پرسیار: ئایا غەیبەت دەست نوێژ دەشکێنێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن جنێودان و غەیبەت کردن لە ھەڵوەشێنەرەکانی دەست نوێژ نییە، بەڵام سونەتە ئەوە کەسەی تاوان دەکات دەست نوێژ بگرێتەوە، چونکە دەست نوێژ دەبێتە کەفارەتی تاوان.
ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی ڕاست بێت سونەتە دەست نوێژ بگریتەوە دوای قسەی خراپ، وەک: غەیبەت و نەمیمە و درۆ و خەڵک تۆمەتبارکردن بە زینا و شایەتی دان بە درۆ و قسەی ناشرین و شتی تری وەک ئەمانە، مەبەست لەم دەست نوێژە بۆ ئەوەیە تا ببێتە کەفارەتی تاوان ھەروەک فەرموودە ھاتووە، واجب نییە دەست نوێژ بگریتەوە) "المجموع" (2/72).
ابن منذر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوە واجب نییە دەست نوێژ بگریتەوە لە وتەی ناشرین، وەک: غەیبەت و خەڵک تۆمەتبار کردن بە زینا و شایەتی دان بە درۆ و شتی تر.) الإجماع.
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سونەتە دەست نوێژ بگریتەوە دوای تاوان) "الاختيارات" لاپەڕە ١٥.