سەردێری پرسیار:ئایا عەقدی زەواج دروستە ئەگەر کەسێک ئافرەتێک مارە بکات بە نییەتی تەلاقدا؟

بەرواری دانان :2020-01-29 کۆدی پرسیار:1750

پرسیار:

پرسیار: ئایا عەقدی زەواج دروستە ئەگەر کەسێک ئافرەتێک مارە بکات بە نییەتی تەلاقدا؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون زەواج بە نییەتی تەلاق عەقدەکەی دروستە، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و ابن قدامەیە.

ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر ئافرەتێک مارە بکات بێ مەرج ئیلا ئەوە نەبێت نییەتی تەلاق دانی ھەیە دوای مانگێک، یان ئەگەر کارەکانی تەواو بوو لەم شارە، نیکاحەکە دروستە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان ئیلا ئەوزاعی نەبێت دەڵێت نیکاحی موتعەیە، وتەی ڕاست ھیچی تێدا نییە، وە نییەتەکەی زیانی پێ ناگەیەنێت) المغنی (١٧٩/٧).

ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: ( قاضی دەفەرمووێت: ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوە کەسێک ئافرەت مارە بکات بە نییەتی تەلاق، نییەتی وایە لەگەڵی بێت بۆ ماوەی مانگێک، ئەوە نیکاحەکە دروستە و حەڵاڵە، وە نیکاحی موتعە نییە، بەڵکو ئەوکاتە بە نیکاحی موتعە حساب دەکرێت بەو مەرجانەی باسمان کرد، بەڵام ئیمام مالک دەفەرمووێت: ئەمە ڕەوشتی خەڵک نییە، ئەوزاعی دەفەرمووێت: ئەمە نیکاحی موتعەیە و خێری تێدا نییە، واللە أعلم) شرح النووي على مسلم (١٨٢/٩).

زانایان دەلێن ئافرەت مارە کردن بە نییەتی تەلاق ئەم دوو حالەتەیە:

حالەتی یەکەم: ئافرەتێک مارە دەکات لە عەقدی زەواج مەرج دادەنێت بۆ ماوەی مانگێک یان ساڵێك یان ھەتا خوێندن تەواو دەکەم، ئەمەیان حەڕامە و عەقدەی زەواچ پووچە.

حالەتی دووەم: ئافرەتێک مارە دەکات بە نییەتی تەلاق بێ ئەوەی لە عەقدی زەواج باس بکات، ئەمەیان جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان:

یەکەم: ھەندێک زانا دەلێن حەڕامە و عەقدەکە پووچە.

دووەم: ھەندێک زانای تر دەلێن حەڕامە بەلام عەقدەی دروستە.

سێیەم: ھەندێک زانای تر دەلێن دروستە و عەقدەکەشی دروستە.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم ژن مارە کردنە بە نییەتی تەلاق لەم دوو حالەتە زیاتر نییە:

یەکەم: یان مەرج دادەنێت لە عەقد بۆ ماوەی مانگێک یان ساڵێك یان ھەتا خوێندن تەواو دەکات، ئەمە نیکاحی موتعەیە و حەڕامە.

دووەم: یان نییەتی ھەیە بێ ئەوە مەرج دابنێت، ئەوەی بەناوبانگ بێت لە مەزھەبی ئەحمەد حەڕامە و عەقدەکەی پووچە، چونکە دەلێن ئەوەی نییەتی ھەیە وەک ئەوە وایە مەرجی دانابێت، لەبەر وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: "إِنَّمَا الْأَعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ، وَإِنَّمَا لِكُلِّ امْرِئٍ مَا نَوَى"، چونکە پیاو ئەگەر ئافرەتێک مارە بکات و تەلاقی بدات سێ جار بۆ ئەوەی بۆ کەسێکی تر حەلال بێت ئەوە نیکاح پووچە، ئەگەر چی بێ مەرج دانانیش بێت عەقد پووچە، چونکە نییەت وەک مەرج دانانە ئەگەر نییەتی حەلال بوونی ھەبێت بۆ کەسێکی تر، ھەروەھا نییەتی موتعەش عەقد پووچ دەکات، ئەمە وتەی حنابلەیە.

وتەی دووەمی زانایان لەم بابەتە دروستە ئافرەتێک مارە بکەیت بە نییەتی تەلاق بۆ ئەوانەی غەریبن لە ولاتی خۆیان جیا بوونەتەوە و بۆ خوێندن و شتی تر، دەلێن ئەمەیان مەرجی دانەناوە و جیاوازی ھەیە لەنێوان ئەمە و نیکاحی موتعە، چونکە نیکاحی موتعە ئەگەر کات تەواو بوو جیابوونەوە دێتەدی جا پیاو بییەوێت یان ڕازی نەبێت، بەم نیکاح بە مەبەستی تەلاق پێچەوانەی ئەمە دەکرێت لەلای بمێنێتەوە حەز بکات لای خۆی بھێلێتەوە، ئەمە یەکێکە لە دوو وتەکانی ابن تیمییە.

لای من ئەمەیان عەقدی دروستە و نیکاحی موتعە نییە، بەلام حەڕامە لەبەر ئەوەی غەش کردنە لە ئافرەت و خزمەکانی ئافرەت، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت حەڕامی کردووە غەش و فێل کردن، ئافرەت ئەگەر بزانێت پیاو مارەی دەکات بۆ ماوەیەک و نییەتی تەلاقی ھەیە ئەوە شووی پێ ناکات و وە وەلی ئافرەتیش ئەم ئافرەتەی پێ نادات، ھەروەک چۆن مرۆڤ ڕازی نابێت کچی خۆی بدات بە کەسێک نییەتی تەلاقی ھەبێت کاتی پێویستی پێی نەما، چۆن دەبێت بۆ نەفسی خۆت ڕازی بی مامەلە لەگەڵ کچی خەلک بکەیت بەم شێوەیە بەلام ئەگەر کچی خۆت بێت ڕازی نابیت بدەیت بە کەسێک بەم شێوەیە، ئەمە پێچەوانەی ئیمانە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: "لَا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّى يُحِبَّ لِأَخِيهِ مَا يُحِبُّ لِنَفْسِهِ"، چونکە گوێم لە ھەندێک خەلک بووە ئەم وتەیەیان کردووە بە ڕێ خۆشکەر بۆ خۆیان کە ھیچ زانایەک ئەمەی نەوتووە دەچن بۆ ولاتێکی تر تەنھا بۆ زەواج، دەچن بۆ ئەم ولاتانە بۆ ئەوەی ئافرەت مارە بکات و لەوێ دەمێنێتەوە بۆ ماوەیەک و نییەتی زەواجی کاتی ھەیە پاشان دەگەڕێتەوە، ئەمەیان حەڕامە و قەدەغەکراوێکی گەورەیە لەم بابەتە ، داخستنی دەرگا لەپێش ترە لە غەش و فێل کردن، چونکە دەرگا دەبێتەوە بەم شێوەیە، چونکە خەلک نەزانن زۆربەی خەلکی ھەواو ئارەزووی ڕێگری لێ ناکات کە تووشی حەڕام نەبێت) فتاوى المرأة المسلمة" (2/757، 758) .

وتەی ڕاست زەواج بە نییەتی تەلاق حەڕامە، وە جیاوازی ھەیە ئایا عەقدەکەی پووچە یان نە، وە خەلکانێک تەنھا بۆ زەواج دەچن بۆ ولاتانی تر بە مەبەستی تەلاق دان کە گەڕانەوە ، زانایان دەلێن ئەمە زینایە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام