پرسیار: حوکمی سووتاندنی مووی گوێ؟
وەڵام: زانایان دەڵێن مووی گوێ یەکێک لەو مووانەی کە شەرع خۆی لێ بدەنگ کردووە، کەواتە مرۆڤ بە ئارەزووی خۆیەتی بۆ لادان و ھێشتنەوەی، سەبارەت بە سووتاندن موو ھیچی تێدا نییە ئەگەر زیانی نەبێت.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر مووی دەست و قاچ زۆر بوو ھیچی تێدا نییە لابدەیت، چونکە شێوەی سروشتی نییە و تێکچووە، ئەگەر ئاسایی بێت ئەھلی عیلم دەڵێن نابێت لابدرێت چونکە گۆڕینی دروستکراوی خوایە، وە ھەندێکی تر دەڵێن: دروستە لایبدەیت چونکە شەرع باسی نەکردووە و خۆی بێ دەنگ کردووە، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: "ما سكت الله عنه فهو عفو"، کەواتە حەڕام نییە، ئەمانە دەڵێن: مووەکان دابەش دەکرێن بۆ سێ بەش:
بەشی یەکەم: ھەندێک موو ھەن دەق لەسەری ھاتووە لەسەر حەڕامی بڕینی.
بەشی دووەم: ھەندێک مووی تر ھەن دەق لەسەری ھاتووە لەسەر ئەوە دەبێت ببڕدرێت و لابدرێت.
بەشی سێیەم: ھەندێک مووی تر ھەن شەرع خۆی لێ بێ دەنگ کردووە.
ئەوەی شەرع بە دەق باسیکردووە لەسەر حەڕامی بڕینی موو وەک: تاشینی ڕیش و دەرھێنانی مووی برۆ بۆ ژن و پیاو.
ئەوەی شەرع بە دەق باسیکردووە دەبێت لابدرێن و ببڕدرێن وەک: مووی بن ھەنگڵ و مووی خوارەوە و مووی سمێلی پیاوان.
ئەوەی شەرع خۆی لێ بێ دەنگ کردووە ئەوە چاوپۆشی لێکراوە، چونکە ئەگەر خوای گەورە نەویستبا ئەم مووانە بمێننەوە ئەوە فەرمانی دەکرد بە لادانی، وە ئەگەر ویستبا بمێننەوە ئەوە فەرمانی دەکرد بە ھێشتنەوەی ئەم مووانە، شەرع خۆی بێ دەنگ کردووە، بەڵگەیە بۆ ویستی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بە ئارەزووی خۆیەتی ئەگەر ویستی لایدەدات و ئەگەر ویستی دەیھێلێتەوە.) "مجموع فتاوى ابن عثيمين" (١٣٤/١١).