پرسیار // ئایا سوجدەی سەهو (هەلە کردن ) کەی دەبردرێت پێش سەلامی یان دوای سەلام ؟
وەلام // جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا سوجدەی سەهو پێش سەلام دانەوە دەبەیت یان پاش سەلام دانەوە .
ابن ڕشد دەفەرمووێت : (( جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە شوێنی سوجدە بردن پێنج وتە هەیە :
یەکەم : شافعییەکان بۆ ئەوە چوون کە سوجدەی سەهو پێش سەلام دانەوە دەبردرێت .
دووەم : حنفیەکان بۆ ئەوە چوون کە سوجدەی سەهو پاش سەلام دانەوە دەبردرێت .
سێیەم : مالکیەکان بۆ ئەوە چوون ئەگەر کەمی کەوتە ناو نوێژ ئەوە سوجدەی سەهو پێش سەلام دانەوە دەبردرێت ، بەلام ئەگەر زیادە کەوتە ناو نوێژ ئەوە سوجدەی سەهو پاش سەلام دانەوە دەبردێت .
چوارەم : ئیمام احمد دەلێت : سوجدەی سەهو دەبەیت پێش سەلام دانەوە لەو شوێنەی کە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بردوویەتی پێش سەلام دانەوە ، وە سوجدەی سەهو دەبەیت پاش سەلام دانەوە لەو شوێنەی کە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت پاش سەلام دانەوە بردوویەتی ، بەلام بێجگە لە ئەمانە ئەوانی تر پێش سەلام دانەوە دەبەیت .
پێنجەم : ظاهریەکان دەلێن : سوجدەی سەهو نابردرێت ئیلا لەو پێنج حالەتە نەبێت کە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت سوجدەی تێدا بردووە .......
هۆکاری ئەم جیاوازییە ئەوە کە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت هەندێک جار پێش سەلام سوجدەی سەهوی بردووە وە هەندێک جار دوای سەلام .......)) بدایة المجتهد و نهایة المقتصد ج۲ اپەڕە ٤۱۹ ــــ ٤۲٥
عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام دەفەرمووێت : (( قاضی عیاض دەفەرمووێت : جیاوازی نییە لە نێوان زانایان ئەگەر سوجدەی سەهو ببەیت دوای سەلام دانەوە یان پێش سەلام دانەوە بۆ کەم بوون یان زیاد بوون ، ئەوە سوجدەی سەهوی دروستە و نوێژی بەتال نییە ، بەلکو جیاوازی لە باشترینیانە ئایا پێش سەلام باشترە یان پاش سەلامی )) توضیح الاحكام ج۲ لاپەڕە ۲٤٦
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون کە سوجدە بردن لە پێش سەلام و پاش سەلام بۆ باشترینە نەک واجب بێت ، بەلام ابن تیمییە بۆ ئەوە چووە کە واجب بێت سوجدە بردن لە پێش سەلام و پاش سەلام ، چونکە فەرموودەی ابن مسعود فەرمانی کردووە کە دوو سوجدە پاش سەلام دانەوە ببەیت ، وە فەرموودەی ابی سعید فەرمانی کردووە پێش سەلام دانەوە ببەیت .
وە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نوێژ بکەن بەو شێوەی کە منتان بینیووە )) هەروەها نقل نەکراوە لە شوێنێک کە سوجدەی پاش سەلام بێت ئەو پێش سەلام سوجدەی بردبێت هەتا بلێیت باشتر وایە یان بە کەیفی خۆتە چۆن دەبەیت ، بەلکو سوجدەی بردووە پێش سەلام لە شوێنی خۆی وە پاش سەلام لە شوێنی خۆی . )) شرح بلوغ المرام ج٤ لاپەڕە ۱٥ــ۱٦
هەروەها ابن عثیمین دەفەرمووێت : (( ئەوانەی دەلێن سونەتە یان باشتر وایە دەلێن سوجدە بردن پێش سەلام و پاش سەلام بەلگەیە کە مرۆڤ بەئارەزووی خۆیەتی پێش سەلام دەبات یان پاش سەلام ، هەروەها ئاسانترە بۆ مرۆڤ ، .......
ابن تیمییە لە وەلام دا دەلێت بەلێ دین ئاسانە بەلام سوجدە بردن پێش سەلام یان پاش سەلام هیچ گرانی تێیدا نییە ، پاشان لە وەلام دا دەلێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت هەندێک جار پێش سەلام وە هەندێک جار پاش سەلام سوجدەی سەهوی بردووە ، بەلێ وتەیان دروست دەبوو ئەگەر لە یەک هەلەکردن جارێک لە پێش سەلام سوجدەی بردبا وە جارێکی تر لە پاش سەلام سوجدەی بردبا ئەو کات وتەیان ڕاست دەبوو ، بەلام لە دوو هەلەی جیاواز سوجدەی به دوو شێوەی جیاواز بردووە .........
ئەوەی ڕاست بێت لای من وتەی ابن تیمییە کە ئەوەی جێگیر بووە سوجدەی سەهو پێش سەلام ببردرێت واجبە پێش سەلام ببردرێت ، وە ئەوەی جێگیر بووە پاش سەلام ببردرێت واجبە پاش سەلام ببردرێت .)) شرح بلوغ المرام ج٤ لاپەڕە ٥۹ ــ٦۰
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لەم بابەتە بەرفراوانی تێدایە هەردووکیان دروستە سوجدە دوای سەلام ببەی یان پێش سەلام ، بۆ هەردووکیان فەرموودە هاتوون بەلام باشتر وایە پێش سەلام ببەیت ئیلا لە دوو حالەت نەبێت :
یەکەم : ئەگەر سەلامت دابووە لە کەمی ئەو کات کاتێک تەواو دەکەی سوجدە لە دوای سەلام دەبەیت ........
دووەم : ئەگەر بە گومان بووی نەتزانی سێ ڕەکاعەتت کردووە یان چوار ........پاش سەلام سوجدەی سەهو دەبەیت ......)) مجموعە فتاوی بن باز ج۱۱ لاپەڕە ۲٦۷
پوختەی وەلام زانایان :
(۱) هەر کەسێک هەموو سوجدەکانی سەهو پێش یان پاش سەلام دانەوە ببات نوێژی دروستە و نوێژی بەتال نییە .
(۲) زۆربەی زانایان دەلێن سوجدەی سەهو بردن پێش سەلام یان پاش سەلام لە بابەتی باشترینە نەک واجب بێت ئیلا ابن تیمییە و ابن عثیمین نەبن ، هەندێک زانای تر دەلێن واجبە .
(۳) باشتر وایە سوجدەی سەهو لەو شوێنانەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت پێش سەلام و پاش سەلام بردوویەتی ئێمەش بەو شێوەیە ببەین ، بەلام ئەوانەی فەرموودە نەهاتوون بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر کەمی کەوتە ناو نوێژ پێش سەلام دەبەیت بەلام ئەگەر زیادە کەوتە ناو نوێژ ئەوە لە پاش سەلام دەبەیت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ