پرسیار: ئایا داری وشکی ناو گۆڕستان دروستە بۆ ھێنانەوە بە مەبەستی سووتاندن؟
وەڵام: دروستە داری وشکی گۆڕستان ببڕی و بەکاربھێنی و بسووتێنی ئەگەر مولکی کەس نەبێت، ئەگەر دارەکان خۆڕسک بن بەھۆی ئاوی بارانەوە ڕووابن دروستە بیبڕی و سوودی لێ ببینیت.
بەڵام ئەگەر بزانێت فیتنە دروست دەبێت نابێت دەست پێشخەری لەم کارەدا بکات، باشتر وایە گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی فیتنە لەنێوان کەسەکە و خەڵک دروست نەبێت.
سەبارەت بەو وتانەی لەناو خەڵک دەگوترێ نابێت دار ببڕیت لەبەر حورمەتی فلانە پیاو چاک، یان ئەگەر ببڕیت پیاوچاکەکە لێت دەدات و دەتدا بە زەوی، یان لە داھاتوودا شتی خراپ بەسەرت دێت لە بەلاو ناخۆشی، یان نابێت بە ھیچ شێوەیەک بەلای گۆڕی فالانە شێخ و مشایەخ دا ڕەت ببیت نەوەک لێت بدات، ئەمانە ھەموویان شتی خوڕافین و ھیچ ئەسل و ئەساسی نییە، ئێمە دەڵێن:
(١)خاوەنی گۆڕ پیاوچاکە یان حەسابە و شەڕەنگێزە؟! بۆچی لە خەڵک دەدات لە کاتێکدا خەڵکانێک ھەژارن و پێویستیان بەم دارە وشکانە ھەیە، ئەم دارە وشکانە کەس سوودی لێ وەرنەگرێت باشترە یان خەڵک سوودی لێ وەربگرێت؟!
(٢)پیاوچاکە مردووەکە ئاگای لە زیندوو نییە و ناتوانێت ھیچ سوود و زیان بە خەڵک بگەیەنێت.