پرسیار: حوکمی بیع المعاطاة چییە؟
وەڵام: کڕین و فرۆشتن تەواو دەبێت بە ڕازی بوون و قبول کردن، فرۆشیار دەڵێت: فرۆشتم بە تۆ، کڕیاریش دەڵێت: ڕازی بوو و قبولم کرد، یان کڕیم لە تۆ، بەڵام شێوەی بیع المعاطاة: کڕین و فرۆشتن دەکەن بێ ئەوەی ئەم قسانە بکرێت لەنێوان کڕیار و فرۆشیار، نموونە: کەسێک دەچێتە لای دوکاندارێک شتێک دەکڕێت بێ ئەوەی پێی بڵێت لە تۆم کڕی، وە بێ ئەوەی خاوەنی دوکانیش بڵێت فرۆشتم بە تۆ، وە پارە دەدات بە خاوەنی دوکان و کڕین و فرۆشتنەکە بەم شێویە تەواو دەبێت.
جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بەم کڕین و فرۆشتنە، سێ وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون ئەم کڕین و فرۆشتنە دروستە، کە ئەمە وتەی حەنەفی و شافعی و حەنابلە و ابن تیمییەیە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوەی چوون ئەم کڕین و فرۆشتنە دروست نییە، کە ئەمە وتەی هەندێک حەنەفی و شافعی یە.
سێیەم: هەندێک زانای تر بۆئەوە چوون ئەگەر شتەکە شتێکی کەم بوو یان بە نرخ نەبوو دروستە، بەڵام ئەگەر شتەکە بەنرخ بوو یان گران و بوو دروست نییە.
وتەی ڕاست شت ئەگەر نرخی کەم بوو یان نرخی دیار بوو، یان نرخەکەی جێگیرە و ناگۆڕدرێت، یان نرخی کەل و پەلەکە لەسەر نووسراوە، لەم حالەتە بیع المعاطاة دروستە و پێویست ناکات ئەم قسانە بکرێت، بەڵام ئەگەر نرخی گران بوو لەم حالەتەش جمهور بۆ ئەوە چووە ڕازی بوونی کڕین و فرۆشتن بە کردەوەش هەیە مەرج نییە ئیلا کریار بڵێت کڕیم لە تۆ، وە فرۆشیاریش بڵێت فرۆشتم بە تۆ.