سەردێری پرسیار:لە ئێران ئافرەتێك وتاری هەینی خوێند و پێش نوێژی بۆ خەڵک کرد؟ ئایا دروستە ئافرەت وتاری هەینی بدات و پێش نوێژی بۆ پیاوان بکات؟

بەرواری دانان :2020-01-11 کۆدی پرسیار:1705

پرسیار:

پرسیار: لە ئێران ئافرەتێك وتاری هەینی خوێند و پێش نوێژی بۆ خەڵک کرد؟ ئایا دروستە ئافرەت وتاری هەینی بدات و پێش نوێژی بۆ پیاوان بکات؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن دروست نییە ئافرەت پێش نوێژی بۆ پیاوان بکات، بەڵگە قورئان و سونەت و ئیجماع.

(١)خوای گەورە دەفەرمووێت: (الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنْفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ ){النساء:٣٤}.

واتە: پیاوان سه‌رپه‌رشتیارن به‌سه‌ر هاوسه‌ره‌کانیانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ڕێزو زیاده ئه‌رکێکه‌وه که خوا داویه‌تی به‌هه‌ندێک به‌سه‌ر هه‌ندێکی تردا (سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌)پیاوان له‌ماڵ و سامانیان خه‌رج ده‌که‌ن (له پێناوی ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی ئافره‌تاندا).

ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر ئافرەت پێش نوێژی بۆ پیاو و ژن و مناڵی کوڕی کرد، ئەوا نوێژی ئافرەت دروستە بەلام نوێژی مناڵی کوڕ و پیاو دروست نییە، چونکە خوای گەورە پیاوی کردووە بەڕێوەبەری ئافرەت و نابێت ئافرەت بەڕێوەبەری پیاو بێت، بە هیچ شێوەک دروست نییە ئافرەت ئیمامی پیاو بێت لە نوێژدا.) الٲم (١/١٩١).

(٢)عَنْ أَبِي بَكْرَةَ رضي الله عنه قَالَ : قال رَسُول اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (لَنْ يُفْلِحَ قَوْمٌ وَلَّوْا أَمْرَهُمْ امْرَأَةً )). رواە البخاري(٤٤٢٥).

واتە: قەومێک سەرناکەوێت ئافرەت پێشەوایان بێت. پێش نوێژی کردنیش جۆرێکە لە جۆرەکانی پێشەوایەتی . لە "الموسوعة القفقهية" باسکراوە دەڵێت: (مەرج بۆ ئیمامەتی پیاوان دەبێت ئیمام نێر بێت، ئیمامەتی ئافرەت بۆ پیاوان دروست نییە، ئەمەیان یەک دەنگی هەیە لەنێوان فوقەهاکان) "الموسوعة القفقهية" (٦/٢٠٥).

ابن حزم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو زانایان یەک دەنگن نابێت ئافرەت پێش نوێژی بۆ پیاوان بکات ئەگەر بزانن ئیمامەکە ئافرەتە، ئەگەر زانییان ئیمام ئافرەتە ئەوە نوێژیان بەتالە) "المحلی" (٢/١٦٧).

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروست نییە ئافرەت پێش نوێژی بۆ پیاو بکات، وە نوێژی پیاو دروست نییە بەدوای ئافرەتەوە لەبەر ئەوە بەڵگەی زۆر هاتوون، وە دەبێت نویژ دووبارە بکاتەوە) مجموع فتاوي ابن باز (١٢/١٣٠).

کەواتە ئەوانەی ئامادەی وتاری هەینی بوون و نوێژیان بەدوای ئافرەت کرد، نوێژ و وتاری هەینی لەسەریان لانەچووە، هەروەک ئەوە وایە ئامادەی وتاری هەینی نەبووبن و نوێژی هەینییان نەکردبێت، وە دەبێت نوێژی نیوەرۆ بکەن چوار ڕەکاعەت، چونکە کاتی نوێژی هەینی چوو ناتوانن هەینی بکەنەوە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام