پرسیار: کەسێک دڵنیایە کە بێ دەست نوێژ بوو دوای نوێژی نیوەڕۆ، بەڵام بە گومانە ئایا دەست نوێژی گرتووە بۆ عصر یان نە، لەم حالەتە چی بکات دروستە نوێژ بکات؟
وەڵام: هەموو زانایان یەک دەنگن هەر کەسێک دەست نوێژی نەبێت، پاشان گومانی بۆ دروست بوو ئایا دەست نوێژی گرتۆتەوە دوای ئەم بێ دەست نوێژی یە یان نە، لەم حالەتە بێ دەست نوێژە و نابێت نوێژ بکات.
ابن حزم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو زانایان یەک دەنگن هەر کەسێک دڵنیا بێت بێ دەست نوێژە، پاشان گومانی بۆ دروست بوو لە دەست نوێژ، یان دڵنیا بوو دەست نوێژی نەگرتووە، ئەوە واجبە لەسەری دەست نوێژ بگرێتەوە) مراتب الإجماع لاپەڕە ٢٢.
ابن عبدالبر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو زانایان یەک دەنگن هەر کەسێک دڵنیا بێت بێ دەست نوێژە، پاشان گومانی بۆ دروست بوو لە دەست نوێژ، ئەوە گومانەکەی هیچ سوودی نییە، وە واجبە دەست نوێژ بگرێت) الإستذکار (١/٥١٥).
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر دڵنیا بێت لە بێ دەست نوێژی و گومانی بۆ دروست بوو لە دەست نوێژ، ئەوە لەسەریەتی دەست نوێژ بگرێت بە یەک دەنگی هەموو زانایان) شرح صحیح مسلم (٤/٥٠).
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر دڵنیا بێت لە بێ دەست نوێژی و گومانی بۆ دروست بوو لە دەست نوێژ، ئەوە بێ دەست نوێژە، گومانەکە ڕەت دەکەینەوە و لەسەر یەقین بنیات دەنێین، نەمان زانیووە جیاوازی هەبێت لەنێوان زانایان) الشرح الکبیر (١/١٩٤).