
پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( هەر کەسێک هەر کارێک بکات فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت ڕەت دەکرێتەوە )) رواە مسلم
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ