پرسیار: مالێک نوێژ دەکەن و سەگێکی بچووکیان هەیە، سەگەکە لەناو مالەکەدایە، ئایا نوێژ قبولە لەناو ئەو مالە؟
وەڵام: سەرەتا زانایان دەلێن دروست نییە سەگ بەخێو بکەیت ئیلا ئەگەر پێویستی پێی ھەبێت بۆ ڕاو و پاسەوانی مەڕ و مالات و بۆ کشتوکاڵ و پاسەوانی ماڵەوە، وە نابێت سەگ لە ماڵەوە بێت، بەلگە:
(١)عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (مَنْ أَمْسَكَ كَلْبًا فَإِنَّهُ يَنْقُصُ كُلَّ يَوْمٍ مِنْ عَمَلِهِ قِيرَاطٌ إِلا كَلْبَ حَرْثٍ أَوْ مَاشِيَةٍ) رواە البخاري (٢١٤٥) .
واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (ھەر کەسێک سەگ بەخێو بکات ھەموو ڕۆژێک لە کردەوەی یەک قیراط پاداشتی کەم دەبێتەوە ئیلا سەگی کشتوکال و شوانی نەبێت.
(٢)عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه عَنْ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: (مَنْ اقْتَنَى كَلْبًا لَيْسَ بِكَلْبِ صَيْدٍ وَلا مَاشِيَةٍ وَلا أَرْضٍ فَإِنَّهُ يَنْقُصُ مِنْ أَجْرِهِ قِيرَاطَانِ كُلَّ يَوْمٍ) رواە مسلم (٢٩٧٤).
واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (ھەر کەسێک سەگ بەخێو بکات، سەگی ڕاو و شوانی و کشتوکاڵ نەبێت، ئەوا ھەموو ڕۆژێک دوو قیراط پاداشتی کەم دەبێتەوە.)
قیراط: "هەر قیراتێک بە قەد چیای ئوحودە.
سەبارەت بەم دوو فەموودەیە یەکێکیان دەلێت یەک قیراط كەم دەبێت، ئەوی تر دەلێت دوو قیراط، زانایان دوو وتەیان ھەیە بۆ ئەم دوو فەرموودەیە :
أ-ھەندێک زانا دەلێن دوو قیراط بە گوێرەی ئازار و خراپی سەگەکەیە، یەک قیراط باسی ئەو سەگە کە ئازاری کەمتر بێت.
ب-ھەندێک زانای تر دەلێن سەرەتا پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی یەک قیراط پاداشت کەم دەبێتەوە، پاشان فەرمووی دوو و سزای زیاتر کرد بۆ ئەوەی خۆمان لێ بەدوور بگرین.
(٣)عَنْ عَلِيِّ بْنِ أَبِي طَالِبٍ رضي الله عنه عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: (إِنَّ الْمَلائِكَةَ لا تَدْخُلُ بَيْتًا فِيهِ كَلْبٌ وَلا صُورَةٌ) رواە ابن ماجه (٣٦٤٠)، صححه اٍلألباني في صحيح ابن ماجه.
واتە: لە ئەبو عەلی دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (فریشتەی ڕەحمەت ناچنە مالێک سەگ و وێنەی تێدا بێت.)
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سەبارەت بە بەخێو کردنی سەگ حەڕامە و لە تاوانە گەورەکان، چونکە ئەوەی سەگ ڕادەگرێت بێجگە لەو حالەتانەی شەرع ڕێگەی داوە ئەوە ھەموو ڕۆژێک دوو قیراط پاداشتی کەم دەبێتەوە.)شرح رياض الصالحين" (٤/٢٤١).
زانایان دەڵێن سەگ ئەگەر لە ماڵەوە تەنها هاتوو چۆ بکات نابێتە ڕێگر بۆ نوێژ کردن لە ماڵەوە، چونکە تەنها بە تێپەڕ بوونی سەگ بەو شوێنە، شوێنەکە پیس ناکات.
عن ابن عمر رضي الله عنهما قال: (كُنْتُ أَبِيتُ فِي الْمَسْجِدِ فِي عَهْدِ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، وَكُنْتُ فَتًى شَابًّا عَزَبًا ، وَكَانَتْ الْكِلَابُ تَبُولُ وَتُقْبِلُ وَتُدْبِرُ فِي الْمَسْجِدِ، فَلَمْ يَكُونُوا يَرُشُّونَ شَيْئًا مِنْ ذَلِكَ).رواە البخاري (١٦٨).
فەرموودەکە بەڵگەیە تەنها هاتوو چۆ کردن لە مزگەوت نابێتە ڕێگر لە نوێژ کردن لەناو مزگەوت و مزگەوت پیس ناکات.
سەبارەت بە میزی سەگ لە مزگەوت زانایان دەڵێن میزەکە لە مزگەوت نەبووە، بەڵکو هاتوو چۆی لە مزگەوت بووە، میز کردنەکە لە دەرەوەی مزگەوت بووە، وە هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەمە پێش ئەو کاتە بوو کە حوکم بدرێت بە پیسی سەگ و واجبی پاکردنەوەی پیساییەکەی.
ابن حجر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نزیکترین وتە ئەوەیە بوترێ: ئەمە پێش ئەو حاڵە بووە کە حەڕام بکرێت، پاشان فەرمان کرا بە پاککردنەوەی مزگەوت و دەرگا بۆ مزگەوت دانرا) فتح الباري (١/٢٧٩).
سەگ میز و پیسایی و لکاوی دەمی پیسە، کەواتە سەگ ئەگەر لە ماڵەوە بێت ونوێژ بکەیت دەڵێین ئەم سێ حالەتانە:
یەکەم: ئەگەر دڵنیا بیت شوینی نوێژ کردنی پیس کردووە، لەم حالەتە نوێژی دروست نییە، چونکە پاک و خاوێنی شوێن مەرجە بۆ دروستی نوێژ.
دووەم: ئەگەر دڵنیا بیت شوینی نوێژ کردنی پیس نەکردووە، لەم حالەتە نوێژی دروستە.
سێیەم: ئەگەر گومانت بەزۆری بۆ ئەوە بچێت شوێنەکەی پیس کردووە، باشتر وایە نوێژ لەو شوێنە نەکەیت هەتا پاکی دەکەیتەوە.