پرسیار: عوزر بۆ پیاوێکی کاسبکار هەیە یان نا؟ ئێستا من لە بەنزینخانەم ناتوانم جێی بێلم ئەگەر بەنزین نەشفرۆشم ئەبێ ئاگاداری بەنزینخانە بم، زیاتر مەبەستەکەم لە کڕین و فرۆشتنەکەیە ئێستا من کە ناتوام خوتبەکە بکەم گوناهبارم؟ بەس کە خوتبەکەم چوو دەتوانم کاری فرۆشتنەکە بکەم؟ کڕین و فرۆشتنەکە حەڕام نابێ لەکاتێکا خوتبەکە نەکەم؟ من هەردوو جمعە جارێ لە بەنزینخانەم واتا گەر ئەم جمعەیە لە کاربم جمعەی داهاتوو لەماڵم؟
وەڵا: زانایان دەڵێن دروستە پاسەوانی شوێنێک بکەیت و نەچێتە نوێژی جەماعەت و نوێژی هەینی ئەگەر پاسەوانییەکە پێویست بێت.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروستە پاسەوانی بکەیت ئەگەر چی نوێژی هەینیشت لێ بروات، مادەم شوێنەکە پێویستی بە پاسەوانە، لەم حالەتە واجبە لەسەر تۆ نوێژی نیوەڕۆ بکەیت دروست نییە نوێژی هەینی بکەیت).
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (پاسەوانی کردن عوزرە بۆ جومعە و جەماعەت) فتاوی نور علی الدرب (٢/٩٨٦).
سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی لەکاتی نوێژی هەینیدا ئەم سێ حالەتانەیە:
یەکەم: کڕیار و فرۆشیار لەو کەسانەن کە واجبە لەسەریان ئامادەی نوێژی هەینی ببن، لەم حالەتە حەڕامە لەسەریان کڕین و فرۆشتن بکەن.
دووەم: کڕیار و فرۆشیار لەو کەسانەن کە واجب نییە لەسەریان ئامادەی نوێژی هەینی ببن، وەک: ئافرەت یان مناڵ یان مسافر، لەم حالەتە حەڕام نییە لەسەریان کڕین و فرۆشتن بکەن.
سێیەم: کڕیار لەو کەسانەیە کە واجبە لەسەری ئامادەی نوێژی هەینی ببێت، فرۆشیار لەو کەسانەیە کە واجب نییە ئامادەی نوێژی هەینی ببێت، لەم حالەتە حەڕامە لەسەریان کڕیار و فرۆشیار.
قال ابن قدامه ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (حەڕامە کڕین و فرۆشتن بکرێت و واجبە ئامادەی نوێژ ببێت، ئەمەش تایبەتە بەو کەسانەی مخاطبن بە نوێژی هەینی، سەبارەت بە کەسانی تر ئافرەتان و مناڵەکان و مسافرەکان ئەم حوکمە بۆیان جێگیر نابێت، چونکە خوای گەورە نەهی کردووە لە کڕین و فرۆشتن و فەرمانی کردووە بۆ چوون بۆ نوێژی هەینی، ئەو کەسەی مخاطب نییە ئەم نەهی یە نایگرێتەوە، چونکە حەڕامی کڕین و فرۆشتن معلەلە بەوەی سەرقاڵ دەبێت و ئامادەی هەینی نابێت، ئەو کەسەی مخاطب نییە ئەمە بۆی نییە.
ئەگەر یەکێک لە كڕیار یان فرۆشیارەکان مخاطب بوو و ئەوی تر مخاطب نەبوو، ئەوە بۆ مخاطب حەڕامە و بۆ کەسی تر کە مخاطب نییە باش نییە، چونکە یارمەتی دانی تێدایە لەسەر تاوان.
وە لەوانەشە حەڕام بێت: "ولا تعاونوا على الإثم والعدوان") المغني(٢/٧٣).
لە الموسوعة الفقهية باسکراوە: (سەبارەت بەوەی ئەگەر هەینی واجب بێت لەسەر کەسێک و لەسەر ئەوەی تر واجب نەبێت، زۆربەی زانایان حەنەفی و شافعی بۆ ئەوە چوون هەردووکیان تاوانبار دەبن، چونکە کەسی یەکەم هەینی لەسەر واجبە و تووشی نەهی بووە، وە کەسەکەی تر هەینی لەسەری واجب نییە بەڵام یارمەتی کەسی یەکەمی داوە) الموسوعة الفقهية (٩/٢٢٨).
سەبارەت بە پاسەوان ڕاستە زانایان دەڵێن عوزری هەیە و دەتوانێت نەچێت بۆ جومعە و جەماعەت ئەگەر شوێنەکە پێوستی بە پاسەوان بێت، وە هەندێکیان دەڵێن ڕوخسەت بۆی هەیە بۆ کڕین و فرۆشتن وەک مسافر، بەڵام ئەگەر کڕین و فرۆشتن نەکات باشترە، چونکە ئەگەر کڕیار لەو کەسانە بێت کە واجب بێت لەسەری ئامادەی نوێژی هەینی ببێت، وە فرۆشیار لەو کەسانە بێت کە واجب نەبێت لەسەری ئامادەی نوێژی هەینی ببێت، لەم حالەتە حەڕامە لەسەر کڕیار و فرۆشیار کڕین و فرۆشتن بکەن، لێرە کێشە دروست دەبێت فرۆشیار دەڵێت من چۆن بزانم ئەوەی دێت بەنزینم لێ دەکڕێت مسافرە یان نە؟! وە دەڵێت شەرع لەگەڵ ئەوەش نییە پرسیار لە ھەموو کڕیارەکان بکەم تۆ مسافری یان نە، ئافرەت و مناڵ دیارە نوێژی ھەینییان لەسەر نییە، ئەگەر فرۆشیار کەسەکە بناسێت مسافر نییە و عوزری نییە، یان کەسەکە خۆی وابڵێت حەڕامە پێی بفرۆشی، ڕاستە خەڵکانێک مسافرن و لەوانەیە پێویستیان بە بەنزین بێت لە کاتی نوێژی ھەینی، بەڵام ئەگەر بەنزین نەفرۆشێت و تەنھا پاسەوانی بکات باشترە و دڵنیاترە، وە ئەگەر فرۆشتی دەتوانی بڵێی مەجالی تێدایە، واللە أعلم.