پرسیار: حوکمی مەسح کردنی شوێنی سوجدە لەناو نوێژ؟
وەڵام: عَنْ أَبِي ذَرٍّ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (إِذَا قَامَ أَحَدُكُمْ فِي الصَّلاةِ فَلا يَمْسَحِ الْحَصَى فَإِنَّ الرَّحْمَةَ تُوَاجِهُهُ) رَوَاهُ الْخَمْسَةُ بِإِسْنَادٍ صَحِيحٍ.
واتە: لە ئەبو زەڕ دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرموو: (ئەگەر یەکێک لە ئێوە هەستا بۆ نوێژ با وردە بەرد مەسح نەکات، چونکە خوای گەورە ڕووی ڕەحمەت و سۆزی خۆیتان تێ دەکا).
وَزَادَ أَحْمَدُ: (وَاحِدَةً أَوْ دَعْ).
ڕیوایەتی ئەحمەد ئەمەی زیاد کردووە: (یەکجار مەسح بکە یان وازی لێ بهێنە).
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە نابێت نوێژ خوێن شوێنی سوجدە بردن مەسح بکات لەناو نوێژدا، وە باش نییە نێو چاوانیش مەسح بکات ئەگەر خۆل و وردە بەردی پێوە نووسا ئەگەر ئەزیەتی نەدا، بەڵکو لەسەریەتی ئاگای لە نوێژ بێت و خەریکی نوێژ بێت و خشوعی هەبێت و سوجدە لەسەر زەوی ببات بێ ئەوەی مەسح بکات.
بەڵام ئەگەر شوێنەکە پێویستی بە مەسح کردن بوو، وەک ئەوەی خۆل بێت یان بەرد، ئەوە دەتوانێت یەکجار مەسح بکات، بەڵام ئەگەر پێش چوونە ناو نوێژ شوێنی سوجدە بردنەکە مەسح بکات باشترە بۆ ئەوەی سەرقالی هیچ شتێک نەبێت جگە لە نوێژ.
ئەبو جەعفەر دەفەرمووێت: (عبداللە بن عمرم بینی کاتێک دەچووە سوجدە شوێنی سوجدە بردنی مەسح دەکرد بە مەسحێکی خەفیف) الوطأ (١/١٥٧).
صنعانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ظاهری ئەم نەهی یە وادیارە بۆ حەڕامی یە) سبل السلام (٢/١٦٦).
عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون باش نییە شوێنی سوجدە مەسح بکرێت لەناو نویژدا نەک حەڕام بێت، چونکە گەورە نییە و جوولەی زۆر نییە، بەڵکو لە مەکرهاتەکانی نوێژە) توضیح الأحکام (٢/٦٥).
صالح الفوزان خوا بیپاریزێت دەفەرمووێت: (فەرموودەکە هەردوو مانا دەگرێتەوە:
(١)وردە بەرد مەسح مەکە بە نێو چاوانەوە.
(٢)شوێنی سوجدە بردن مەسح مەکە لەناو نویژدا.) تسهیل الألمام (٢/١٥١).
قاضی عیاض ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (پێشنیەکان پێیان باش نەبووە نێو چاوان مەسح بکەیت لەناو نوێژدا پێش سەلام دانەوە لەو شتانەی بە نێو چاوانەوە نووساوە) شرح صحیح مسلم (٢/٤٨٢).