پرسیار: حوکمی چوونی مەلیک یان هەر موسلمانێکی تر بۆ سەر بانی کەعبە چییە؟
وەڵام: چوونە سەر بانی كەعبە ھیچ بەڵگە نەھاتوون لەسەر حەڕامی، بەڵکو جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە نوێژ کردن لەسەر بانی کەعبە، دوو وتە ھەیە:
یەکەم: ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نەھی کراوە لە نوێژ کردن لەسەر بانی كەعبە، بەڵگە:
(١)عَنِ ابْنِ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نَهَى أَنْ يُصَلَّى فِي سَبْعِ مَوَاطِنَ: الْمَزْبَلَةِ، وَالْمَجْزَرَةِ، وَالْمَقْبَرَةِ ، وَقَارِعَةِ الطَّرِيقِ، وَالْحَمَّامِ، وَمَعَاطِنِ الإِبِل ، وَفَوْقَ ظَهْرِ بَيْتِ اللَّهِ تَعَالَى) رَوَاهُ التِّرْمِذِيُّ وَضَعَّفَهُ.
واتە: لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لەھەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت نەھی کردووە لە نوێژ کردن لە حەوت شوێن: زبڵدان و شوێنی سەربڕینی ئاژەڵ و گۆڕستان و سەر ڕێگای خەڵک و حەمام و شوێنی مانەوەی وشتر و سەر بانی ماڵی خوا.
(٢)چونکە ڕووی لە قیبلە نابێت، بەڵکو ڕووی لە ھەندێک قیبلە دەبێت، وە ھەندێک کەعبەی دەکەوێتە پشتەوەی.
دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژ لەسەر بانی کەعبە دروستە، بەڵگە:
(١) پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت نوێژی کردووە لەناو کەعبە لە ساڵی فەتح، نوێژ کردن لەسەر بانی کەعبە ھەمان شتە.
(٢) ئەو فەرموودەی ھاتووە نەھی کردووە لاوازە.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی ڕاست بێت دروستە نوێژ لەسەر بانی کەعبە بکەیت، لەم کاتە بانی دەورە دراوە بە دیوار، ئەگەر نوێژت کرد لەسەر بانی کەعبە دیوار لە بەردەمتە، سەبارەت بە نوێژ کردن لەناو بەیت نەھی لێی نەکراوە نە لە نوێژی واجب و نە لە نوێژی سونەت) فتح ذي الجلال والإكرام (٣٢٤/٢).
وتەی ڕاست نوێژ کردن لەسەر بانی کەعبە دروستە، ئەوانەی دەڵێن دروست نییە لەبەر ئەوە وا دەڵێن چونکە ڕووی لە قیبلە نابێت، بەڵکو ڕووی لە ھەندێک قیبلە دەبێت، وە ھەندێک کەعبەی دەکەوێتە پشتەوەی.
کەسێک بەسەر کەعبە دەکەوێت دەڵێین دوو حالەتە:
یەکەم: ئەگەر مەبەستی گاڵتەکردن و بەکەم دانانی کەعبە بێت، لەم حالەتە کافر دەبێت.
دووەم: کەسێک مەبەستی گاڵتەکردن و بەکەم دانانی کەعبەی نەبێت، بۆ خۆشی دەچێت یان کارێکی ھەیە پێویست دەکات، ئەمەیان ھیچی تێدا نییە.
موسلمان دەبێت گومانی باش بە موسلمان ببات، نابێت نییەتی خەڵک بخوێنێتەوە و حوکمی لەسەر بدات، چونکە کەس نییەت و مەبەستی خەڵک نازانێت جگە لە خوا نەبێت، بەداخەوە مامۆستایەکی بەڕێز زۆر بێ ویژدانانە حوکمی لەسەرداوە و نییەتی مەلیکەکەی خوێندۆتەوە، ھەر کەسێک ڕق و کینەی بەرامبەر ھەر کەسێکی ھەبێت مەحالە بە دادپەروەرانە باسی بکات.