سەردێری پرسیار:حوکمی نوێژ بڕین ئەگەر کەسێک بەربووەوە یان لە ھۆش خۆ چوو؟

بەرواری دانان :2020-02-02 کۆدی پرسیار:1760

پرسیار:

پرسیار: جائیز نییە و نوێژت بەتاڵە کاتێک یەکێک دەکەوێت و نوێژ نەبڕی! چ نەبێ دەبێت دووان نوێژەکە ببڕن وبیبەن بۆ نەخۆشخانە گەر حاڵەتێکی واتان دیت؟ ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە خزمەت بەدین وموسڵمان ناکات ئەگەر بێتو کابرایەک لەناو نوێژ بکەوێت و مەجالی بردنە نەخۆشخانەی هەبێت ونەیبەن تا دەمرێت، ئیتر ڕۆیشتنی ئەم ڕۆحە لەسەر هەموومان حیسابه! یەعنی تاقانەی پێنج خوشکی بێ دایک وباب زمانی هەڵگەڕێتەوە و تۆش ئیهمالی بکەیت بەهۆی نوێژەوە کەچی تەنها چەناگە بەرزکردنەوەی کەسەکە لەخنکان قورتار دەکات، تۆش بەهۆی دوو ڕکات نوێژەوە کەدیار نیە قبوڵە یان نا بەهۆی خراپەکاریەکانمان، لێبگەڕێین کەسێک بمرێ؟! خوا لێمان قبوڵ ناکات! چونکە نوێژ دووبارە دەکرێتەوە و لەنوێژەکە خێری زیاترت دەگات ئەگەر نەفسێک لەمردن بگەڕێنیەوە وەک ئەوە وایە هەموو زیندەوەری گەردوونت لەمردن گەڕاندبێتەوە.پاشان کە یەکێک لەپێشت لەدواوەت لەتەنیشتت بکەوێت تۆ ئاگات لەنوێژەکە نامێنێت! فکرت دەڕوات بەلای کەسەکە وئیتر بەس جوڵەت بۆ ئەمێنێتەوە لەناو نوێژەکە، نزیکی کەسەکە بن بیبەینە نەخۆشخانە و چ نەبێ با گوێبیستی وەسیەت و وتە و داواکاریەکانی بین پێش ئەوەی بمرێ بزانین چ دەڵێ خۆ ئەگەر دەسەڵاتی عەبدی تێدانما ئەوکات هەزارجار ( لاٳلە ٳلااللە) مردن؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: سەرتا زانایان دەڵێن بڕینی نوێژ دوو حالەتە:

حالەتی یەکەم: ئەگەر نوێژەکە واجب بوو، حەڕامە ببڕیت بێ ھۆکاری شەرعی بە یەک دەنگی ھەموو زانایان.

لە الموسوعة الفقهية الكويتية باس کراوە دەڵێت: (بڕینی عیبادەتی واجب دوای داخل بوونی بێ عوزری شەرعی، دروست نییە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان، چونکە بڕینی بێ ھۆکاری شەرعی گاڵتە کردنە و نەفی حورمەتی عیبادەت دەکات، بەڵگە ھاتووە نەھی کراوە عیبادەت پووچ بکەیت، خوای گەورە دەفەرمووێت: "وَلَا تُبْطِلُوا أَعْمَالَكُمْ"

سەبارەت بە بڕینی بەھۆی ھۆکارێکی شەرعی دروستە، نوێژ دەبڕدرێت لەبەر کوشتنی مار و شتی تر، وە لەبەر فەرمان کردن بە کوشتنی، .....) الموسوعة الفقهية الكويتية (٣٤/٥١).

حالەتی دووەم: ئەگەر نوێژەکە سونەت بوو مەجالی تێدایە ئەگەر ببڕیت بێ ھۆکاری شەرعی.

الموسوعة الفقهية الكويتية باس کراوە دەڵێت: (سەبارەت بە بڕینی سونەت دوای چوونە ناوی جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان لەسەر حوکمەکەی:

حەنەفی و مالکی دەڵێن: نابێت ببڕیت دوای داخل بوونی بێ عوزر، وەک واجب وایە دەبێت تەواوی بکەیت چونکە عیبادەتە. شافعی و حەنابلە دەڵێن: دروستە سونەت ببڕیت بێجگە لە حەج و عومرە، لەبەر فەرموودەی: "المتنفل أمير نفسه" أخرجه الترمذي من حديث أم هانئ بلفظ: (الصائم أمير أو أمين نفسه)، بەڵام سونەت وایە تەواوی بکەیت .

سەبارەت بە حەج و عومرە دەبێت تەواوی بکەیت، ...) "الموسوعة الفقهية الكويتية" (٣٤/٥١). موسلمان دەبێت نوێژ ببڕێت ئەگەر بزانێت بە هیلاک دەچێت یان کەسێکی تر بە هیلاک دەچێت، بەڵام سەبارەت بەو وتەیە: (نوێژت بەتاڵە کاتێک یەکێک دەکەوێت و نوێژ نەبڕی)، ئەمەیان جێگای تێڕوانینە، چونکە هیچ بەڵگە نەهاتوون لەسەر بەتاڵ بوونی نوێژ. موسلمان نابێت شوێن هەواو وئارەزووی خۆی بکەویت و سۆز و عاتفە بەسەریدا زاڵ بێت، وە موسلمان دەبێت بە ڕەوشت بێت بەرامبەر گەورەترین پایەی ئیسلام دوای شایەتوومان هێنان کە نوێژە، زۆر لە ئەهلی عیلم دەلێن هەر کەسێک لە تەمبەلی نوێژ تەرک بکات کافر دەبێت، بەڵام کەس بە تەرک کردنی نەخۆش هەتا دەمرێت کافر نابێت، یان کەس بە کوشتنی خەڵک کافر نابێت، نوێژ دین و تەوحیدە بۆیە نابێت موسلمان بە شتێکی کەم سەیری بکات و بێ ڕەوشتانە باسی نوێژ بکات یان بە شتێکی کەم دابنێت، چەند هەزار فەرموودە هاتوون باسی نوێژ دەکەن، ئەمە بەڵگەیە لەسەر فەزل و گەورەیی نوێژ.

ڕاستە ڕزگار کردنی کەسێک لە مردن هەروەک ئەوە وایە هەموو خەڵکت ڕزگار کردبێت لە مردن، هەروەها ئیسلام هانی موسلمان دەدات خزمەتی برای خۆی بکات و لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵی بێت، نەک کاتێک کەسێک نەخۆش دەکەوێت کەس بەهانیەوە ناچێت بەڵام دوای مردن هەموویان کۆدەبنەوە کاتی تەعزییە، یان کەسێک تەنها پێویستی بە یەک ملیونە بۆ چارەسەری نەخۆشی کەس پێی نادات، بەڵام دوای مردن شەش یان حەوت ملیۆن لە تەعزییەی سەرف دەکەن.

ئەوەی گرینگ بێت موسلمان دەبێت شوێن هەواو و ئارەزووی خۆی نەکەوێت و سۆز و عاتفە بەسەریدا زاڵ نەبێت، نابێت موسلمان بێ زانیاری قسە بکات لەسەر دین، موسلمان دەبێت تەقوای خوا بکات و لە ڕۆژێک بترسێت حساب و کتاب لەگەڵ هەموو دروستکراوەکان دەکرێت، لە ڕۆژێک بترسێت لێپرسینەوە لەسەر هەموو وتە و کردەوەیەک دەکرێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام